نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێن

ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی پێنج ڕایانگەیاند کە لە 28ی مانگی پێنجدا، دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بەرەو خواستێکی درێژخایەنی فەلەستینیەکان و لەمیانەی توڕەیی نێودەوڵەتی لەسەر ژمارەی کوژراوانی مەدەنی و قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.

ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم کارە، باڵیۆزەکانی لە دبلن و ئۆسلۆ بانگهێشت کردەوە و هەڕەشەی لە ئیسپانیاش کردووە.

پێدەچێت بڕیارەکەی ئەو سێ وڵاتە، زەبروزەنگ و فشارەکان بۆ دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستین لەلایەن وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاوە دروست بکات و بتوانێت هەنگاوی زیاتر لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەڵگرێت و گۆشەگیریی ئیسرائیل قووڵتر بکاتەوە. هەروەها ڕەنگە ماڵتا و سلۆڤینیا کە هاوکات سەر بە یەکێتی ئەوروپان، ئەو ڕیگەیە بگرنەبەر.

نزیکەی 140 وڵات لە کۆی 190 وڵات کە نوێنەرایەتیان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، پێشتر دانیان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا ناوە.

سەرۆکوەزیرانی نەرویج سەبارەت بە بڕیاری وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە "لە ناو شەڕێکدا کە دەیان هەزار کوژراو و برینداری تێدایە، دەبێت تاکە بەدیلێک کە چارەسەرێکی سیاسی پێشکەش بە ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بکات، بە زیندووی بهێڵینەوە و ئەویش چارەسەری دوو دەوڵەتە، بۆ ئەوەی بە ئاشتی و سەلامەتی پێکەوە بژین."

دانپێدانانی نەرویج بە فەلەستین لە 28ی ئە مانگەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یۆناس گاهر ستۆرە ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەوروپاش لە هەمان بەرواردا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.

ئەو هەروەها گوتی دانپێدانان به دەوڵەتی فەلەستین به واتای "پشتیوانی له هێزه میانڕەوە"کانە که جێگه ی خۆیان له م ململانێیاندا له دەست داوه.

سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئاماژەی بەوەدا کە بەم کارە وڵاتەکەی پەیامێکی "بەهێز" بۆ وڵاتانی دیکە دەنێرێت کە شوێنی نەرویج و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەوروپی بکەون و دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خواستی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین ڕاگەیاندووە و دەڵێن چارەسەری دوو دەوڵەتی پێویستە بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

سەرچاوە/AP