گرفتی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد

سەرەڕای چەندین کێشەی تری چارەسەرنەکراو یان هەڵپەسێردراو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین جار کێشەی نەناردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییە جیاوازەکان سەریهەڵدایەوە، بە جۆرێک فەرمانبەرانی شارستانی و بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆ دوو هەفتە زیاتر پێش هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو هێزە ئاسایشییەکان موچەکانیان لە بەغدادەوە گەیشتووە، دواکەوتنی موچەی ئەو هێزانە لە کاتێکدایە کە بە وتەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان، بەغداد داوای ناو و زانیاری سەرجەم ئەو هێزانە دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمەکەوەەیە بۆیە ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە.

دەپرسین:
ناردنی ناو و زانیاری ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش چ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم دروستدەکات؟
ئایە بەغداد گرفت لە بەردەم ناردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دروست دەکات؟
هەتا کەی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەشێک لەو هێزانە دوادەکەوێت؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شارەزای کاروباری سەربازی.
شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم.
هەروەها پەیوەندی کرا بە چەند بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەڵام دەڵێن لەبەر هەستیاری بابەتەکە یان نەبوونی زانیاری تەواو ئامادەنەبوون بەشداربن.

Your browser doesn’t support HTML5

گرفتی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد

جەبار یاوەر:
کێشەی موچەی پێشمەرگە و پێداویستییەکانی لە نێوان هەرێم و بەغذاد هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکو لە دوای دروستبوونی حکومەتی عێراقیەوە و بە دیاریکراوی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٧وە دەستمان کردووە بەگفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەرکردنی موچە و پێداویستی پێشمەرگە، بەداخەوە هەتا ئێستاش یەکێکە لە کێشە هەڵپەشەردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

