سەرۆک بایدن فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ سنووردارکردنی پەنابەران لە سنووری ئەمەریکا و مەکسیک واژۆ دەکات

سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد کە بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک سنووردار دەکات.

بەگوێرەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، فەرمانەکە بە شێوەیەکی کاریگەر سنوورەکە دادەخات کاتێک تێکڕای ژمارەی ڕۆژانە لە هەفتەیەکدا لە نێوان خاڵەکانی چوونەژوورەوە بۆ ناو ئەمەریکا دەگاتە 2500 کەس. فەرمانەکە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت کاتێک بایدن واژۆی دەکات ، چونکە ئەو ژمارەیە تا ئیستا زۆر لە سەرووی ئەو سنورەوەیە.

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " سەرۆک بایدن بڕوای بەوەیە دەبێت ئێمە سنوورەکانمان بپارێزین، بۆیە ئەـڕۆ بڕیارێکی کرادارێکی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند بۆ ڕێگری کردن لەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی سنووری باشوورمان دەبەزێنن لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی."

سەرۆک ئەو فەرمانەی لەسەر بنەمای یاسای کۆچ و نەتەوەیی کە تەمەنی 72 ساڵە و بە 212 (f) ناسراوە دەرکردووە، کە دەسەڵاتێکی فراوان دەدات بە سەرۆک ڕێگری بکات لە هەر جۆرە کۆچبەرێک بۆ هاتنە ناو وڵاتەکەوە کە بڕوا بکرێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت.

سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ پشتی بەو بڕگەیەی 212(f) بەستووە بۆ دەرکردنی هەندێک لە توندترین کردەوەکانی سەبارەت بە کۆچبەری، لەوانە ئەوەی پێی دەوترێت "قەدەغەکردنی موسڵمانان" کاتێک کۆچ و گەشتی حەوت لە وڵاتانی زۆرینەی موسوڵمانی قەدەغە کرد، هەروەها سیاسەتی "لێبوردەیی سفر" بۆ پەڕینەوەی نایاسایی سنوور، کە بووە هۆی جیابوونەوەی هەزاران منداڵ لە دایک و باوکیان. سەرۆک ترامپ بەڵێنی داوە دەست بکاتەوە بە سیاسەتە توندڕەوەکانی کۆچ ئەگەر لە مانگی یانزەدا دووبارە هەڵبژێردرێت.

بایدن ئەم هەنگاوەی لە پاش ئەوە نا کە پڕۆژە یاسای هەردوو حزب بۆ ئاسایشی سنووری لەلایەن زۆربەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات – و هەندێک لە دیموکراتەکانەوە – لە مانگی دوودا ڕەتکرایەوە، دوای ئەوەی ترامپ بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەو پڕۆژە یاسایە.

چەندین سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکانی نزیک سنووری ئەمەریکا و مەکسیک بانگهێشت کراون بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی شایەتحاڵی واژۆکردنی ئەو فەرمانەی سەرۆکایەتییە بن.

هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس وەرگیراوە.