دەرچوونی یۆنامی دەستی شیعە لە عێراق "واڵا دەکات" و کورد نیگەران دەکات

لە کاتێکدا حکومەتی زۆرینە شیعەی عێراق بە پشتگیری ڕووسیا و چین دەستی کردووە بە جوڵە سیاسییەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا، هۆشداری دەدرێت کە هەنگاوێکی وەها دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پێگەی کورد لە وڵاتەکەدا.

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لایەنە شیعەکان سودمەند دەبن لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق و لە ژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نامێنن، لەکاتێکدا کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبن.

شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنە شیعەکان دەیانەوێت کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی بێت، چونکە لە ژێر چاودێریدا نامێنن و ئازادانەتر چییان بوێت بۆ بەهێزکردنی پێگەیان ئەنجامی دەدەن."

میدیاکانی عێراق و جیهان ڕۆژی 10ی پێنجی 2024 بڵاویانکردەوە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکی بۆ سکرتێری گشی نەتەوەیەکگرتووەکان ناردووە، تێیدا داوادەکات خولی کارکردنی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، لە کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بێت.

رۆژی 16ی ئەم مانگە، ڕووسیا و چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیرییان لە داواکەی عێراق کرد بەڵام ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی پێشکەش نەکرد.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس، نێردەی ڕووسیا ڤەسیلی نەبێنزییا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا وتویەتی، "عێراقییەکان ئامادەن بەرپرسیارێتی داهاتووی سیاسی وڵاتەکەیان لە ئەستۆ بگرن..نابێت ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە ببنە بیانوو بۆ مانەوەی یونامی بۆ ماوەیەکی نادیار لەو وڵاتەدا."

سەرۆکوەزیرانی عێراق شێوازی کارکردنی یۆنامی دیاریکردووە و دەیەوێت لە هەرکارێکی سیاسی دایبڕێت و تەنها خەریکی کارەکانی لە بواری چاکسازی، ئابووری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانی کەشوهەوا و سێکتەرەکانی تری بواری گەشەپێدان بێت، تا ئەوکاتەی ئەرکەکەی لە کۆتایی 2025 کۆتایی دێت.

ئەنجومەنی یاسایش ڕۆژی 15ی هەشتی 2004 بە تێکڕای دەنگ داواکارییەکی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی سەروەری وڵات بۆ حکومەتی عێراق پەسەندکرا.

خواستی حکومەتی عێراق بۆ دابڕانی یۆنامی لەکاری سیاسی لەکاتێکدایە، کاری یۆنامی لە عێراق بە پێی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆی دیاریکراوە، ئەرکێکی سیاسییە و کاری بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتە لەسەر دۆخی عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایش.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن عێراق دوای تێکشکانی داعش توانیویەتی لە بواری سیاسی و ئاسایشدا جۆرێک سەقامگیری بەدەستهێناوە بەڵام "‌هێشتا کاری گرنگ ماون بکرێن."

رۆژی پێنجشەممە 17ی پێنجی 2024 جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر عێراق لە نیویۆرک خوێندەوە و گوتی، "ئاڵنگارییەکان لە عێراق زۆرن، بەڵام ئێمە ئێستا عێراقێک دەبینین، کە لە هەستانەوەدایە."

چاودێران دەڵێن نەمانی یۆنامی پرسەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاڵۆزتر دەکات.

شوان داودی دەڵێت، "کورد زەرەرمەند دەبێت لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی یۆنامی، چونکە هێشتا کۆمەڵێک پرسی هەڵواسراوی لەگەڵ عێراق بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. کورد پێویستی بەوەیە لایەنێک هەبێت لە ڕێگەیەوە دەنگی بگەیەنێت، ئەو لایەنەش نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لەدونیادا گوێ لێگیراوە."

داواکاری حکومەتی عێراق بۆ کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی یۆنامی و دابڕانی لە هەر کارێکی سیاسی لەکاتێکدایە، لایەنە شیعەکانی عێراق هەمیشە نیگەران بوون لە جموجۆڵەکانی جنین پلاسخارتی نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو هێزانە پلاسخارت تۆمەتبار دەکەن بە دەستوەردانی سیاسی و پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ی عێراق.

لە مانگی 11ی ساڵی 2023، چەند لایەنێکی شیعی داوای کۆتایی هێنانیان بە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کرد، بە بیانووی ئەوەی عێراق "لە هەموو بوارەکاندا گەشەیکردووە."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسایبی ئەهلی حەق، لە ڕۆژی 14ی یازدەی 2023 ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "داوامانکرد کۆتایی بە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بێت، چونکە عێراق گەشەیکردووە و پێویستی بە نێردە دیپلۆماسییەکان نەماوە."

ئەوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پێویستی مانەوەی ئەرکی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و "گرنگتربوونی" ڕۆڵە سیاسییەکەی کرد.

سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داواکاری کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق داواکاری حکومەتە نەک هێزە شیعەکان. لەگەڵ ئاراستەکردنی ڕێز و پێزانین بۆ یۆنامی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام دۆخی عێراق زۆر سەقامگیرە و پێویستی بە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە."

دەشڵێت، "ڕەنگە ناوچەی تری دونیا پێویستی بە یۆنامی هەبێت، بەڵام کێشە ناوخۆییەکانی عێراق کۆتاییان هاتووە و لێکتێگەیشتنی دەستوری لەنێوان هێزە سیاسییەکان و نوێنەرەکانیان لەپەرلەمان دروستبووە، بۆیە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاراستەیەک عێراق پێویستی بە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە."

جنین پلاسخارت، کە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ عێراق، ڕۆژی 21-5-2024 ڕاگەیێندرا کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە عێراق کراوەتە رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان.

بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بریتییە لە: ئامۆژگاریکردن، هاوکاریکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق دەیەوێت چاوی دەرەکی بەسەرییەوە نەمێنێت و خۆی بۆ خۆبەڕێوەبردن ئامادەبکات. جنین پلاسخارتیش چالاکبوو، پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی عێراقی دەکرد و ئەمەش هێزە شیعەکانی نیگەران کردبوو."

دەرچوونی عێراق لە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە خۆشکەرە بۆ عێراق تا کۆتایی بە ئەرکەکانی یۆنامی بهێنێت، بەو پێیەی دەرچوونەکە ڕێکخراو و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان ناچار دەکات بە ڕەزامەندی حکومەت لە عێراقدا کاربکەن.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت، "داواکاری کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی بەشێکە لە پرۆسەی گێڕانەوەی سەروەری وڵات، دەستەبژێری سیاسی عێراق پێیانباشە نەتەوەیەکگرتووەکان نەمێنن، یاخود وەکو کارتی فشار بەکاریبهێنن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی سیاسییان."

ڕۆژی 30ی مانگی پێنجی 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی یۆنامی تاوەکو 31ی پێنجی 2024 درێژکردەوە. ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، هاوکاری حکومەتی عێراق بکات بۆ ڕەخساندنی دیالۆگی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی عێراق.