جەبار یاوەر

ئەمە بۆچونی کەسی خۆمە، لە عێراقیش هەتا ئێستا زۆر لە دامودەزگا ئەمنیەکان هێشتا ناویان نەناردووە، بەڵام ئەگەر بە تەنها ناو بێت واتە ناوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ بەبێ زانیاری ورد و دۆسیە و ئەولەویات لەو بڕوایەدا نیم ئەمە لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمەوە هیچ مەترسی هەبێت، بەڵام هەندێک دامودەزگای ئەمنی وەک هەواڵگرییەکان هەیە ئەوە دەتوانین بڵێین ئەمەیان لە ڕووی ئەمنیەوە ناکرێت، بەڵام بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ گرفتێک نییە.
سەبارەت بە هێزەکانی ڕۆژ و (پاک)کاتی خۆی کە لە وەزارەت بووم بەردەوام وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانم داوەتەوە، ئەو کاتیش بەم جۆرە سەبارەت بەو دوو هێزە وەڵامم دایەوە، کە ئەو دوو هێزە بە هیچ جۆرێک لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نەبوون بەڵکو سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوو، ئەوەندەی ئاگاداربن لەگەڵ هێزەکانی زێرەڤانی موچەیان وەردەگرت، نەک لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، واتە ڕێنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت زانیاری هەبێت لای حکومەتی عێراق کە خەڵکانی بیانی لەو هێزانە موچە وەردەگرن کە ئەوە نایاساییە، بەڵام ئەوە بە تەنها هۆکار نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی یاسای بودجەیە، کە کۆمەڵێک کۆتوبەند هەیە لەسەر ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی بێ سیقەیی دروستبووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، کە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ دەڵێت داتاکانمان وەک خۆی پێناگات.
بە بڕوای من ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغداد نەگەنە ڕێککەوتن لەسەر خاڵەکانی یاسای بودجە هەر لە بابەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و تەوتین، ئەوا بەخوا نەک هەر ئەم مانگە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ گرفتی موچە دروست دەبێت، بەڵکو بۆ مانگەکانی داهاتوو گرفت بۆ موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت.
سەبارەت بە ژمارەی حەقیقی هێزەکان، ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ژمارەی پاسەوان زۆرن کە ئەمانە ئەرکی فیعلی پێشمەرگە جێبەجێ ناکات کە بە مانە دەڵێن وەهمی، بە جۆرێک ژمارەیان گەیشتۆتە٥٠هەزار بۆ ٦٠هەزار پاسەوان، کە لێپرسراوی وەها هەیە لیوا، فەوج یان سریەیەک پاسەوانی هەیە، جا ئەو لێپرسراوە حزبیە یاخود حکومییە، ئێستاش ئەوە بەردەوامە.
چەندین جار ئێمە خۆمان داوامان کردووە کە پێداچونەوە بە لیستی کەم ئەندامانی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت چونکە ئێمە لیستێکمان هەبوو نۆ هەزار کەمئەندامی تێدابوو، بەڵام لیژنەیەکمان پێکهات کە بە سوپاسەوە کاک کەریم سنجاری هاوکار بوو، پاش پشکنینی پزیشکی دەرکەوت لەو نۆ هەزار کەسە، چوار هەزار کەسیان کەم ئەندامن، نیوەیان زیاتر کەم ئەندام نین تەنانەت نەک هەر پێشمەرگە نین بەڵکو هەر کەم ئەندامیش نین، هەر بە ئەوەندە ملیارێک دینار مانگانە دەگەڕایەوە بۆ حکومەت بەداخەوە کابینە گۆڕدرا ئەوە وەک خۆی مایەوە.
کاتی خۆی کە من لە وەزارەت بووم هەم لەلایەن حزبەکەم هەم لەلایەن بەرپرسانی هێزەکانی حەفتا و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەرپشک کرابووم سەبارەت بەوەی هەر زانیاریەکم بوێ لەسەر هێزەکانی ٧٠، تەنانەت بە ناو و ژمارە و تەواوی زانیاریەوە هەمویم لابوو، بەڵام ڕاشکاوانە بڵێم لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی هەشتام لانەبوو، بەڵێ ئەو قسەیە ڕاستە لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لای وەزارەتی دارایی هەرێمیش نییە، ئەوە بەڕێز کاک ئاواتی شێخ جەناب ماوە، ئەو کاتەی من لە ئەرکدا بووم لە وەزارەت پێش خانەنشین بوونم، چەند جارێک داواکراوە کەلیستی ناوی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ٧٠ و ٨٠ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بەڵام بە ڕاستی لیشتی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یان پێنەدراوە، تەنها بە ژمارە و کۆد دەیاننارد، بۆ نمونە دەیانوت ئەوەندە ئامر لیوا هەیە، ئەوەندە پێشمەرگە ... ئەوەندە ... واتە تەنها ژمارە، ئیتر بەپێی ئەو ژمارەیە بڕە پارەیەکیان بۆ دەناردن خۆیان ڕاستەوخۆ موچەیان دابەشدەکرد لەناو هێزەکانیان، بەڵام ئێمە ناو و زانیاری تەواوی لیوا هاوبەشەکان و دیوانی وەزارەتمان دەنارد هەر کات بیانویستایە.
هۆکاری نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو کاتە پەیوەندی هەبوو بەو ململانێی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبوو کە هەر لایەنەی نەیدەویست لایەنەکەی تر بزانێت ژمارە و زانیاری هێزەکانی، ئەو کاتەی من لە وەزارەت بووم، ژمارەی هێزەکانی ٧٠ نزیکەی ٧٠هەزاربوو.
من ئەوە بۆچوونی کەسی خۆمە، بابەتی ئەوەی هۆکاری نەناردنی موچەی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزە ئەمنیەکان و وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە ڕاستی ئەمە بیانووە لەلای هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم، باشە سبەی تەوتین بکرێن ئەو هێزانە بچنە بانکی تی بی ئای ئەژماریان بۆ بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی موچە، خۆ بانکەکە پێویستی بەکارتی زانیاری و سەرجەم زانیاری و وێنەی کەسێتی دەبێت ئیتر ئەو کاتە ئەوە چ زانیاریەک دەبێت هەتا هەرێم بڵێت ناینێرم!

