وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی لە نێو ناوەندەکانی خوێندن و خێزانەکان نەبوونەتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان و دەبنە "پارێزەری" هەر منداڵێک ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە.
ڕۆژی 4ی شەشی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانی منداڵانی قوربانی توندوتیژی دەستنیشانکراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 44 ساڵ لەمەبەر ئەم ڕۆژەی تەرخانکرد بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژ بە منداڵان.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "وەزارەتمان هێڵی گەرمی 116ی هەیە، هەر منداڵێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت و پەیوەندی بکات، ئەگەر توانیمان بە تەلەفۆن بۆی چارەسەردەکەین، ئەگەر نا توێژەری دەروونی دەنێرین و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین، بۆیە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە هەر کوێیەک منداڵێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت پارێزەری ئەو منداڵەین."
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی وتیشی، "وەک ڕوونە بە هۆی یاساوە ئێستا لێدان لە منداڵ لە ناوەندەکانی خوێندن قەدەغەیە و مەگەر حاڵەتی دەگمەن هەبێت، بەهەمانشێوە لە نێو خێزانەکانیش هەر حاڵەتێک هەبووبێت یەکسەر دەرکەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم کێشەکەوە ڕۆشتوون و چارەسەرکراوە."
لە ساڵی 1959 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی مافەکانی منداڵی پەسەند کرد کە تێیدا مافەکانی منداڵان پێناسە دەکات بە دابینکردنی پاراستن و پەروەردە و چاودێری تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و خۆراکی باش.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دیاردەکانی دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان کەیسی زەق هەبووە، بەڵام لەبەر منداڵەکە و حاڵەتەکە ئاشکرامان نەکردووە و ناشیکەین."
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم لە ئێستادا هاوبەشی دوو پرۆژە دەکات لەبارەی ڕووپێوی منداڵانی سەر شەقامەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی توندوتیژی بەرامبەریان.
وەزارەتەکە لە ساڵی 2023 ڕووپێویەکی لە سەر منداڵانی کارکەر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند و بڕیارە ئەمساڵیش کار لەسەر ئامارەکانی هەولێر و دهۆک بکات.
بەپێی ڕووپێوییەکە، کۆی گشتی ژمارەی منداڵانی کارکەر بریتییە لە 1466 کە پێکهاتووە لە 1010 منداڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 124 لە هەڵەبجە، 211 لە ئیدارەی گەرمیان و 121 منداڵی کارکەریش لە ئیدارەی ڕاپەڕین.
لە بەشێکی دیکەی ڕووپێوییەکەدا هۆکارەکانی پشت کارکردنیان خراوەتە ڕوو و دەرکەوتووە 94.99 %ی منداڵان بەهۆی هەژاری خێزانەکانەوە بووە، وە 4.2% وەکو هەستکردن بە بەرپرسیاریتی کاردەکەن.
ڕووپێوییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو 40.2% ی ئەو منداڵانەی کاردەکەن ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە چ دەروونی بێت یاخود سێکسی یان ئازاری جەستەیی و زارەکی بێت.
نیشتمان جەمیل توێژەری کۆمەڵایەتی لە بارەی توندوتیژی بەرامەر منداڵان پێیوایە، "توندوتیژی بنەبڕ ناکرێ بە هیچ یاسایەک مەگەر بە شێوەیەک تاک خۆی بڕیار بدات لە ناخی خۆیدا کە توندوتیژی ئەنجام نەدات."
نیشتمان جەمیل دەڵێت هۆشیارکردنەوەی تاک لە کاتێکدا دەڕەخسێت کە ژینگەکەی لەبار بێت بۆ دروستکردنی تاکی ناتوندوتیژ. دەشڵێت، "ناوەندەکانی خوێندن بە دەرنین لەو ژینگە توندوتیژە ناهەموارەی کە هەر تاکێک تێدا دەژی، بۆیە بە شێوەی هەڕەمی لە ناو قوتابخانەشدا توندوتیژی شۆڕدەبێتەوە و لە بەڕێوەبەرەوە بۆ مامۆستا و کاروگوزار و فەرمانبەر وقوتابی و دواتر لە نێو قوتابیەکانیشدا دیسان پلە و پلە شۆڕدەبێتەوە، بۆیە بە دڵنیایەوە توندوتیژی ماوە و بەردەوامیشی دەبێت."
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە لە بارەی ئەوەی هەتا چەند لە نێو خێزان و تاکی کورد هێشتا توندوتیژی بەرامبەر منداڵان دەکرێت وتی، "لە نێو خێزانەکان هێشتا باوەڕ بە توندوتیژی ماوە بەرامبەر بە منداڵەکانیان، هەندێک پێی وایە ڕێگا ڕاستەکەیە، ئەگەر لە نێو خێزانێکیش توندوتیژی جەستەی نەبێت، بە دڵنیایەوە توندوتیژی دەروونی بوونی هەیە."
لە ڕۆژی 21ی شەشی 2011، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە تووندوتیژیی لەهەرێمی كوردستان - عێراقی پەسەند كرد كە لە 10 ماددە پێكهاتووە.
چەند مانگێک دوای پەسەنکردنی یاساکە، هەوڵدرا چەند بڕگەیەکی یاساکە هەمواربکرێنەوە و ڕۆژی 21ی نۆی 2022 پەرلەمانی هەرێم خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەموارکردنەوەکە کرد.
بەڵام ئەم پڕۆژەیە دواتر شکستی هێنا بەهۆی ئەوەی بووە هۆی مشتومڕێکی توند لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی ڕووبەڕووی وەستانەوە و دەیانگوت هەوڵێکە بۆ "هەڵوەشاندنەوەی خێزان."
Your browser doesn’t support HTML5