کاردانەوەی سعوودیە، تورکیە و عێراق بەرامبەر بە ڕووداوی سەر کۆپتەرەکەی ڕەئیسی

سعودیە ڕایگەیاند کە بە "نیگەرانییەکی زۆر"ەوە بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکانی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری هەڵگری سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە کەناڵی ئێکس ، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕووداوی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری.

ئەردۆغان نووسیوێتی "تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکات و ئامادەیە بە هاوکاری تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش بکات.

هەروەها هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند کە ئەنکەرە بە "نیگەرانییەەوە" بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکات و ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی میدیاکانی عێراق و ماڵپەری فەرمی سەرەکوەزیرانی عێراقیش، محەمەد شیاع ئەلسودانی،مانگی سووری عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپاردووە "ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدان پێشکەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بکەن بۆ هاوکاریکردن لە گەڕان بەدوای فڕۆکەکەی سەرۆککۆماری ئێراندا".

بەرپرسێکی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هەلیکۆپتەرێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتبوو، ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی بەزاندنی زەوییە شاخاوییەکاندا لە تەمێکی زۆردا کەوتە خوارەوە و ڕزگارکەرانیش لە کۆششدان بۆ گەیشتن بە شوێنی ڕووداوەکە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە ژیانی ڕەئیسی و حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران "لە مەترسیدایە دوای کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە"، کە لە سەردانێک بۆ سنووری ئازەربایجان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران ڕوویداوە.

سەرەڕای ناردنی لانیکەم 40 تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ڕێکخراوی مانگی سوور بۆ ناوچەکە، هێشتا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری نەیانتوانی کۆپتەرەکە بدۆزنەوە.

هەر لەم چوارچیوەیەدا یه کێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە ئێران داوای یارمەتی و هاوکاری کردووە لەو یەکێتییە بۆ دۆزینەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەیسی.

کۆمیساری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ئەوروپا بەرنامەی وەڵامدانەوەی خێرای خزمەتگوزاری نەخشەسازی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکی لەسەر داوای ئێران چالاک کردووە.

بەڕێوەبردنی فریاگوزاری کۆپەرنیک گەورەترین بەرنامەی چاودێری زەوییە لە جیهاندا کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە هاوکاری ئاژانسی واڵایی ئاسمانی ئەوروپا بەڕێوەدەبرێت و خزمەتگوزاری نەخشەسازی لەسەر بنەمای وێنەی مانگی دەستکرد پێشکەش دەکات.