شاخەوان ڕەئوف بەگ:
بە ڕاستی ئەو پێداگرییەی بەغداد دەیکات لەسەر ناردنی لیستی ناوی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەردەبێت بینێرن، پێویستە حکومەتی هەرێم بە چاوێکی کراوەتر و فراوانتر لەم بابەتە بڕوانێت ئەم بابەتە پەیوەندی هەیە بە لیستی حەقیقی وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستە هەرچی زووە حکومەتی هەرێم

شاخەوان ڕەئوف بەگ

لیستی ناوی حەقیقی وەزارەتی پێشمەرگە بنێرن، سەردەمانێک وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وەزارەتانە بوون کە موچەیان پێش هەموو وەزارەتەکانی تر وەردەگرت، بەڵام ئێستا بەداخەوە دەیبینین هەتا ئێستا موچەیان وەرنەگرتووە، سەبارەت بە بابەتی موچەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەو دەزگا ئەمنییانەی تر هەرچی زووە دەبێت شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغداد دابنیشێت و ئەو گرفتە چارەسەر بکەن هەتا بۆ مانگەکانی تر ئەمە دووبارە نەبێتەوە.
ئەو کاتەی لە پەرلەمانیش بووم ئەمەم وتووە، وە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیشیم وتووە، کێشەی ئێمە لە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە ئەوەیە کە جاش و باش تێکەڵ بووە، ئامر سریەی سەردەمی بەعس بە ناوی پێشمەرگەوە خانەنشین کراوە، خەڵکی وای تێدایە لە ئەنفالی یەک هەتا شەش بەشداربووە، ئەوانەی دەستیان هەبووە لە شەهیدکردنی مامە ڕیشە و شەهید سیروان تاڵەبانی بە موچەی سەروو دوو ملیۆن دینار خانەنشین کراون ، کەچی خودی مامە ڕیشە و شەهید سیروان تاڵەبانی موچەی شەهیدانەیان دوو ملیۆن پێنج سەد هەزارە، بە داخەوە ئەمە شکاندنی شکۆی پێشمەرگەیە، هەموو هێزی پێشمەرگە ئەوانەی پێش ڕاپەڕین حساب بکرێ ناگاتە ١٠ هەزار پێشمەرگە، کەچی ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بە ناوی پێشمەرگە خانەنشین کراوە، ئەو داواکاری و پێداگریەی بەغدادیش دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی کە هەموومان بڕوامان پێیەتی مەبەستی بەغداد لە قاڵبدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لایەنی دووەمیش، بریتیە لەوەی بەغداد دەیەوێت بگات بە لیستی حەقیقی هەتا بەپێی ئەو لیستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێم موچە بنێرێت.
ئەم بابەتە کاتێک چارەسەر دەبێت کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە یەکبگرنەوە، ئەو کاتەش ئەمەریکییەکان دێنە سەرخەت و حکومەتی عێراقیش ناتوانێت سوود لەو بۆشیایی پەرتەوازیەی هێزەکانی پێشمەرگە وەربگرێت، وە هۆکارێکی تریش پەیوەندی هەیە بە بابەتی سیاسی و دەستشکانەوە لە نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم، گرنگە هەرچی زوووە حکومەتی هەرێم هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخات و لیستی ناوەکان ڕێکبخاتەوە و بیانوو نەهێڵێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، بەداخەوە وەک پێویست قۆناغی چاکسازی قۆناغەکانی خۆی نەبڕی لە پاکردنەوەی لیستی موچەخۆران وەک پێویست نەمانبینی و لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو، ڕاستە حکومەتی فیدراڵ بیانوو لەسەر بیانوو دەدۆزێتەوە، بەڵام گرنگە حکومەتی هەرێم بیانوو نەهێڵێت و ئەو پاکسازییە لە لیستی موچەخۆران بە تایبەت هی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بکات.
بە ڕاستی گرنگە لایەنی سێیەم بێتە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم هەتا ئەو ململانێ و دەستشکانەوە کێشەیە چارەسەر ببێت بە تایبەت گرنگە ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان وەک لایەنی سێیەم بێنە نێوان هەرێم و بەغداد و لە خاڵێکدا حکومەتی عێراق و هەرێم بوەستێنن.

