حزبە کوردییەکانی ئێران بۆ VOA: نەمانی ڕەئیسی کاریگەری لەسەر دۆزی کورد نابێت

Iran

بەشێک لە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران پێان وایە مردنی سەرۆک کۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر دۆزی کورد و حزبەکانیان نابێت، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت کاریگەرییەکەی لە ڕووی "مەعنەویەوە دەبێت چونکە یەکێک لە ستەمکارەکان بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی کورد و دۆزەکەی" گیانی لەدەستدا.

نەوید میهراوەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێی وانییە مەرگی سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوە بۆشایی حکومڕانی لە وڵاتەکە دروستبکات.

نەوید میهراوەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "نەمانی رەئیسی زۆر کاریگەری نابێت لەسەر هەڵس وکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کورد و شۆڕشی کوردستاندا، ئێران ڕژیمێکی تۆتالیتارە."

وتیشی، "هەرچەندە ئێران چەند کادر و بەرپرسی گرنگیان لەناوچووە، بەڵام دەتوانن کەسی تر هەمان ڕۆڵ ببینن و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، "کاردانەوەکان بە بەربوونەوەی هێلیکۆپتەری هەڵگری ڕەئیسی و شاندی هاوڕێی و کوژرانیان زۆر و جۆراوجۆر بوون، بەڵام ئەوەی لە هەمووان گرینگ و جێی بایەخدانە، شادی و خۆشیدەربڕینی خەڵکی ئێران سەبارەت بەو ڕووداوە بوو."

وەک ئاماژەیەک بۆ سیاسەتی سەرۆکی گیان لەدەستداوی ئێران، حزبەکە دەشڵێت، "حەق وابوو ڕەئیسی لە مەحکەمەی خەڵکیدا دادگایی و بە سزای کردەوەکانی گەیشتبا."

دوێنێ یەکشەممە 19ی مانگی پێنجی 2024 هەریەک لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و محەمەد عەلی ئەلهاشم ئیمامی تەورێز و مالیک ڕەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و تیمێکی فڕین و بەرپرسی ئاسایش و یەکێک لە پاسەوانەکان لە میانی گەشتێکی فڕۆکەوانیدا بەرە و پارێزگای تەورێزی ئەو وڵاتە لە ئاسمانی ئەو وڵاتە دیارنەمان.

دوای نزیکەی 20 کاتژمێر لە دیار نەمانی هێلیکۆپتەرەکەیان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حکومەتی ئێران مەرگی سەرجەم سەرنیشینانیان ڕاگەیاند.

مەرگی سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکانی ئێران کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە. بەشێک لە بەرپرسانی "حزبەکانی ڕۆژهەڵات" دەڵێن مەرگی ڕەئیسی لەناو گەلی کورددا لە ئێران خەمباری دروستنەکردووە و ئاماژەدەکەن بە هەڵوێستەکانی ڕابردووی ئەو بەرپرسە لە سەرکوتکردنی کورددا.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرچەندە ڕۆڵی سەرۆککۆمار لە ئێراندا زۆر بەرچاو نییە، واتە خودی ڕەئیسی بوونەکەی کاریگەری نەبوو، بەڵام نەبوونەکەی دەکرێت کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران هەبێت. بەڵام یەکێک لە دڵرەقترین و جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەئیسی بووە، کە بەجەلادی ساڵی 1367ی هەتاوی ناسراوە. لە زیندانەکانی ئێران تاوانی زۆری بەرامبەر سیاسیەکانی کورد و ئێران کردووە، لەو ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێێن ئێران خوێنڕیژێکی لەدەستدا."

ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی 2021 بە کۆکردنەوەی ڕێژەی 62٪ لە کۆی نزیکی 29 ملیۆن دەنگ توانی ببێتە سەرۆککۆماری ئێران.

لە ماوەی بەرپرسیارێتی وەک سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، هەڵوێستەکانی بە توندڕەویی لە سیاسەتی ناوخۆدا ناسراون و ڕووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە.

