میسر داوای گەیاندنی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکات

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە بکەن.

ئەلسیسی لە دەمی بەشداریکردنی خۆی و سەرکردەکانی تری عەرەب لە لوتکەی پەکین، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "کردارێکی دەستبەجی و یەکلاکەرەوە ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوون لە ڕێگەپێدانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە بۆ شکاندنی گەمارۆکانی ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی بەزۆر ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان."

شی جین پینگ سەرۆکی چین ڕۆژی پێنجشەممە 69 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە ڕاگەیاند، هەروەها 3 ملیۆن دۆلاری بۆ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ڕاگەیاند.

شی وتی شەڕ "نابێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت" لە هەمان کاتدا هەڵوێستی چینی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پێویستی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ قەیرانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر زیاتر لە 50 ئامانج ئەنجامداوە.

هەروەها هێزی بەرگری ئیسرائیل باسی لە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، ناوچەی جەبەلی لە باکووری غەززە و لە بەشی ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردووە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل پێویستی بە پلانێکی دوای جەنگ هەیە "بە زووترین کات" و نەبوونی پلانێکی لەو شێوەیە دەشێت ببێتە هۆی کارەسات.

بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاشگەیاند " پێموایە ئەمە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە پلانێک بۆ دواڕۆژ هەبێت، چونکە لە نەبوونی پلانێک بۆ دواڕۆژ، دواڕۆژ نامێنێت".

بلینکن گوتیشی "ئەگەر وا نەبێت، حەماس بە بەرپرسیار دەمێنێتەوە، ئەمەش قبوڵ ناکرێت. یان ئەگەر نا، ئاژاوە و بۆشایی یاسایی بەردەواممان دەبێت".

کاربەدەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرس لە پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی چوارشەممە ئەو نیگەرانیانەی دووپاتکردەوە و وتی ستراتیژییەکی سیاسی درێژخایەنتر دەبێت بەشێک بێت لە هەوڵەکانی ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان.

تۆر وێنسلاند لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی " با ڕوون بم: ئەو چوارچێوە و پێکهاتە سیاسیانەی ئێستا دایاندەمەزرێنین، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە سەرکەوتن یان شکستی ئەوەی لە دوایدا دێت." ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە پلان دابنێین و بە وردی و بیربکەینەوە و مامەڵە بکەین، چونکە بڕیارەکانی ئەمڕۆ نەخشەی فەرمانڕەوایەتی داهاتووی غەززە لە دادەڕێژن و کاریگەرییان لەسەر ڕێڕەوی گشتی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەبێت."

داواکاری هەنگاوی نێودەوڵەتی

لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەزائیر ڕەشنووسی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی بڵاوکردەوە کە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فەرمانی کاتی دادگای نێودەوڵەتی لە 24ی پێنجدا.

باڵیۆز عەمار بێندجامە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا گوتی "پێویستمان بە ئەنجومەنێکی یەکگرتوو هەیە، چونکە چاوەڕوانکردنی ئەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر خۆبەخشانە پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، بێمانایە. " ئەو بە ئاماژەدان بە ئیسرائیل گوتیشی "دەسەڵاتی داگیرکەر بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە پابەندی فەرمانەکانی دادگای نێودەوڵەتی نابێت".

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشی ڕەفەح هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە دڵنیابێت لەوەی حەماس نەتوانێت لە غەززە چالاکی بکات و لە داهاتوودا هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. ئیسرائیل دەڵێت چوار کەتیبەی بزووتنەوەی حەماس لە ڕەفەح ماون.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە پێویستییەکی بەپەلەیان دەربڕی کە ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی خۆی بهێنێت، بەتایبەتی لە دوای هێرشێکی ئاسمانی کە بەوە دەچێت ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام دابێت لە ڕەفەح و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 45 فەلەستینی کە پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە و برندار بوونی نزیکەی 200 کەسی تر.

مەجید بامیا، جێگری نوێنەری فەلەستینییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند "لەبری ئەوەی دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر ڕەفەح بوەستێنێت، وەک لەلایەن دادگای باڵای جیهانەوە فەرمانی پێکراوە، ئەو کەسانەی بۆردومان کردووە کە بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارە بوون و پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە."

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەو ئەگەرە دەکەن کە ئەو چەکانەی لەو ناوچەیەدا هەڵگیراون بەر هێرشەکانی ئیسرائیل کەوتبن و ڕەنگە بووبن بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کەمپی پەنابەران لە ڕۆژی یەکشەممە. وتەبێژی سەربازی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو تەقەمەنیانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون زۆر بچووکبوون بۆ ئەوەی ئاگرێکی گەورەی لەو جۆرە دروستبکەن.

ڕۆژی سێشەممە دانیال هاگاری وتەبێژی هێزی دەریایی ئیسرائیل گوتی "تەقەمەنیەکانمان بەتەنها نەیاندەتوانی ئاگرێکی بەم قەبارەیە هەڵگیرسێنن."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیگەرانی لەمەڕ ئەو هێرشەی ڕەفەح دەربڕی و ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەو وێنانە دڵتەزێن بوون."

ڕۆبەرت وود جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنەکەی وتووە "داوامان لە ئیسرائیل کردووە زیاتر کار بکات بۆ پاراستنی ژیانی فەلەستینییە بێتاوانەکان و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف و گشتگیر ئەنجام بدات".

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

مارگرێت بەشیر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاربووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە و هەندێک لە زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشییەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.