هاوەڵانی ئیبراهیم ڕەیسی نێو ئەو هەلیکۆپتەرەی تووشی ڕووداو بووە، کێن؟

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، ئەو کەسانەی کە لە کۆپتەرەکەدا ئامادەبوون کە نیوەڕۆی ڕۆژی یەک شەممە، 19ی مانگی پێنج تووشی ڕووداو بوو، بریتین لە ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆککۆماری ئێران، سەید محەمەد عەلی ئەلهاشم ئیمامی شاری تەورێز و نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، مالیک ڕەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ژمارەیەکی دیکە لە هاوەڵانی سەرۆککۆمار کە ناویان بڵاونەکراوەتەوە و هەروەها بەرپرسی پاسەوانانی سەرۆککۆمار و فڕۆکەوان و یاردیدەری فڕۆکەوان لەناو کۆپتەرەکەدا بوون.

دوایین هەواڵەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی سەرنشینانی کۆپتەرەکە و سەرنشینەکانی دەستنەکەوتووە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە دەوڵەت ئەم ڕووداوەی بە "نیشتنەوەی قورس" ناودێر کردووە و ڕاگەیاندووە "دۆخی قورس و نالەباری کەشوهەوا و تەمێکی زۆر هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری قورس کردووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیرنا، 20 تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام بەهۆی "دژواربوونی ناوچەکە و بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا بەتایبەت تەم و مژێکی زۆر، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاری کاتی زۆر دەگرێت."

هاوکات هەندێک بەکارهێنەری ناسراوەوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسیان ڕاگەیاندووە، بەڵام داواکاری گشتی تاران هۆشداریی داوەتە هەر کەسێک هەواڵی ناڕاست و لەو شێوەیە بڵاو بکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، "دادستانی تاران ژمارەیەک کەسی ئاگادار کردووەتەوە کە هەواڵی ناڕاست و درۆ بڵاو دەکەنەوە کە نیگەرانی گشتییان لێکەوتوەتەوە."