ئەبوبەکر هەڵەدنی:
هەر وەک چۆن ناو و زانیاری فەرمانبەرانی مەدەنی بە سیدی لای بەغدادە و بۆیان دەنێردرێت زۆر ئاساییە بە هەمان شێوە ناوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان سەرجەمیان بنێردرێت بۆ بەغداد هەتا موچەکانیان بۆ بێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا

ئەبوبەکر هەڵەدنی

ئەوە هیچ پەیوەندی بە ئەمنی نیشتمانی نییە، دوای ئەوە ئەو هێزانە هەموووی عێراقین و پەنجەمۆر و بە پرۆسەی بایۆمەتری تێپەڕیوون و کارتی زانیاری و ڕەگەزنامە و پاسپۆڕتی عێراقییان هەیە، ئیتر واتای چی ناو و زانیارییان نادرێ بە بەغداد؟
دەنگۆیەکی تر هەیە کە ئێمە دەبێت ئەوە ڕاست بکەینەوە، ئەویش ئەوەیە ئایا ڕاستە کە ئەم گرفتە لەسەر دوو هێزی ترە، یەکیان هێزی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەوی تر هێزێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، من خۆم ئەو کات کە لە لیژنەی پێشمەرگە بووم پرسیارم کرد کە پێکهاتەی ئەو هێزی ڕۆژە چیە؟ ژمارەیان چەندە؟ بۆ دەبێت لە حکومەتی هەرێم موچە وەربگرن؟! بە ڕاستی ئەگەر پاساوەکەی بەغداد ئەوە بێت و ڕاست بێ حەق بە بەغدادە حەق بە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی من بیستومە بەشێک لە کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو هێزەیە کە ئەمە چیە و چۆنە و ژمارەی چەندە!

