بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم: حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی داهاتە فیدڕاڵیەکان

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕەزامەند بووە بە ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە فیدڕاڵیەکان و بە نیشتیمانی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکی تی بی ئایەوە.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی مانگی پێنج لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێم نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە فیدڕالیەکان بە حکومەتی عێراق."

وتیشی،"هەر لە نوسراوەکەدا حکومەت ڕەزامەندی داوەتە حکومەتی عێراق بۆ بە طەوطین کردنی سەرجم مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکی تی بی ئای یەوە."

پرسی ڕادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم بە ناوەند و میکانیزمی ناردنی مووچەی مووجەخۆرانی هەرێم لەکێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتن، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ناوەندی ڕەزامەند بووە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم سور بوو لەسەر دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە و حکومەتی عێراقیش بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی داوای "طەوطین" ( بە نیشتیمانیکردن) ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە.

ڕۆژی 8ی ئەم مانگە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە، "تی بی ئای هاتووەتە ناو پرۆژەی هەژماری من"، ئەوەش وەک چارەسەرێکی ناوەندی لە نێوان هەردوو حکومەت بۆ ئەوەی چیتر بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە نەمێنێت.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەت ڕایگەیاند،" نوسراوەکەی حکومەتی هەرێم درەنگانێکی پێنج شەممە گەشتووەتە بەغداد و چاوەروان دەکرێت ئەم هەفتەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵام بداتەوە کە بە چ میکانیزمێک داهاتە فیدڕاڵیەکان ڕادەست بکرێت."

وتیشی،" لە دوای ڕەزامەندییەکەی حکومەت لەسەر طوطین و ڕادەستکردنی داهاتە فیدڕاڵیەکان، چاوەروانین لەم هەفتەیەدا حکومەتی ناوەندی مووچە بنێرێت."

ڕۆژی 2ی مانگی چواری 2024، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد.

دوو ڕۆژ دوای سەردانەکە، حکومەتی عێراق مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کرد. ئەوکات بەرپرسانی عێراق و هەرێم ڕایانگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامی دەبێت.

بەڵام لە دوای مووچەکەی مانگی سێ تا ئێستا مووچەی مانگی چوار ڕەوانە نەکراوە، ڕۆژی 6ی ئەم مانگە وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حکومەتی هەرێم هەموو مەرجەکانی عێراقی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی چوار دابینکردووە و "جێگەی سەرسوڕمانە" بۆچی حکومەتی عێراق هەتا ئەمڕۆ،6ی مانگی پێنجی 2024 مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی دابیننەکردووە."