بەشدار حەسەن: چاوەڕێین بە زووترین کات مژدەی ئازاد کردنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ڕابگەیەنین

سلێمان ئەحمەد

پارێزەری ڕاسپێردراو لە دۆسیەی ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراو سلێمان ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت، دوای نزیکەی حەوت مانگ لە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەوانە توانیویانە دوو جار لە زیندان سەردانی بکەن و لە نزیکەوە گفتووگۆی لەگەڵدا بکەن، وتیشی ئەوان لە هەوڵدان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەو ڕۆژنامەوانە دادگایی بکرێت و "مژەی ئازادکردنی" ڕابگەیەنن.

بەشدار حەسەن پارێزەری ڕاسپێردراو لەسەر دۆسیەی سلێمان ئەحمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە وەک تیمی پارێزەران توانیمان دووجار سلێمان ئەحمەد لە زیندان ببینین و توانیمان وەکالەتەکەی بۆ بکەین و بەفەرمی بووینە پارێزەر لە دۆسیەکەی."

وتیشی،" سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سلێمان، ئەو زۆر باش بوو هیچ کێشەیەکی تەندروستی و دەروونی نەبوو."

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 25ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، کاتێک لە ڕۆژئاواوە دەگەڕیتەوە هەرێمی کوردستان، لە سێمێلکای سەر سنور دیارنامێنێت، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ لە دیارنەمانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تیمێک لە پارێزەران و خێزانەکەی توانیان لە زیندان سەردانی ئەو ڕۆژنامەوانە بکەن.

بە پێی بەیاننامەی سەنتەری میترۆ کە لە 30 ی مانگی 10 بڵاوکراوەتەوە، سلێمان ئەحمەد لە یەكی مانگی 10 ی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی "بەرێكاری یاسایی" سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردووە. هەر بەو رێكارەش كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە لە 25ی مانگی 10 ی 2023 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی، خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە و دیاری نەماوە.

هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا پێشتر چەندین جار لەسەر ئەم دۆسیەییە هەوڵیداوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم بکات و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و هەواڵی ئەو ڕۆژنامەوانە بزانێت، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، جگە لە بەیاننامەیەکی ئاسایشی دهۆک لە ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 لەسەر ئەم دۆسیەییە کە تیایدا سلێمان تۆمەتبار کرابوو بە ئەندامبوون لە ڕیزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان"، ڕاگەیەندراوێکی دیکە سەبارەت بەو ڕۆژنامەوانە بڵاونەکراوەتەوە.

لە ڕایگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لەسەر ئەم دۆسیەیە هاتووە،" هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."

بەڵام پارێزەرەکەی ئامادە نەبوو وردەکاری دۆسیەکەی ئاشکرابکات بەهۆی کارکردن لەسەر دۆسیەکەی و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا.

بەشدار حەسەن وتی،" هەندێ وردەکاری ناو دۆسیەکەی هەیە نامانەوێت لە ڕاگەیاندن باسی بکەین، بەڵام لە هەوڵداین لە ماوەیەکی نزیکدا ڕۆژی دادگایی کردنەکەی بە هاوکاری لەگەڵ دادگای تاوانی دهۆک کاتێکی نزیک بۆ دادگایی کردنەکەی دابنێین، چونکە ئیتر ئەوراقەکانی لە ئاسایش نەما ئیحالە بوون، چاوەڕێین لەم دوو هەفتەیەدا کاتی دادگاییکردنی دیاری بکرێت و مژدەی ئازادی ڕابگەیەنین."

وتیشی،" ئێمە پێمان وایە و هەوڵیشمان بۆ ئازاد کردنییەتی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایە ئازاد دەکرێت یاخود نا."