بە ڕاستی بابەتی موچەی هێزە ئەمنیەکانیش ئێستا دوو سەرە و لایەنەیە، لایەنێکیان ئەوەیە کە بەغداد ڕاست ناکات ئەوە نەبێت ئەوەی کە لە بەغداد دەگوزەرێت شامی شەریف بێ، لە بەغدادیش کۆمەڵێک گروپی وەلائی و چەکداری و پەیوەندیدار بە وڵاتانی دراوسێوە هەن کە بە فیعلی بەشێکیان میلیشیان و لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش باسکراون، تەنانەت بوونەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەندێک جار موشەکبارانی هەرێمیان کردووە، ئەمانە بۆ موچەیان لەسەر بەغداد بێت، بەڵام بەغداد موچەی پێشمەرگە نەدات لە کاتێکدا هەموان و بەغدادیش باش لە ڕۆڵ و کاریگەری پێشمەرگە دەزانن، بە تایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش!
لایەنەکەی تریش، ئەوەی پەیوەندی هەیە بە حکومەتی هەرێم تۆمارکردنی ئەو هەموو بندیوار و وەهمیەن لە لیستی ناوی پێشمەرگە کە بوونەتە هۆی ئەوەی پێشمەرگەی ڕاستەقینە بێ موچە ببێت و ببنە قوربانی ئەوان.
من لە خولی چوارەم لە لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش بووم، خولی ڕابردووی پەرلەمانیش لە لیژنەی پێشمەرگە لە هەردوو خولەکە چ بە داواکاری چ کە بەرپرسانی وەزارەت دەهاتنە لیژنەکان و پەرلەمان داوای ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠مان دەکرد، بەڵام هیچ جارێک نەیاندەوت تەنها دەیانوت بە نزیکەیی ئەوەندەیە، بە هەمان پاساو کە ئێستا باسی دەکەن، دەیانوت ئەوە ڕەهەندی ئەمنی هەیە ژمارەی ئەو هێزانەیان وەک خۆی نەدەدا بە پەرلەمان، بەڵام ژمارەی لیوا هاوبەشەکانی و دیوانی وەزارەتیان دەدا.
وڵاتێکی وەک چین بەراورد بکەین بەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان و فراوانی ڕووبەرەکەی سوپاکەی دوو ملیۆنە، کەچی هەرێمی کوردستان بە هەرێمێکی شەش ملیۆنی و چوار پارێزگاوە نزیکەی ٤٠٠هەزار هێزی چەکداری بە پێشمەرگە و ناوخۆ و ناوە جیاوازەکان هەیە، کە نزیکەی نیوەی بودجە بۆ موچەی ئەو هێزانە خەرج دەکرێت. لەسەر ناوی وەهمی و بندیوار، ئێمە وەک لیژنەکەمان چوینەتە فەوجێکەوە لەو فەوجە ٢٣ پێشمەرگە لە دەوام بووە، بۆ ئەوانی تر هەر یەکەی بیانویەکیان دەهێنا، ئێمە بە تەلەفۆن لە پێشمەرگەیەکمان پرسی دواتر بە داخەوە لەسەر ئەوە سزایان دا، وتمان بۆ لە دەوام نیت؟ وتی، ئامر فەوجەکەم وتویەتی تۆ ٢٠٠ هەزارم بدەرێ بچۆرەوە ماڵەوە تاکسیەکەی خۆت بگێڕە دەوام مەکە! بەڕاستی ئێمە پەرۆشین بۆ ئەم هەرێمە کە هەر چوار دەورمان بەد وژمن گیراوە، لە بەغداش دوژمنێکی شۆڤێنی هەیە کە دەیەوێت ڕۆژبەڕۆژ هەرێم لاوازتر بێت، ئەگەرنا ئێستا دەتوانم شەست کێشەی ناو هێزەکانی پێشمەرگە بژمێرم، بە داخەوە خۆمان هۆکارین کە ٣٣ساڵە ئەم هەرێمە بەو جۆرە بەڕێوەدەبەین.
وەزیری پێشمەرگەش ناوی هێزەکانی ٨٠ی لا نییە، واتە وەزیری هیچ لایەک ناوی هێزەکەی لایەکەی تری لا نییە.
بە ڕاستی خەتای ئەمەریکییەکانیشی تێدایە، ئەمەریکییەکان خۆیان باش دەزانن کە دوو هێزی حزبی هەن، خۆیان هاتن لە لیژنەی پێشمەرگە وتیان ئێمەش گیرمان خواردووە بەدەست ئەم حزبانەی ئێوەوە، ئەی بۆ ئەوان فشار ناکەن ئەو دوو هێزە ئەو هێزانە یەکبخەنەوە و مانگی ٢٠ ملیۆن دۆلار دەدەن بە موچەیان؟
بەرپرسێکی باڵای ئەم هەرێمە لە کەسە یەکەمە دەسەڵاتدارەکانی ئەم هەرێمە زانیارییەکی درکاند لام، وتی، ئەزانی بۆ پارتی و یەکێتی هێزەکانیان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە ناکەن بۆ یەکخستنەوە، چونکە دەترسن کاتێک ئەم هێزانە بچنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەریکا خۆی موچەیان بداتێ و مەشق و ڕاهێنان و پێداویستییان بۆ دابین بکات سبەی بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی لە هەرێم وەک جۆرێک لە کودەتا دژی پارتی و یەکێتی بەکاربهێنرێنەوە.