ئینتەرپۆڵ لەسەر داوای تورکیا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دایک و کوڕێک لە ئەمەریکا دەردەکات

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، ئینتەرپۆڵ داواکارییەکەی تورکیای پەسەندکرد بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەوجەوانێکی تەمەن 17 ساڵ و دایکی کە لە ئەستەنبوڵ پاش ڕووداوێکی هاتووچۆی کوشندە، هەڵهاتبوون بۆ ئەمەریکا.

ئاژانسەکە دەشڵێت ئینتەرپۆڵ ڕۆژی پێنجشەممە ئەو هۆشدارییەی بۆ ڕۆماننووس و شاعیری تورک ئەیلەم تۆک و کوڕەکەی دەرکردووە، کە دوای ڕووداوێکی هاتوچۆ لە مانگی سێ لەگەڵ کوڕەکەیدا لە ڕێگەی میسرەوە چووە بۆ ئەمەریکا.

دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوڵ ڕایانگەیاندووە، کوڕەکەی لە 1ی سێدا بە ئۆتۆمبێلەکەی ڕووداوێکی ئەنجامداوە کە تیایدا کەسێکی کوشتووە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون لە ناوچەیەکی دەرەوەی ئەستەنبوڵ.

میدیاکانی تورکیا لە مانگی سێ چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی و وێنەیان بڵاوکردەوە کە تیایدا تۆک و کوڕەکەی لە نیویۆرک دەردەکەون. تورکیا لە هەمان مانگدا داواکاری ڕادەستکردنەوەی دایک و کوڕەکەی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا کرد.

ئەم جۆرە داواکارییەی ئەنتەرپۆڵ کە بە ئاگاداری سوور ناسراوە داواکارییەکە بۆ بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی کەسانێک کە لە یاسا هەڵاتوون .

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئۆفیسی سەرۆکی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ بەردەوام بوو لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئۆگوز موراد ئاجی و برینداربوونی چوار کەسی دیکە.

چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، تۆک بەیاننامەیەکی دەرکرد کە ئاژانسی هەواڵی دێمیرۆرێن بڵاویکردەوە و تیایدا دەڵێت "دەدرێینە دادگا، بەناوی خۆم و کوڕەکەمەوە لە دڵەوە داوای لێبوردن لە ڕای گشتی دەکەم".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز