سەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ دەستگیردەکرێت و قەیوم لە جێگای دادەنرێت

هەکاری

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سدیق ئاکش سەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ (هەکاری) بە تۆمەتی " ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی چەکداری" لە کارەکەی دوورخستەوە و لە شوێنی ئەو عەلی چلیک پارێزگاری هەکاری وەکو قەیوم (نوێنەری دەستنیشانکراوی دەوڵەت لە بری نوێنەری هەڵبژێردراو) دانا.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێزە ئاسایشییەکان دەوروبەری شاری دەوروبەری شارەوانی جولەمێرگیان گەمارۆدا و دواتر دەستیان کرد بە گەڕان لە ناو بیناکەدا. هەروەها پاشان هەڵمەتێکی گەڕان لە ماڵەکەیدا دەستیپێکرد و لە ئەنجمدا دەستگیرکرا.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ئاکش لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە و قەیوم لە جێگای دانراوە بەهۆی بەردەوامی دۆسسێیەکی ساڵی 2014 لە دژی و پاشان دەستگیرکردنی.

بەڵام ، ئازاد ئوزەر پارێزەری ئاکش دەڵێت، هیچ زانیارییەک لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە نییە، چونکە بڕیارێکی نهێنی لە سەر دۆسێیەکەی هەیە.

دەشڵێت "دۆسیەیەکی نوێ لەسەر ئاکش کراوەتەوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی نازانین. چونکە لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی ئەنجام دەدرێت، زانیاریمان پێ نادەن. ڕوونە کە پۆلیس و داواکاری گشتی لەگەڵ یەکدان و هیچ زانیارییەکمان پێنادەن. ئێستا پۆلیس ئاکش دەهێنێتە جولەمێرگ."

هاوسەرۆکەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی ( پارتی دەم) تولای هاتیمۆگولاری و تونجەر باکرهان بە بەیاننامەیەکی نووسراو وەڵامیان دایەوە.

باکرهان ڕایگەیاند "ئاکەپە-مەهەپە ئیرادەی گەلی قبوڵ نەکرد و دەستی دادگا و پۆلیسان کردە کارە نایاساییەکان کرد بەرامبەر بە نوێنەرانی ڕەوا و دیموکراسی گەل. ئێمە ئەم کودەتای قەیوم و دژبەری کوردە ڕەت دەکەینەوە. ئێمە هیچ کات ئیرادەی خۆمان لەدەستنادەین و دەڵێن ئیتر بەسە. ئێمە داوا دەکەین کارە نایاساییەکانی کە دەبنە مایەی تێکچوونی پاشەڕۆژی دیموکراتی تورکیا کۆتایی پێبێت. داوا لە هەموو بازنەکانی دیموکراسی و شۆڕشگێڕ و ئاشتیخواز دەکەین لەگەڵ هەکاری لە دژی ئەم خراپ بەکارهێنانە یەکبگرن و کاردانەوەی دیموکراسی خۆیان نیشان بدەن".

هاتیمۆگولاریش ڕایگەیاندووە، "ئەو حکومەتەی لە سندوقەکانی دەنگدان شکستی هێنا، هەوڵدەدات جارێکی دیکە ئیرادەی خەڵک بدزێت. ئێمە هەرگیز لە ئاست ئەمە بێدەنگ نابین. داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هەوڵی دیموکراسی دەدەن دژی ئەم عەقڵیەتە بوەستنەوە."

دوای دانانی قەیوم، پارێزگاری جولەمێرگ بۆ ماوەی 10 ڕۆژ هەموو چالاکیی و خۆپیشاندانێکی قەدەغە کرد.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی 31ی سێدا، کاندیدەکانی دەم پارتی، محەمەد سدیق ئاکش و ڤیان تەکچە لە سەدا 48ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا و بوونە هاوسەرۆکی شارەوانی شاری جولەمێرگ. شایانی باسە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014 و 2019 پارێزگاری قەیوم ( نوێنەری دەستنیشانکراوی دەوڵەت لە جێگای نوێنەری هڵبژێردراو ( ڕاگەیەندرا.