مەکتەب سیاسییەکی پارتی: لە بەغداوە ڕێگری لە ڕێککەوتنامەی شەنگال دەکرێت

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە بەغداوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگالی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکرێت، ڕێگرییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازین.

نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە لە پارێزگای نەینەوا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامدراوە و حکومەت خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام کۆمەڵێک ناوەندی بڕیار لە عێراق هەن و ڕێگری دەکەن."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2020، ڕێککەوتنانەی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا.

بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنی شەنگال لەچوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە کارگێڕی، ئاسایش، ئاوەدانکردنەوەو دروستکردنی ژێرخان و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نوێنەرایەتی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

نەوزاد هادی دەڵێت، "بەپێی ڕێککەوتنی شەنگال، دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان دەربچن و دەسەڵاتی سەربازی ناو شار ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت."

بەرپرسانی هێزە شیعەکان ڕێککەوتنامەی شەنگال ڕەتدەکەنەوەو ئاماژەبەوەدەکەن، ڕێککەوتنەکە هیچ بەهایەکی نییە و ڕێککەوتنامەیەکی مردووە، چونکە لەلایەن خەڵکی شەنگالەوە ڕەتدەکرێتەوە.

نەوزاد هادی وتی،"ڕێککەوتنامەی شەنگال لە نێوان هەرێم و عێراق و بە ڕەزامەندی یۆنامی و هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، دەبێت دەسەڵات ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و ئاوارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە."

ئەو وتیشی،"ڕێککەوتنامەکە سیاسی نییە بەقەدەر ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی شەنگالە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری هەیە لە جێبەجێکردنی."

لە ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمیکرد.

مەکتەب سیاسییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیکردەوە، دەنگی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کەمینەکردووە، لەو هەڵبژاردنەدا 141 هەزار دەنگییان هێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی عێراق 120 هەزار دەنگییان هێنابوو.

ئەو دەڵێت،" یەک بازنەیی و سیستەمی سانتلیگۆ و بەرزی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن وایکرد ئەو ژمارە کورسییە بهێنین لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا."

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکهاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 2 کورسی ئەنجومەنەکەیان بەدەستهێناوە، هەروەها ئێزدی و کریستیان و شەبەکەیش خاوەنی سێ کورسی کۆتای ئەنجومەکەن.

نەوزاد هادی وتی، "لە هەموو هەڵبژاردنێکدا ڕێژەی بەشداری لە نەینەوا لە نێوان 25 بۆ 30% بووە، بەڵام ئەمجارەکە ڕێژەی بەشداری گەیشتە 53%، ئەمە گۆڕانکاری لە ڕێژەی کورسییەکانی ئەنجومەنەکەدا دروستکرد."

هەروەها وتیشی، "ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا سەر شەقامەکان قەرەباڵغ و ناو بنکەکانی دەنگدانیش خەڵکی زۆری تێدا نەبوو، تا ئێوارە ڕێژەی بەشداری 23% بوو، بەڵام شەو کاتێک ڕێژەی بەشداری ڕاگەیەنرا گەیشتبووە 53%، وەکخۆم پێموانییە ئەو ڕێژەیە ڕاست بێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر