نازم دەباغ: گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران لایەنگران و نەیارانی توشی شڵەژان کرد

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت، کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران شڵەژانی لە نێو ئەو وڵاتە دروستکرد، چونکە ڕووداوەکە بۆ لایەنگران و نەیارانی ڕووداوێکی کوت و پڕبوو.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک پیاوێکی وەکو سەرۆککۆمار بە ڕووداوێکی وا دەڕوات، کۆمەڵگا دەشڵەژێت، چونکە لایەنگران و نەیارانیشی خۆیان بۆ ڕووداوی کتوپڕی لەو جۆرە ئامادە نەکردووە."

دەشڵێت، "لە ئێران ڕووداوێکی کو پڕ ڕوویداوە و ئەو پرسیارە دروستدەبێت ئەم ڕۆیشت کێ جێگەی دەگرێتەوە؟، بۆیە خەڵکی ئێران بە لایەنگر و نەیارانی ڕەئیسییەوە شڵەژان."

دوێنێ یەکشەممە، 19ی پێنجی 2024، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهییانی وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی تری هاوەڵیان، بەڕووداوی تێکشانی ئەو هێلیکۆپتەرەی تێیدابوون لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات گیانیان لەدەستدا.

ئیبراهیم ڕەیسی لە مانگی سێی ساڵی 2021، وەکو سەرۆککۆماری ئێران دەستبەکاربوو. پێشتریش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی ئێران و چەندین پۆستی تری باڵای لە وڵاتەکەی وەرگرتبوو.

دوای ڕاگەیاندنی گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران، هادی تەحاف نەزیف، وتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران ڕایگەیاند، "بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵای ئێران، محەمەد موخبیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، ئەرکەکانی سەرۆککۆمار ڕادەپەڕێنێت."

بەپێی مادەی 131ی دەستوری ئێران، محەمەد موخبیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، جێگەی ئیبراهیم ڕەیسی پڕدەکاتەوە، کە ناوبراو لە مانگی حەوتی ساڵی 2021ەوە جێگری سەرۆککۆمارە.

مەرگی سەرۆکی ئێران و هاوەڵانی لە بەغدای پایتەختی عێراق کاردانەوەی لێکەوتەوە.

نازم دەباغ دەڵێت، "لەمکاتەدا کە سەرۆککۆماری ئێران گیانی لەدەستداوە، ئێران لە گفتووگۆدابووە لە بارەی کێشەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە بۆ چارەسەری کێشەی ناوخۆش وا پێویست دەکات زوو مەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆماریەکلایی بکرێتەوە تا ئەم پرۆسەیە ڕانەوەستێت، بەتایبەت ئەمەریکاش لەبەردەم هەڵبژاردندایە."

ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، بەیەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی باڵی موحافیزکارانی سەر بە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دادەنرا.

نازم دەباغ وتی، "ڕەیسی سەرەتا کاتێک بوو بە سەرۆککۆمار گفتووگۆی ڕەتدەکردەوە، بەڵام بەم دواییانە ئامادەیی نیشاندەدا بۆ گفتووگۆ، گۆڕانکاری لە هەڵوێست و سیاسەتیدا ڕوویدابوو."

ئەو وتیشی، "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیبراهیم ڕەئیسی هەوڵی بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە دەدا، چونکە ئاسایشی ئێران و عێراقی بەهەرێمی کوردستانیشەوە وەکو یەک پاکێج دەبینی."

ڕۆژی 5ی پێنجی 2024، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کرد کە لەگەڵ شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا سەردانی تارانی کرد.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی، "دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، ڕەئیسی حەزیکرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم باشبکات. بڕیاریشبوو کۆتایی ئەم مانگە سەردانی عێراق بکات و پێش سەردانەکەش محەمەد شیاع سودانی بڕواتە ئێران، بۆ گفتووگۆکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسی، بازرگانی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا."

سەبارەت بەو زانیارییانەی لە بەشێک لە میدیاکانی عێراق بڵاوکرانەوە، گوایە ئامانجێکی سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ عێراق نێوەنگیری بووە لە نێوان هەرێم و بەغدا، نازم دەباغ وتی، "ئێران دەبێت نێوەنگیری بکات، چونکە خراپی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران و هەرێم، بۆیە ئێران باشبوونەوەی پەیوەندییەکانی دەوێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر