لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا و وا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بخرێتە دەنگدانەوە. پڕۆژە یاساکە پاش حوکمە وەلائیەکەی دادگای فیدراڵی درا کە کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ڕاگرتووە، هەرچەندە ئەنجومەنی دادوەریش بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند لە ئیختساسی دادگای فیدراڵی نییە ئەو سکاڵایە ببینێت، درێژکردنەوەی وادەی کارکردنی کۆمسیۆن بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاربوو لە 10ی مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، کۆمسیۆنیش لە 7ی مانگی حەوتی ئەمساڵ وادەی کارکردنی بەسەردەچوو، بەڵام بەهۆی بڕیارە وەلائیکەی دادگای فیدراڵیەوە هەتا ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیارینەکراوە.
دەپرسین:
ئایا درێژکردنەوەی وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێ کێشە لە پەرلەمان تێپەڕدەبێت؟
لایەنە کوردییەکان و عێراقییەکان هەمووی لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەو وادەیەن؟
هیچ گەرەنتییەک هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی درێژکراوەی کۆمسیۆنی باڵادا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەبچێت؟
ئایا هەمان ئەنجومەنی کۆمسیاران و سەرۆک دەمێننەوە یاخود گۆڕانکاری لە کۆمسیۆن ڕوودەدات وەک ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەکرد؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
سەربەست ئامێدی ، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ .
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
Your browser doesn’t support HTML5
کاروان یاروەیس:
"لێکتێگەیشتنێک هەبوو پێش حوکمە وەلائیەکەی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە ئەویش وەک گەرەنتییەک بۆ ئەوەی ئەم کۆمسیۆنە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکات، ئەوەش داواکاری سەرەکی لایەنە شیعەکان بوو بەتایبەت لایەنەکانی مالکی و عامری کەجەختییان دەکردەوە لەسەر ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکات، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت ماوەی کارکردنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ ماوەیەک، پێموایە ئەو داواکارییە داواکاری زۆربەی لایەنە کوردستانیەکانیش بوو کە پێش دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق درێژبکرێتەوە، ئەوەش پێش مەرجی سیاسی لایەنەکان بوو دوور لە چاوی میدیاکان، کە لەبەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردن تەمەنی کۆمسییۆن درێژبکرێتەوە و ئەو کۆمسیۆنەی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی لایەنەکان بکات، چونکە پێشنیارێک هەبوو کە سەرۆکی هەرێم لیژنەیەک یا ئەنجومەنێک لە دادوەران پێکبهێنێت وەکو ساڵی 1992 سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، کەبەڕاستی ئەمە ئەزمونێکی باش نەبوو کۆدەنگی سیاسی لایەنەکانیشی لەسەر نەبوو."
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئێستا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاسپێّردراوە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وە حکومەتی هەرێمیش ڕاسپێردراوە بەوەی هەموو مەسرەف و خەرجییەکی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگرێتەئەستۆ."
کاروان یاروەیس دەڵێت "من گلەییەکم لەسەرۆکی هەرێم هەیە، ئەم هەموو کۆبونەوە و سەردانەی بۆ بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن، بەڕاستی دەکرا سەرەتا لە کوردستانەوە بکرایە، چونکە ئەوە پێویستی بەکۆدەنگی و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە، واتە چارەسەرەکە لە کوردستانە نەک دەرەوەی کوردستان، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کەدەکرێت لەسەر هەڵبژاردن، نابێت لەسەر حسابی پاک و بێگەردی هەڵبژاردن بێت. هەرلەسەرەتاوە دیاربوو کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ناکرێت چونکە پارتی وتی نایەمە ناو پڕۆسەکە، چونکە هەڵبژاردن لە کوردستان بێ پارتی و یەکێتی ناکرێت ئەوە واقیعە، لە عێراقیش هەروایە."
دەشڵێت "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا تا مانگی دوانزە نەکرێت ئەوا ئەم کۆمسیۆنەی ماوەی بۆ درێژکراوەتەوە فریا ناکەوێ، چونکە ماوەکەی تا 7\1\2025ە، دواتر ناتوانرێت جارێکی تر ماوەکەی بۆ درێژبکرێتەوە ئەوکات مشتومڕ لەنێوان لایەنەکان لەسەر ئەنجومەنی کۆمسیاران دروست دەبێ و دوای پێکهێنانی کۆمسیۆنی نوێش ڕەنگە یاساکەی بگۆڕێت. هەر بۆخۆی کۆمسیۆن پێویستی بە لانی کەم شەش مانگە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە مانگی 10ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، ڕەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەڕێم ئەوکاتە بکەوێتە هاوکاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆچون و ئاڕاستەیەکیش هەیە کەهەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لەوکاتەدا پێکەوە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام ئەوە بۆ هەڕێمی کوردستان مەترسییە، چونکە هەر ڕۆژێک دواخستنی هەڵبژاردن بۆ هەرێم مەترسییە، ئێمە بیرمان نەچێت لایەنە شیعەکان و سوننەکان و عێراقییەکان واتە لایەنەکانی دەرەوەی کوردی کە ئاسانکاری دەکەن هەڵبژاردن دوابکەوێت بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، دەیکەنە پیاوەتیش بەسەر سەرۆکی هەرێم و پارتیەوە، بەڵام بەڕاستی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە دەزانن تا هەڵبژاردن دوابکەوێت و بۆشایی یاسایی و دەستوری زیاتر درێژەبکێشێت هەڵوێست و پێگەی هەرێم زیاتر لاوازتر دەبێت بەرامبەر بەغداد، یەکێتیش وەک پێشتر ڕایگەیاندووە هیچ بەرپرسیارێتیەکی سیاسی و یاسایی و دیموکراسی هەڵناگرێت کە سبەی چی ڕوودەدات و چی بەسەر هەرێمدا دێت بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە."
