دەیان کەس لە نێویاندا دوو ئەندامی باڵای حەماس لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح دەکوژرێن

کاربەدەستانی تەندروستی و فریاکەوتنی مەدەنی فەلەستین کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی یەکشەممەی ئێسرائیل لە ناوچەیەکی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کە بۆ ئاوارەکان دیاری کراوە، لانیکەم 45 فەلەستینی کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی بزووتنەوەی حەماس لە شاری ڕەفەح و ئاماژەی بەوەشکردووە لە هێرشەکەدا، سەرۆکی ئەرکانی حەماس بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرپرسێکی دیکەی باڵای حەماس کە لە پشت هێرشە کوشندەکانی سەر ئیسرائیلییەکانەوە بووە، کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس ڕایگەیاندووە، کوژراوەکان زیاتر ژن و منداڵ بوون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.

ئەم هێرشانە بۆ سەر ڕەفەح دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە دادگای دادی نێونەتەوەیی داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ڕەفەح بهێنێت.

بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن چەندین جار داوای لە حکومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ کردووە کە خۆیان لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح بەدوور بگرن و تەنانەت ماوەیەک پێش ئێستا ناردنی پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە ڕەفەح نەگات.

شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززەوە، پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە دوو ملیۆن و 300 هەزارەکەی غەززەی تێدابووە و دوای شەڕەکەش سەدان هەزار کەس پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردبوو. سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئیسرائیل، دەیان هەزار کەس کە بەهۆی شەڕی غەززە ئاوارە بوون، هێشتا لەم ناوچەیەدا ماونەتەوە و بەشێکی زۆریشیان بەرەو شوێنەکانی دیکە هەڵاتوون.

گوتەبێژی مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاندوووە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاری لە گەڕەکی "تەل ئەلسوڵتان"ی شاری ڕەفەح کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ناوەندی شارەوە دوورە، ئەگەری هەیە ژمارەی کوژراوەکان بەرزتریش ببێتەوە.

بەپێی مانگی سووری فەلەستین، ئیسرائیل ئەم شوێنەی وەک "ناوچەیەکی مرۆیی" دەستنیشان کردبوو. ئەم گەڕەکە یەکێک لەو ناوچانە نییە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی کردبوو.

هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممەی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە گرووپی توندڕەوی حەماس لە کەرتی غەززەوە موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی مرۆیی بە هۆی موشەکەکانی حەماسەوە بڵاونەکراوەتەوە. باڵی سەربازی حەمس بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پاش هێرشی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز