بەرپرسانی ئیسرائیل: دانوستانەکانی ئاگربەست شکستی نەهێناوە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە، 11ی مانگی پێنج ڕایانگەیاند کە دانوستانەکانی ئاگربەست بە ئامانجی ئازادکردنی بارمتەکان بە تەواوی شکستی نەهێناوە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن شانبەشانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامن.

ئەوان دەڵێن " ئەگەر وەڵامێک لە حەماس وەربگرین کە بتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ دانوستاندن، ئەوا گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان دەست پێدەکەنەوە."

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن هەوڵدەدات دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و گروپی حەماس " تەنانەت بە شێوەیەکی مەجازی " دەستپێبکاتەوە.

بزووتنەوەی حەماس کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتیان دەکات، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە دەکات سەبارەت بە ستراتژیی خۆی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان.

دانوستانەکانی ئاگربەست و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە تا ئێستاش لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، ڕۆژی پێنجشەممە 9 ی مانگی پێنج لە قاهیرەی پایتەختی میسر، بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆشکی سپی تێکچوونی دانوستانەکانی بە جێگیای داخ ناوبردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا پێی وایە ناکۆکییەکان دەتوانرێت چارەسەر بکرێن.

جان کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی وتی " ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی هەردوولا سەرقاڵی بەردەوامبوونی گفتوگۆکە بن، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی مەجازیش بووبێت.

سەرەڕای فشارە توندەکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە.

ڕۆژی هەینی تانکەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر ئەو ڕێگا سەرەکییەدا گرت کە بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕەفەح دابەش دەکات. بەم شێوەیە سوپای ئیسرائیل بە کردەوە دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی گەمارۆداوە و ئەمەش وایکردووە واشنتن ناردنی هەندێک هاوکاری سەربازی بۆ هاوپەیمانەکەی ڕابگرێت.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، " بە نیگەرانییەوە " لە نزیکەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دەکەن و دەشڵێت بەڵام پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەکان لە دەوری دەروازەی ڕەفەح بێت و هێرشێکی بەرفراوان نەبێت.