ساڵێک دوای هەڵبژاردنی، ئەو پیاوە ئایینییە فەرمانی دا بە دەسەڵاتداران بە جێبەجێکردنی توندی یاسای "حیجاب و ئاکار" و بەمەش ئازادی ژنانی لە پۆشینی جلوبەرگ سنووردارتر کرد.

یاسا توندەکانی سەردەمی حکومەتی ڕەئیسی بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران بە تایبەت دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی مانگی نۆی ساڵی 2022، لە سەر ئەنجامیشدا هەزاران کەس کە کورد و پێکهاتەکانی تری ئێران ڕووبەڕووی پێشێلکاری و لێدان و لەناوبردن بوونەوە، سەرەڕای جیبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر چەندین گەنج و لاوی سیاسی کورددا.

هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەئیسیدا، حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێران کە نیشتەجێی هەرێمت کوردستانن ڕووبەڕووی هێرش و لێدانی ڕاستەوخۆ لە خاکی هەرێمدا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بوونەوە و لە ئەنجامی چەندبارە بوونەوەی هێرشەکانیشدا زیاتر لە 30 پێشمەرگەی حزبە کوردیە جیاوازەکان گیانیان لەدەستدا. وێرای ئەوەی چالاکیە سیاسی و سەربازیەکانیشیان لەژێر فشاری ئێراندا سنوردارکرا.

سیاسەتمەدارانی کورد لە ئێران دەڵێن ڕەئیسی بەر لەوەی ببێت بە سەرۆکی ئێرانیش لە کوشتنی هەزاران کەس تێوەگلاوە.

دیمەنی گواستنەوەی یەکێک لە قوربانیان لەلایەن تیمێکی فریاگوزارییەوە لە ڕۆژی 20ی پێنجی 2024 دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرێک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و چەند کەسێکی تری هاوەڵی.

نەوید میهراوەر لەمبارەوە وتی، "لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە لە بەشی داواکاری گشتی بوو، لە دەسەڵاتی دادوەریدا دەستی هەبوو، لەوەی چەندین لاوی شۆڕشگێڕی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی و سیاسی لە سێدارە دراون.کورد لەمەدا پشکی شێری بەرکەوتووە. ئیعدامیەکانی ساڵی 1988 کە یەکێکە لە قەتلوعامە دیارەکان گۆمی خوینیان دروستکرد لە زیندانەکان بە گەڵابە جەنازەیان بار دەکرد، بێجگە لەوەی لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا ڕۆلێکی خراپی گێڕا و هەزارا گەنج لە کورد و ئازادیخوازان لە سێدارە دران یان کوژران. بۆ کورد یەکێک لە جینایەتکاران یان بڕیاردەرانی مەرگی ڕۆڵەکانیان لەکۆڵبووەوە. دایکی شەهیدان مەرگی ئەو تاوانبار و بکوژانەیان بە چاوی خۆیان بینی."

ڕەئیسی یەکێکە لەو سەرکردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەردوام تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە کوشتنی هەزاران کەس بەتایبەت لەسەر پرسی دادگاییکردنی ساختەی زیندانیانی سیاسی و چەکداران بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی بەعسی عێراق و ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق لە کۆتایی شەڕی خوێناوی ئێران و عێراقدا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ڕەئیسی ئەوکات وەک داواکارێکی گشتی گەنج لە تاران لە پانێڵێکدا دانیشتبوو کە سەرپەرشتی لە سێدارەدانی سەدان زیندانی سیاسی لە پایتەختی ئێران کردووە لە ساڵی 1988، لە کاتێکدا شەڕی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق خەریک بوو کۆتایی پێبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن کە ڕۆڵی هەبووە لە لەسێدارەدانەکان، ڕەئیسی لە ساڵی 2021 بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر دادوەرێک، داواکاری گشتی، بەرگری لە ئاسایشی خەڵک کردبێت، پێویستە ستایش بکرێت... شانازی دەکەم کە بەرگریم لە مرۆڤ و مافەکان کردووە لە هەموو پۆستێکدا کە تا ئێستا بەدەستمەوە بووە."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە بەپێی کەمترین خەمڵاندنەکان لانیکەم 5 هەزار کەس لە پرۆسەکەدا لەسێدارەدروان یان کوژراون.