پاش مشتومڕی ناو پەرلەمانی بەریتانیا و بڕیاری ئەو وڵاتە بۆ ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتی سێییەم کە ڕواندایە، لە ئێستادا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراوی فەرمی پەنابەرانی عێراقی بە کوردەکانیشەوە ڕۆژانە ڕەوانەدەکرێنەوە، ئەمە بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ڕۆژانە چالاکوانانی بواری پەنابەران بڵاوی دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە پۆلیسی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا ڕۆژانە پەنابەرەکان لە نێویشیاندا پەنابەرانی کورد دەستگیردەکەن و دەیانێرنە سەنتەری دیپۆرتکردنەوە و بە زۆرەملێ سواری فڕۆکەیان دەکەن و دەیانێرنەوە بۆ عێراق، هەتا ئێستا هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی عێراق و هەڕێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە نییە.
دەپرسین:
ئایا هەر پەنابەرانی عێراقی دەنێرنەوە؟ ئەگەر وایە، هۆکار چییە؟
ئایا هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراقی و وڵاتانی ئەوروپا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران؟
بۆچی ئێستاش ژمارەیەکی زۆر گەنجانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق خوازیارن وڵاتەکە جێبهێڵن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
ڕەهەند ڕەزا، پارێزەر و خاوەنی دامەزراوەی میدیایی KBC لە بەریتانیا.
سیروان بابان، ئەندامی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانی.
دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق.
Your browser doesn’t support HTML5
سیروان بابان:
ناردنەوەی زۆرە ملێی پەنابەرانی عێراقی و کوردیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و عێراقە، ئەڵمانیا دوو ساڵ لەمەوبەر پلانی بۆ ناردنەوەی پەنابەران داناوە ئەوەبوو مۆڵەتی
مانەوەی(شانش)ی دەدا بەو کەسانەی کەیسەکانیان باش نیە و بەتەواوی ڕەفزکران، بەو مۆڵەتی مانەوەیە دەرفەتی دەدا بەو پەنابەرە بۆ فێربوونی زمان و کارکردن و تێکەڵبوون بەکۆمەڵگای ئەڵمانی.
ئەو کاتەی ئێمە پەرلەرمانتاربووین قسەمان لەگەڵ فڕۆکەخانەی هەولێر کرد بە خۆشحاڵیەوە ئەو بڕگەیە جێبەجێ ناکرێت و فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگەنادات هیچ پەنابەرێک کە بە زۆر دەنێرنەوە لە هەولێر دابەزێت، بۆیە لە بەغذادەوە دەیانێرنەوە، وەک ڕێزێکی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەو بڕیارەی هەولێر.
ئەوانەی بە زۆرە ملێ دەنێرنەوە و پۆلیس دەچێتە سەریان ئەوانەن، پێشتر کاغەزییان بۆ هاتووە، کە موستەحەق نەبوون بە ڕاستی، دێن بیانوو بەمانە دەگرن دەڵێن بۆ نایەیت بڕۆیتەوە، ئیتر پەنابەرەکەش دەترسێت دەچێت ڕادەکات، یان ڕاناکات و دەچێت خۆی ڕادەست دەکات ئەوانیش وەک سەردەمی دیکتاتۆرییەکان دەیگرن و دەڵێن، تۆ بڕۆرەوە ئنجا لە وڵاتی خۆتەوە دادگامان لێبگرە، یان دەڵێن هاوکاری مادیت دەکەین، کە کەمترین یان هیچ هاوکاری کەسیشییان نەکردووە، لە ئەڵمانیا هەندێک هەرێم تاک لایەنە بە خراپی سودیین لەو ڕێککەوتنەی عێراق وەرگرتووە پەنابەرانیان خستووەتە دڵەڕاوکێەوە، بە تەنها پەنابەری عێراقیش نین، بەڵکو کرمانجی تورکیا و سوری و ڕووسی و ئەلبانی و ئەفغانی و نەتەوەکانی تریشی تێدایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت بوار بدەن و شوێن چۆڵ بکەن بۆ هەندێک کەسی تر کە بیانەوێ بە هەلی کار بێنە ئەڵمانیا، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەستوری ئەڵمانیە بۆیە من هەوڵمداوە لە ڕێگای پەرلەمانی ئەم هەرێمەی منی لێم پەرلەمان ئاگادار بکەمەوە.
