مەسرور بارزانی لە بەغداوە دەڵێت کاردەکات بۆ پتەوکردنی "ئەو پەیوەندییە باشانەی ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان"

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی پێنجی 2024، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کرد بەتایبەت پرسی بودجە و مووچەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت یەکەم دیداری لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق ئەنجامدا و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی تری عێراق، لە نێوانیان سەرۆکوەزیرانی عێراق محه‌مه‌د شياع سوودانى، هادى عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی بنیادنان، وە قەیس خەزعەلی سەۆکی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌قی عێراقی کۆبوویەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق، مەسرور بارزانی زۆر بە کورتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند هۆکاری سەردانەکەی "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە هێشتا ماون.. وە لەلایەکی تریشەوە بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەی کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان."

سەبارەت بە کێشەی دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تری هەرێم بۆ ماوەی نزیکەی 50 ڕۆژ، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "لەسەر ئەوە گفتوگۆ دەکەین و ئیشەڵا چارەسەردەبێت."

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق ئاڵای کوردستانی بە دیاری دایە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بارزانی بۆ بەغدا ڕۆژی 30 پێنجی 2024.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، مەسرور بارزانی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور...دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت."

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند له‌ دیدارەکەدا بارودۆخى عێراق به‌گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاووتوێ کراون.

بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "هەرودوولا هاوڕابوون له‌سەر پێویستیی به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆى بنياتنه‌رانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

هەروەها پێشەوا هەورامانی، وتەبیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە "چارەسەری ڕیشەیی" کێشەی مووچەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان و مووچەی نەهاتوی هێزە ئەمنییەکان و پرسی دوبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گەنمی جوتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەبن لە بەغدا.

سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ لای محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕۆژی 30ی پێنجی 2024.

سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمننییەکانی تری هەرێم، ڕۆژی سێشەممە، 28ی پێنجی 2024، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیوا بەختیار بە دەنگی ئەمەریکای گوت " تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەکەیەتی، نەهاتنی مووچە کاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، هەم لە ڕووی دەروونی هەم لە ڕووی ژیانی."

لیوا بەختیار وتیشی بەهەمان میکانیزمی مانگی ڕابردوو کۆدی مووچەی هێزەکانیان لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە ناردووە بۆ بەغداد و بە پێی بەدواداچوونەکانیان لیستەکەیان تا ئێستا لە وردبینی دایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

هەمان ڕۆژیش سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "حکومەتی هەرێم لەهەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناوی ئامادە کردووە نەک کۆد، ئەم ناوانە ڕەوانەی عێراق دەکرێن تا لەسەر بنەمای ئەمە مووچەی کەرتی سەربازی هەرێم ڕەوانە بکرێت.