ئێزدی و کاکەییەکانی هەرێمی کوردستان دەپرسن بۆ ئەوانیش کورسی کۆتای پەرلەمانیان نەبێت؟

بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، مشتومڕی جیاوازی لەلای بەشێک لە پێکهاتە ئایینیەکان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە؛ هەندێک لە چالاکوانانیان دەڵێن حزبە سیاسیەکان نوێنەرایەتی کورسی کۆتاکان دەکەن نەک پێکهاتەکان خۆیان و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە و ئەنجامدانی سەرژمێری دەنگدان بۆ کەمەنەتەوایەتیەکان و پێکهاتە ئاینیەکان دەکەن.

ڕاوێژکاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری جینوساید کە ئێزدییە بۆ دەنگی ئەمەریکا بێزاری خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "هەرچی پۆستی سیادییە بە پێکهاتەکانی دیکە دەدرێت، بەنمونە لە دەزگای دادوەری جۆرێک لە عورف هەیە نابێت ئێزیدی ببێتە دادوەر، ببێتە سەرۆکی زانکۆ."

دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق 20ی پێنجی 2024، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچارکرد لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ، پێنج کورسی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکی ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، دوو کورسى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.

کاکەییەکان بە گوتەی خۆیان ژمارەیان لەنێوان 150 هەزار بۆ 200 هەزارکەسە و بەسەر پارێزگانی عێراق و هەرێم دابەش بوون، داوای کورسی پەرلەمان و سەرژمێری ڕاستەقینە دەکەن بۆ کەمەنەتەوەیی و پێکهاتەکان.

ئاکۆ شاوەیس کانیدی کاکەییەکانە بۆ کورسی کۆتای ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە. لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە دوای ساڵی 2003وە چەندین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم هەوڵمان داوە کورسی کۆتا بۆ کاکەییەکان هەبێت، بەڵام بێ ئەنجام بووە. ئێمە پێمانوایە هەڵەبجە گونجاوترین شوێنە کە کورسی کۆتای بۆ دابنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبە سیاسیەکان نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و دامەزراوە یاساییەکان دەکەن، نەتوانراوە نوێنەری ڕاستەقینەمان هەبێت."

کۆمەڵێک کەسایەتی کاکەیی لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا لە مانگی دەی ساڵی 2022 دەردەکەون و باسی مەترسییەکانی گرووپە توندڕەوەکان بۆ سەریان دەکەن.

ئاکۆ شاوەیس وتیشی، "لەکاتی گژیەکانی هەرێمی کوردستان و ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، نوێنەری کۆتاکان لایەنگری حیزبەکانیان کردووە. ئێمە لە ساڵی 2015، چوینە ناو پەرلەمانی کوردستان داوامانکرد ، تۆمار بۆ پێکهاتەکان دروستبکرێت، تا بتوانرێت کانیدی ڕاستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان، نەک کانیدی حیزبەکان بەناوی پێکهاتەوە."

ڕۆژی 21ی دووی 2024 دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە و کورسی پێکهاتەکانی لابرد، کورسیەکان ئەوکات بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمدا دابەش کران: ھەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38، دھۆک 25 و ھەڵەبجە 3 کورسی.

بەر لەم گۆڕانکارییە لە پەرلەمانی کوردستان، 11 کورسی وەک کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە کەمینە نەتەوایەتییەکان دانرابوون.

دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لادانی 11 کورسییەکە، چەند حزبێکی سەرەکی تورکمان و کرستیانەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیان کرد و بەشێک لە سەرکردەکانیان یەکێتییان بەوە تۆمەتبار کرد گوایە دژی کەمەنەتەوەکان هەنگاودەنێت.

بەڵام یەکێتی ئەم تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات 11 کورسییەکەی پەرلەمان لە ڕابردوودا بەردەوام لە بەرژەوەندی پارتی بەکارهاتوون.

سەعیدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ سێشەممە، 21ی پێنجی 2024 لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، " یەکێتی بەهیچ شێوەیەک داوای لابردنی کوردسی پێکهاتەکانی نەکردووە لە دادگای فیدڕاڵی، ئەو ڕەخانەی لە یەکێتی دەگیردرێن بێ ناوەڕۆکن، ئەگەر کورسیەکانیان نەماون، ڕەنگە بەرهەمی مامەڵەی بەشێک لە پێکهاتەکان بوبێت لە ناو پەرلەمان و بەشێک لە دامەزراوە یاساییەکان، ئێمە ڕێز لەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەگرین."

ڕۆژی 6ی پێنجی 2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد و داوای کرد دادگاکە مادەی دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024 بە نادەستوری بزانێت.

لە ڕۆژی 17ی چواری 2024 سەدان هاوڵاتی لە لالشی پیرۆز ئاهەنگی سەری ساڵی نوێی ئێزدی دەگێڕن.

ئێزدیەکان کە پێکهاتەیەکی ئاینینی دیکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بە گوتەی خۆیان ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەسە، نیگەرانن لەوەی کە کورسی بە بەناوی کەمەنتەوەییەوە دادەنرێت، بەڵام کاندیدەکانی لەلایەن حیزبە سیاسیەکانەوە دیاری دەکرێن.

ناسر کریت ناسر ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بۆ کاروباری جینوساید و کەسایەتییەکی ئێزدی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن سەرەڕای بوونی پێکهاتەی دیکە، بەم جۆرە، چەسپاندنی ئەو بیرکردنەوەیە کە کۆتاکان دەبێت لە ژێر هەژمونی حیزبدابن، وەک چۆن پارتی و یەکیتی ئێستا لەسەر کورسیەکان بەردەوام مشتومڕیان هەیە. ئێمە داوامان کردووە کە کورسی کۆتا بۆ ئێزدیەکان دابنرێت و تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت."

ناسر وتیشی، "ئێستا پارتی داوا دەکات کورسی بۆ ئێزدیان هەبێت لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لە سنوری ئەوانن،. ئێمە پێکهاتەی دووەمین لە هەرێمی کورستان و ژمارەمان لە تورکمان و مەسیحی زیاترە، بەڵام هەرچی پۆستی سیادیە بە پێکهاتەکانی دیکە دەدرێت، بەنمونە لە دەزگای دادوەری جۆرێک لە عورف هەیە نابێت ئێزدی ببێتە دادوەر، ببێتە سەرۆکی زانکۆ، ئەمە وادەکات نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتە ئاینی و کەمە نەتەوایەتیەکان نەبێت."

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان 24، دابەشکردنی کورسیەکانی پێکهاتەکانی بە نا دادپەروەرانە ناوبرد و ڕایگەیاند " دابەشکردنی کورسیەکان لەسەر ئەساسی جوگرافیا، زیاتر بڕیارێکی سیاسیە، قبوڵکراونییە."

دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە وەزیری هەرێم بۆ کارو باری پێکهاتەکان کرد، بەڵام تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

تا ئێستا وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی بەردەوامە لە ئامادەکاریەکان، تەمەنی کۆمسیۆنەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراق تا 6ی مانگی یەکی 2025 درێژکرایەوە.