ئەو لە کۆتاییدا دەشڵێت "هیوادارم هەڵبژاردن تا مانگی دوانزە بکرێت هەرچەندە وەک وتم ئەوە پێویستی بەڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە. بەقورسی دەزانم بەم چەند مانگە بگەنە ڕێککەوتن چونکە پێشتر بەدوو ساڵ لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن و چەند جار وادەی هەبژاردن دیاریکرا و ئێستاش بڕواناکەم و بەتەنها ماوەی کاری کۆمسیۆن درێژ دەکرێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە کۆمسیۆن و سەرۆک و ئەنجومەنەکە ناکرێت،هەمان سەرۆک و ئەندامان بەردەوام دەبن دوای درێژکردنەوەی ماوەی کاریان."
سەربەست ئامێدی:
"دەبێت پاش درێژکردنەوەی وادەی کارکردنی کۆمسیۆن هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ماوەی سێ مانگ و نیو تا چوار مانگ ئەنجامبدرێت،چونکە درێژکردنەوەکە خۆی بۆ شەش مانگە، وە هەڵبژاردنیش کاتێک دەکرێت پاش ئەوەی سکاڵا تۆمار دەکرێت کە لایەنە سیاسیەکان ئەگەر سکاڵایان هەبێ تۆماری دەکەن، دواتر کۆمسیۆن پێداچونەوە بەو سکاڵایانە دەکات و بڕیاریان لەسەر دەدات، پاشان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە پەسەند دەکرێت، کەئەمەش بەبۆچونی من بەلانی کەم مانگێک بۆ مانگ و نیوی دەوێت، بۆیە ئەوەی پێویستە بەڕێز سەرۆکی هەرێم ڕاوێژ لەگەڵ کۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەکان بکات پێش دانانی وادەیەکی نوێ بۆ هەلبژاردن، چونکە ئەگەر ئەمجارە خوانەکردە بەڕێز سەرۆکی هەرێم وادەیەکی تری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دانا بەڵام یەکێتی نیشتمانی یا لایەنێکی تری سەرەکی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت و دووبارە هەڵبژاردن ناکرێت."
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەشڵێت "بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەندێک هەنگاوی دیکە بترسن، چونکە نە دادگای فیدراڵی نە لایەنە سیاسییەکان موراعاتی هەرێمی کوردستان ناکەن، ئێستا ئەو بۆچون و ئاڕاستەیەی لەبەغداد دژی فیدراڵییەتە و بڕوای پێنەماوە بۆتە ڕای گشتی لایەنەکان لە بەغداد، دوور نییە بچن تانە لەبەردەم دادگا لەسەر بوون و بەردەوامی هەرێم بدەن ئەوکات چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی هەڕێم و حکومەت دەکەن ئەمانە هەمووی جێی پرسیارن؟چونکە ئێستا ئەوە نەماوە کە هەندێک لایەنی سیاسی لەبەغداد موڕاعاتی هەرێمی کوردستان بکەن."
سەربەست ئامێدی دەڵێت "من پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە دوێنێ دەریکرد سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی تانەکەی سەرۆکی حکومەت پێشبینیم کردبوو کە ئەو تانەیە ڕەتبکرێتەوە چونکە لەئیختساسی ئەو دادگایە نەبوو، دادگای تایبەتمەند نەبوو بۆ ەسەیرکردنی داواکە، بەڵام بەراستی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بەدابەشکردنی کورسییەکان نادادپەروەری تێدابوو بەتایبەت سەبارەت بەکریستیانەکانی دهۆک، چونکە کریستیانەکان لە دهۆک بەپلەی یەکەم دێن لە ڕووی ژمارەی زۆریەوە، دواتر هەولێر، ئینجا سلێمانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەساڵی 2014، لە دهۆک 8668 کریستیان دەنگی دابوو، لە هەولێر 4127بوو، ئەوانەی سلێمانیش تەنها 311 دەنگیان بەکریستیان دابوو، چۆن دەبێت کورسی بۆ پێکهاتەی کریستیان لە هەولێر و سلێمانی یەکسان بن و یەک بێت، بەڵام بۆ دهۆک هیچ کورسییەک بۆ کریستیانەکان دانەنراوە، ئەوەی دانراوە کورسی ئەرمەنە، بەڕاستی نادادپەروەری تێدایە بەڵام ڕێگای مامناوەندە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێویستە هەموو لایەنەکان پابەند بن بەو بڕیارە تاهەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە مانگی نۆ یان دە ئەنجامبدرێت.