ئیبراهیم رەئیسی کێیە و چی کردووە؟

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی "کەوتنەخوارەوەی" ئەو هەلیکۆپتەرەی کە سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێرانی هەڵگرتبوو، میدیا جیهانییەکان ئێستا سەرنجیان چووەتە سەر ئەوەی ڕەئیسی کێیە و گرنگی چییە لەسەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەمەی خوارەوە کورتەیەکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێ بیزانیت لەسەر ئیبراهیم ڕەئیسی:

ڕەئیسی ساڵی 1960 لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە شاری مەشهەد لە دایکبووە کە شوێنێکی پیرۆزە بۆ پەیڕەوکەرانی شیعە لە ئێراندا. ئەو لەتەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی لەدەست دا و دواتر هاوشێوەی باوکی بوو بە پیاوی ئایینی.

وەک خوێندکارێکی گەنج لە مەدرەسەیەکی ئایینی لە شاری قوم بەشداری ناڕەزایەتییەکانی دژی شای ڕۆژئاوای لە شۆڕشی 1979دا کرد و دواتر پێوەندییەکانی لەگەڵ پیاوانی ئایینی لە قوم وای لێکرد ببێتە کەسایەتییەکی متمانەپێکراو لە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 بەرامبەر حەسەن ڕۆحانی وەستایەوە بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ ببێت بە سەرۆککۆمار. ساڵی 2021 ڕەئیسی دووبارە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردەوە و ئەمجارە بە کۆکردنەوەی ڕێژەی 62٪ لە کۆی نزیکی 29 ملیۆن دەنگ توانی ببێتە سەرۆککۆمار.

هەڵوێستی توندڕەوی ڕەئیسی لە سیاسەتی ناوخۆدا جێی سەرنج و رەخنەی توند بووە؛ ساڵێک دوای هەڵبژاردنی، ئەو پیاوە ئایینییە فەرمانی دا بە دەسەڵاتداران بە جێبەجێکردنی توندی یاسای "حیجاب و ئاکار" و بەمەش ئازادی ژنانی لە پۆشینی جلوبەرگ سنووردارتر کرد.

سەرەنجام یاسا توندەکانی سەردەمی حکومەتی ڕەئیسی بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران بە تایبەت دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی مانگی نۆی ساڵی 2022.

ڕەئیسی یەکێکە لەو سەرکردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەردوام تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە کوشتنی هەزاران کەس بەتایبەت لەسەر پرسی دادگاییکردنی ساختەی زیندانیانی سیاسی و چەکداران بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی بەعسی عێراق و ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق لە کۆتایی شەڕی خوێناوی ئێران و عێراقدا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ڕەئیسی ئەوکات وەک داواکارێکی گشتی گەنج لە تاران لە پانێڵێکدا دانیشتبوو کە سەرپەرشتی لە سێدارەدانی سەدان زیندانی سیاسی لە پایتەختی ئێران کردووە لە ساڵی 1988، لە کاتێکدا شەڕی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق خەریک بوو کۆتایی پێبێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە بەپێی کەمترین خەمڵاندنەکان لانیکەم پێنج هەزار کەس لە پرۆسەکەدا لەسێدارەدروان یان کوژراون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن کە ڕۆڵی هەبووە لە لەسێدارەدانەکان، ڕەئیسی لە ساڵی 2021 بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر دادوەرێک، داواکاری گشتی، بەرگری لە ئاسایشی خەڵک کردبێت، پێویستە ستایش بکرێت... شانازی دەکەم کە بەرگریم لە مرۆڤ و مافەکان کردووە لە هەموو پۆستێکدا کە تا ئێستا بەدەستمەوە بووە."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 سزای ئیبراهیم ڕەئیسی دا "بەهۆی چاوەدێری ئیدارییەکەی لەسەر لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە کاتی تاوانەکەیاندا نەوجەوان بوون و ئەشکەنجە و مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە، یان سوکایەتیکردنی دیکە دژی زیندانییەکان، لەوانەش بڕینی بەشەکانی جەستەیان."

*بۆ نوسنی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ڕاپۆرتەکانی ئەسۆشەیتد پرێس، ئاژانسی رۆۆیتەرز و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وەرگیراوە.