بەداخەوە پەنابەران کەوتونەتە نێوان بەرداشی مامەڵەی نایاسایی و نامرۆڤانەی پۆلیسی ئەوروپا و، لەلایەکیش وەک دکتۆر موسەنا دەڵێت، حزبە دەسەڵاتدارەکان حەزناکەن بگەڕێنەوە چونکە حکومەت بۆی بەخێو ناکرێن، ئۆپۆزسیۆنیش حەزدەکات بگەڕێنەوە بە تێکشکاوی دەنگبدەن لە داخی حزبە دەسەڵاتدارەکان بەکارییان بهێنن، هیوادارم پەنابەران خەم نەخۆن ئەوەتا کەسانی وەک ئێمە و دکتۆر موسەنا و زۆر کەسی تر هاتونەتە سەر خەت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن.
پارێزەر ڕەهەند ڕەزا:
بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی خۆیان یان وڵاتی سێییەم کە ڕواندایە، زۆرترین پەیوەندی بە هاووڵاتیانی کوردی پەنابەری بەریتانیاوە هەیە، وە بە ڕاستی کاریگەری کردووەتە
سەریان و ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە بۆیان، بەداخەوە بەشێکی زۆریان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە شەو سەعات دوو، یان بەیانی زوو سەعات پێنج هەڵدەکوتنە سەریان و دەستگیریان دەکەن و دەیانبەن بۆ شوێنی دەستبەسەرکردنی پەنابەران، ئێمەش کە ئۆفیسی پارێزەرایەتیمان هەیە زۆرترین هەوڵمان داوە کە هەر چۆنێک بێت بە کەفالەت بێت یان ڕێگای یاسایی پەنابەران لەو سەنتەرانە بهێنینە دەرەوە.
بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا سەرەتا ئەو پەنابەرانەی دەگرتەوە کە لەمانگی یەکی ٢٠٢٢وەوە هاتونەتە بەریتانیا، کەچی لەم ڕۆژانەدا حکومەتی بەریتانیا بڕیارەکەی فراوانتر کرد هەموو ئەو پەنابەرانەش دەگرێتەوە کە کەیسەکانیان ڕەتکراوەتەوە پێش ئەو بەروارە، بەڕاستی بڕیارەکە جدییە ڕاستە تەنها بۆ پەنابنەری کورد نیە، جگە لە ئۆکرانیەکان پەنابەرانی تریش دەگرێتەوە بەڵام پێویستە پەنابەری کورد ئەمە بەجدی وەربگرێت، خەڵک هەبووە چووە بۆ واژۆی هەفتانە، یا مانگانە کە هەیەتی و دەبێت بیکات هەر لەوێ کەیسەکەیان ڕەفزکردووە و دەستگیرییان کردووە و خستویانە ئەو سەنتەرانەوە کەپەنابەران ئامادەدەکەن بۆ ناردنیان بۆ وڵاتی سێییەم یا وڵاتی خۆیان.
ئەوانەی دەڵێن، حکومەتی بەریتانیا کەس نانێرێت بڕیارەکە جدی نییە، لەسەر دوو بنەما وەها دەڵێن، یەکەم، ڕێککەوتنەکەی بەریتانیا لەگەڵ ڕواندا بۆ ژمارەیەکی دیاریکراوی پەنابەرانە نەک ئەو هەموو پەنابەرە، دووەم دوای ئەوەی حکومەت هەڵبژاردنی پێش وەختەی ڕاگەیاند، ئەوەشی ڕاگەیاند، کە هەنگاوەکانی حکومەت نەیتوانیووە ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا پێش هەڵبژاردن، ئەوەش بە واتای ئەوە نییە کە کەس نانێرن، بەڵام بە ڕاستی هەنگاوەکانی حکومەت لە ئێستادا جدیین، هیوادارم لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو ڕاستڕەوانە دەسەڵات نەگرنەوە دەست، پارتی کرێکاران بێنەوە سەر حوکم کە بەڵێنیان داوە یاسای ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا هەڵبوەشێننەوە.
