دوابەدوای کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکدا، مایک جانسۆن، سەرۆکی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەردەمی ئیبراهیمی ڕەئیسی بە سەردەمی "دڕندەیی، تیرۆر و مەترسی و زوڵم" ناودیر کرد.
بە گوتەی جانسۆن، لەماوەی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا لە "کوشتنی ژنانی دژبەری یاسا ئیسلامییەکان بگرە تا دەگاتە پشتگیریکردنی گروپە بە وەکالەتە تیرۆریستیەکان کە ئیسرائیلییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد، هەمووی لەو ماوەیەدا ڕوویداوە."
ئەم بەرپرسە باڵایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە لەپەیوەندی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی ئەمەریکا سەبارەت بەم ڕووداوە و هەروەها ئەگەری بڵاوبوونەوەی وردەکاری زیاتر لەمبارەیەوە.
مایک جانسۆن لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، ئەمەریکا "لەم ڕۆژە چارەنووسسازەدا دوعا دەکات بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەو سەرکردانەی ئێران کە هەوڵدەدەن بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیان و ڕۆژئاوا بژین، هەروەها بۆ ئەو ڕۆژەی ئاڵای ئازادی لە ئێران بەرز دەکرێتەوە."