لەشکری ئیسرائیل دەڵێت تانکەکانی خۆیان پێنج سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پێنج لە سەربازەکانی بەهۆی هێرشی تانکەکانی خۆی لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون.

سوپاکە ئاماژەی بە تەقەی تانکەکان کردووە لە ڕووداوەکەدا و ڕایگەیاندووە کە سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بەهۆی ئەم ڕووداوەشەوە ژمارەی کوژرانی سەربازانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە مانگی دەی ڕابردوو، گەیشتووەتە 273 سەرباز.

ڕۆژی پێنجشەممە سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، دانانی دەرچەیەکی کاتیی لە کەنار دەریا لە غەززە تەواو بووە، ئەمەش ڕێگەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ هێنانی هاوکاری مرۆیی بۆ ناو کەرتی غەززە.

نێوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕایگەیاندووە، بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری "پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە جوڵەیان بۆ کەنارەکە بکەن"، و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیار دەبێت لە وەرگرتنی بارەکان و هەماهەنگی دابەشکردن.

ئەو ڕێڕەوە دەریاییە لە چەندین بەش پێکهاتووە، سەرەتا یارمەتییەکان لە هەڵدەسەنگێندرێن و پشکنینی ئاسایشییان بۆ دەکرێت. پاشان بارەکان دەبرێنە دەرچەیەک کە لەلایەن ئەمەریکاوە دروستکراوە لە کەنارەکانی غەززە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو بارهەڵگرەکان و پاشان بەلەمی بچووکتر بارەکان دەبەن بۆ ئەو دەرچە نوێیەی لە کەناری غەززە دانراوە.

ئەم ڕێکخستنە بەشێکە لە هەوڵەکان زیادکردنی چوونی دەرمان و پێداویستییە گرنگەکان بۆ خەڵکی سڤیلی فەلەستینی. هەندێک لە گروپە فریاگوزاریەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێڕەوی دەریایی باشترین چارەسەر نییە و دەڵێن بەرزکردنەوەی ئاستی یارمەتییەکان لە ڕێگەی وشکانییەوە زۆر کاریگەرتر دەبێت.

یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هێرشی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دابڕێژێت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس. بەڵام ئەو سەرکردەیەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تا ئەو کاتەی چەکدارەکان شکستیان پێنەیات، ئەوە بێمانایە.

لە درزێکی نائاسایی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا، گالانت لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، دژی دامەزراندنی کۆنترۆڵی سەربازی یان مەدەنی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە بەدرێژایی دەریای ناوەڕاست کە نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار فەلەستینی تێدا نیشتەجێن.

گالانت دەڵێت "لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە بەردەوامی ئەم پرسەم لە ئەنجومەنی وەزیران وروژاندووە، و هیچ وەڵامێکم نەدراوەتەوە".

گالانت وتیشی "داوا لە سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ دەکەم بڕیارێک بدات و ڕایبگەیەنێت کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی مەدەنی بەسەر کەرتی غەززەدا جێگیر ناکات." و داوای دەستبەجێ " حکومەتێکی ئەڵتەرناتیڤی بۆ حەماس کرد."

لەو کاتەوەی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی وەڵامی دایەوە، نەتانیاهۆ چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە پلانی دوای جەنگ بۆ حوکمڕانی لە غەززە دابنێت.

ئەمەریکا کە سەرەکیترین دابینکەری چەکی ئیسرائیلە، داوای کردووە دەسەڵاتێکی فەلەستینی زیندوو بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەردوو غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بە چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی، فەلەستین شانبەشانی ئیسرائیل.

بەڵام ناتانیاهۆ و هاوپەیمانی حوکمڕانی ڕاستڕەوەکەی بە توندی دژی چارەسەرێکی لەو شێوەیەن. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، هەر گفتوگۆیەک لەسەر چۆنیەتیی حوکمڕانی غەززە لە دوای شەڕی حەوت مانگە، تەنها "قسەی پووچ"ە ئەگەر حەماس لەو خاکەدا بمێنێتەوە.

نەتانیاهۆ لە بەیاننامەکەدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوە، مەرجی یەکەم بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ قەوارەیەکی دیکە، لەناوبردنی حەماسە، و بەبێ ئەوەی بیانو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بکرێت.

گالانت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چالاکییە سەربازییەی ئێستا لە غەززەدا هەیە، پێویستی بە کردەوەی سیاسی هەیە "ئەمە لە سەرووی هەموو شتێکەوە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرائیلە."

ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەوپەڕی ڕاستڕەوی ئیسرائیل، ئەندامی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری نەتانیاهۆ، لەسەر بۆچوونەکانی هێرشی کردە سەر گالانت "وەزیری بەرگری کە لە 7ی ئۆکتۆبەردا شکستی هێنا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە شکستهێنان، پێویستە وەزیرێکی بەرگری لەم شێوەیە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ئامانجەکانی شەڕەکە بەدەستبێت".

شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بووە هۆی گرتنی نزیکەی 250 بارمتە، بەپێی وتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل.

بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززەش بەهۆی هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە زیاتر لە 35 هەزار فەلەستینی کوژراون کە بریتییە لە خەڵکی سڤیل و چەکدارانی حەماسیش، بەڵام دەڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون. ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە 14 هەزار ملیتان و نزیکەی 16 هەزار سڤیل کوژراون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئەی پی و ڕۆیتەرز وەرگیراوە