بە داخەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن زۆر هاوکاری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیایە، دەستبەجێ لە ماوەی ڕۆژێک یان جاری وەها هەیە چەند کاتژمێرێک بەڵگەنامەی سەلماندنی هاووڵاتی بۆ ئەو پەنابەرە دروست دەکەن کە حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بینێرێتەوە، لە کاتێکدا هەر ئەو باڵیۆزخانەیە جاری وەها هەبووە پێویستمان بە بەڵگەنامەی سەلماندن و پاسپۆرتی عێراقی هەبووە بۆ ئەوەی جواب بۆ پەنابەڕێک وەربگرین کەچی بە چەند مانگ و تەنانەت ساڵیش وەڵامی نەداوینەتەوە.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان حکومەتی بەریتانیا و ڕواندا، کۆی تێچووەکەی ٣٧٠ ملیۆن پاوەندە، دواتریش بەریتانیا بیست دەفتەر دۆلاری ئەمەریکی بۆ خەرجی هەر پەنابەرێک دەداتە ڕواندا بۆ ئەو پێنج ساڵەی لەوێ دەمێنێتەوە.
دکتۆر موسەنا ئەمین:
بیرکردنەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە عێراقی و ئێمەی کوردیشەوە وایە کە زیاتر بیری بۆ لای تیۆری پیلان و ڕێککەوتنی ژێربەژێری عێراق و هەرێم دەچێت، بۆ بابەتی ناردنەوەی زۆرە ملێی پەنابەرانی
عێراقی و کوردیش خەڵکێک هەیە هەر بە هەمان تیۆر بیردەکاتەوە، بەڵام بە ڕاستی من واینابینم پێم وانیە چ حکومەتی عێراق، چ حکومەتی هەرێمیش پێییان خۆش بێت ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە، لە چاکی خۆیان نییە، ئەوان خوا خوایانە خەڵکییان لە کۆڵ ببێتەوە نەک خەڵکیییان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە ئەسڵەن ناتوانن نانی ئەوانەش دابین بکەن کە لێرەن.
ڕێککەوتن نەکراوە، هەر ڕێککەوتنێکی بچوکیش کرابێت سەرچاوەکەی ڕێککەوتنی(هاوبەشی هاوکاری)یە کە لە نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدراوە لەناو پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە ئەو کات من پەرلەمانتار نەبووم، لە ماددە ١٠٥ی ئەم ڕێککەوتنە ئیلتیزامێکی تێدایە بەرامبەر عێراق، کە عێراق دەبێت ئەو پەنابەرانە وەربگرێتەوە کە بە نایاسایی چونەتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە هەموو قۆناغەکانی داخوازی پەنابەرییان ئەنجامداوە و کەیسەکانیان ڕەفز کراوە، عێراق دەبێت هاوکار بێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانە، ئەگەرنا عێراق دەکەوێتە بەردەم سزا، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەو بڕگەیەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا، لەبەر ئەوەی داعش هات، دواتر پەتای کۆرۆنا، ئەوە ماوەی ساڵ و نیوێکە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە جدی هاتونەتە سەرخەت و دوو کۆبونەوەیان لەگەڵ عێراق کردووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانە، لیژنەیەکی باڵا هەیە لە عێراق بۆ ئەو بوارە کە لە وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ و لایەنی ئەمنی و دەستەی فڕۆکەوانی عێراق پێکهاتووە، ئەمانە وەک زانیاری لە ئەنجامی بەدواداچون وەک زانیاری دەستم کەوتووە چونکە ئەو ڕێککەوتنە پێش ئەوەی من ببمە پەرلەمانتار لە ٢٠١٣ پەسەندکراوە، دوو جاریش وەزارەتی دەرەوەم بانگکردە لیژنەکەمان، ئێمە کاتی خۆی پێش دروستبوونی حکومەتی سودانی توانیمان هەوڵمان دا لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێگەنەدات فڕۆکەیەک بگەڕێتەوە کە ٣٠ پەنابەری بە زۆرە ملێ دەگەڕاندەوە بۆ عێراق، ئێستاش ئەو ٣٠ پەنابەرە هەر لەو وڵاتە ماونەتەوە و نەگەڕێنرانەوە دوای ئەوە.
بە ڕاستی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ستاندارد و بانگەشەکانی وڵاتانی ئەوروپا خۆیانە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ناردنەوەی زۆرە ملێی پەنابەرانین، هەوڵیش دەدەین لە چەند ڕوویەکەوە، بە تایبەت هەوڵدەدەین بزانین دەکرێت عێراق هەوڵی هەموارکردنی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە پەنابەران لە ڕێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بدات.