سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: دادگای فیدراڵی نوێنەری پارتی تێدا نییە

دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی وەکو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە ئێستادا هیچ نوێنەرێکی حزبەکەی لە دادگای فیدراڵی بوونی نییە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی عێراق هیچ نوێنەرێکی پارتی تێدا نییە."

جەختکردنەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە نەبوونی نوێنەری حزبەکەی لە دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دادگایە دوو ئەندامی کوردی تێدابوو، کە یەکێکیان بە نزیک لە یەکێتی و ئەویتریان نزیک لە پارتی دادەندرا.

بەڵام ڕۆژی 12ی سێی 2024، عەبدولرەحمان سلێمان ئەندامی ئەنجومەنی دادگای فیدراڵی عێراق کە دەوترێت لە پارتییەوە نزیکە، دەستی لە ئەندامێتی ئەو دادگایە کێشایەوە و هۆکارەکەی بۆ "دژایەتیکردنی سیستەمی فیدراڵی" لەلایەن دادگاکەوە گێڕایەوە.

عەبدولرەحمان سلێمان ئەوکات ڕایگەیاند، "لە دادگای فیدراڵی دوو ئەندامی کوردن هەن و لە بڕیارەکانی دادگادا هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی."

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرە، لە ڕۆژی 25ی پێنجی 2024، دادوەر جەزا جاسم سەرۆکی پێشووی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، وەکو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق لەبەردەم سەرۆک کۆماردا سوێندی یاسایی خوارد.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە دادوەر جەزا جاسم، ئەندامی نوێی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراقەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

دادگای فیدراڵی عێراق لە سەرۆک و جێگرو حەوت دادوەر پێکهاتووە، هەروەها چوار دادوەریش ئەندامی یەدەگی دادگاکەن، لە ئێستادا ئەندامێکی سەرەکی و ئەندامێکی یەدەگی دادگاکە کوردن.

دیمەنی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق جاسم محەمەد عەبوود ڕۆژی 14ی پێنجی 2024.

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین، دادوەری دیاری هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر دوو ئەندامی دادگای فیدراڵی کوردبوون، یەکێکیان یەکێتی و ئەویتریان پارتی ناردبوونی، هیچ دادوەرێکی یەدەگی دادگاکە کورد نەبوو. ئەوەی پارتی ناردبووی کشایەوە و ئەوەی یەکێتی مایەوە، لەمڕۆژانەدا مەرسوم بۆ دادوەرێکی تری کورد وەکو ئەندامی یەدەگ دەکراوە."

هەروەها وتیشی، "بەنیسبەت دەزگای دادوەری دەبێت ئەنجومەنی دادوەری نوێنەرایەتی هەرێم بکات، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری ئاگای لە ناردنی ئەندامە کوردە نوێیەکەی دادگای فیدراڵی نییە."

سەبارەت بەوەی پێکهاتەی دادگای فیدراڵی عێراق تا چەند حزبییە، دادوەر رزگار محەمەد ئەمین وتی، "بە بێ حزب هیچ بەرپرسیارێتییەک دەدرێ بە کەس؟، هیچ هاوڵاتییەک دەتوانێت لە دەرەوەی حزب پۆست وەربگرێت؟."

پێکهاتەی دادگای فیدراڵی عێراق بە پێی مادەی 44 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێنرا، دواتر لە ساڵی 2005 و لەسەر بنەمای ئەو یاسایە فەرمانێکی تەشریعی بۆ دەرکرا. هەروەها لە ساڵی 2021 یاسای دادگای فیدراڵی عێراق هەموارکرایەوە.

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین دەڵێت، "سەرۆکی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق، سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرپەرشتیاری دادوەری، ناوی ئەندامانی دادگای فیدراڵی بۆ سەرۆک کۆمار دەنێرن تا مەرسومیان بۆ دەربکات."

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تایبەت ئەو بڕیارانەی گرێدراون بە دۆسییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان مشتومڕیان لێکەوتووەتەوە، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی بەشێک بڕیارەکان بە سیاسی و بەشێکیش بڕیارەکان بە یاسایی ناودەبەن.

لۆگۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین دەڵێت، "دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات بە دڵی من بێت یان نا، دادگایە و بڕیار دەدات، بەڵام من سەرنجی زۆرم هەیە لەسەریاسای دادگاکە و پێکهاتەکەی و میکانیزمی کاندید کردن."


دەشڵێت، "بەپێی ماددەی 92ی دەستوری عێراق دەبێت دادگای فیدراڵی یاسایەکی بۆ دەربکرێت ، پێکهاتەکەی لە 9 دادوەر و کۆمەڵێک شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و فوقەهای یاسایی تێدا بێت. ژمارەی ئەندامان و چۆنییەتی هەڵبژاردنیان دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، بەڵام تا ئێستا یاسایەکی وەها دەرنەکراوە."

جێگیرکردنی ئەندامێکی نوێی کورد بۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26 ی مانگی پێنجی 2024، لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوادەکات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان "په‌نا به‌رینه‌به‌ر ده‌ستور و ڕێككه‌وتنه‌كان."

پارتی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕێوشوێنی پەیوەندییەکانی ڕێکخستووە و بەگوێرەی ماددە و بڕگەکانی، شێوازی بەڕێوەچوونی ئیدارە و مامەڵەی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردووە، هەروەک دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون."

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتییەکانی پارتی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەڵبژاردن، کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایگەیاند، "ئێستاش هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌گشتی بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان به‌رده‌وامه‌ و، دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ له‌ هه‌ڵوێستی ڕاگه‌یاندراوماندا باس كراون بكرێن و، ڕێككاره‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان دابن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ببێته‌ هه‌ڵبژاردنێكی گه‌ل په‌سند، هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین."