ئێوارەی ڕۆژی هەینی، هێزەکانی تورکیا دوو هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی دەوروبەری قامشلۆ ئەنجام داوە.
لە هێرشی یەکەمدا بنکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە شارۆچکەی تلحەمیسی باشووری قامیشلۆ کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستدا. کاتێک ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە درۆنی تورکیا شوێنەکەی کردە ئامانج.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، فەرهاد شامی دەڵێت " لە هێرشێکی تیرۆریستی نوێدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا 2 ئۆتۆمبێلیان کردە ئامانج، لەنێویاندا ئۆتۆمبێلێک کە هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکانی دەد. هەروەها خاڵێکی سەربازی هێزەکانمان لە ناوچەی تلحەمیسیش کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو شەڕڤانان شەهید بوون."
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سوپای تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دژی هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا ئەنجامداوە، کە تیایدا شارە کوردییەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی داگیرکردووە. کاربەدەستانی تورکیا بەردەوام دەڵێن، هەمیشە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئارادایە
کاربەدەستانی ئەمەریکایی پێشتر نیگەرانی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا دەربڕیوە، بەتایبەتی سەبارەت بە کاریگەریی ئەو چالاکییە سەربازییانە لەسەر خەڵکی سڤیل و لە هەوڵەکانی دژ بە چەکدارانی داعش.
تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریا. کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن کە ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی ژێرخانی ڕێکخراوەیی هێزە کوردییەکان و سەرچاوەکانی داهاتیانە کە تورکیا بە هێزێکی سەر بە پەکەکەیان دەزانێت..
.