حکومەتی هەرێم پێنج کەس بە تۆمەتی سیخوریکردن بۆ ئیتلاعات دەستگیردەکات و ئێران داوایان دەکاتەوە

سەرچاوەیەکی نزیک لە پێنج هاووڵاتی ئێرانی کە لە هەولێر سزادراون و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەمی خۆیان لە زیندانی چاکسازی هەولێر دوریوەتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارکراون بە ئەندامێتیان لە "ئیتلاعاتی ئێران و سیخوڕیکردنیان" بۆ ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێن، "سزادراوەکان خۆیان داوایان لە وڵاتەکەیان کردووە بگەڕێندرینەوە بۆ وڵاتی خۆیان."

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەو سزادراوە کوردانە لە نێو چاکسازی مانیان لە خواردن گرتووە و جگە لە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە و پێی سزادراون، گوایە" ئێران" داوایانیکردووە کە ڕادەستیان بکرێت.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو پێنج زیندانیە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی ئە زیندانیانە کراون سیخوڕیکردنە، واتە ئەندامێتیان لە ئیتلاعات و سیخوڕیکردنیان بۆ ئێران، یەکەم جاریش نییە ئەو زیندانیانە هەڵوێست وەردەگرن، پێشتریش مانیان لەخواردن گرتووە و تەنانەت جارێکیان نزیک بوونەتەوە لە مردن، لە ئێستاشدا بۆ جاری دووهەم هەڵوێستیان وەرگرتۆتەوە و دەمی خۆیان دووریوەتەوە و نایانەوێت خواردن بخۆن، چونکە تۆمەتەکانیان ڕەتدەکەنەوە."

ئەو سەرچاوەیە وتیشی،" جگە لەو پێنج تۆمەتبارە کەسێکی تریش بە ناوی سیروان حمە ساڵح خەڵکی پێنجوێنە، ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە بە هەمان تۆمەت زیندانیکراوە و ٢ ساڵی زیاتری ماوە تا ئازاد بکرێت، سیروانیش هاوشێوەی گیراوە ئێرانیەکان تۆمەتەکەی ڕەتدەکاتەوە."

دەنگی ئەمەریکا زۆر هەوڵیدا ڕۆژ و ساڵی ئەو سزادراوانەی دەست بکەوێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجامبوون.

مادەی 156 سزاکەی بەم شێوەیە کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک ببێت لە کارێکدا تێوەگلی بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە بە بەندکردنی هەتا هەتایی یاخود بەنکردنی کاتی سزادەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکایی ڕاگەیاند،" ئەو 5 کەسە لەلای ئێمەن لە چاکسازی گەورانی هەولێر، بە پیێ مادەی 156ی سیخوڕیکردن سزادراون، ئەوان داواکاریان لە حکومەتی ئێران هەبوو کە بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، دوێنی 23ی مانگی 5 ی 2024، کونسوڵی ئێران سەردانیانکرد تا ئەوانیش داوا بەرزبکەنەوە بۆ سەرووی خۆیان."

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم وتیشی،" هەر کاتێک سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت، چۆنی بەباشزانی ئێمە وەک چاکسازی پێوە پاەند دەبین، لە ڕادەستکردنیان یاخود مانەوەیان لە چاکسازی، بەڵام ئێستا مانگرتنەکەیان شکاندووە و دۆخیان باشە و وەک تەواوی زیندانکراوەکانی دیکە خزمەتگوزاریەکانیان بۆ بەردەستە."

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەیی گشتی چاکسازیەکان، لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی تێدایە، لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، کەسیانیان گەورانە و سیانەکەی دیکە چاکسازی ژنان و منداڵانە لەم چاکسازیانە، 5190 کەس سزایان بەسەردا دراوە و لەزینداندان، لەو ژمارەیە 1058 بە مادەی هۆشبەرن سزادراون.