ڕۆژی 2ی شەشی 2024، لە زینی وەرتێ ژن و پیاوێک بە کوژراوی دۆزرانەوە و دواتر میدیاکانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوە کرد گوایە پێشتر پەیوەندی سۆزداری لە نیوان هەردوو کوژراوەکەدا هەبووە و بەهۆی بەیەکنەگەیشتنیان ژنەکە بە دەمانچە کۆتای بە ژیانی پیاوەکە و دواتر خۆشی هێناوە.
سەرچاوە فەرمییەکانی ناوچەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەم دەنگۆیەیان پشتڕاستنەکردەوە، بەڵام ڕایانگەیاند لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا بەردەوامن و کەسوکاری کوژراوەکان تا ئێستا سکاڵایان تۆمارنەکردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریابنەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، ناوی یەکەمی هەردوو کوژراوەکان بریتییە لە ڕۆشنا و شۆڕش، وە تەمەنیان لە نیوان 25 ساڵ بۆ 30 ساڵدایە. کەسوکاری کوژراوەکان دوای چەند ڕۆژێک بە شێوەی کۆمەڵایەتی کۆتاییان بە پرسەکە هێناوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژن و پیاوەکە خەڵکی گوندی باوزێن لە قەڵادزێ. پیاوەکە ساڵانێک لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و ماوەیەک لەمەوبەر گەڕاوەتەوە کوردستان بۆ ئەوەی کچە خاڵێکی خۆی بهێنێت. پاش ئەوەی خۆشەویستە کۆنەکەی بەمەی زانیوە، بانگهێشتی کردووە بۆ سنوری وەرتێ تا یەکتر ببینن و لەوێ کۆتایی بە ژیانی کوڕەکە و خۆشی هێناوە."
ئەو سەرچاوەیە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، پیاوەکە پێشتر چەند جارێک چووەتە داوای ژنەکە بەڵام کەسوکاری ژنەکە بە هاوسەرگیری نێوانیان ڕازی نەبوون.
وتیشی دوای ڕوداوەکە "کەسوکاری هەدوولایان بۆ گەورەنەبوونی کێشەکە، پەنایان بۆ دانیشتنی کۆمەڵایەتی بردووە و کێشەکەیان کۆتایی پێهێناوە و تەنانەت سکاڵاشیان لە پۆلیس تۆمارنەکردووە، چونکە هەردووکیان خەڵکی یەک ناوچەن و هۆکاری کوشتنەکەش تەنها ئەوەیە کە کوڕە کوژراوەکە نەیتوانیوە هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی بکات."
سەرچاوەیەکی تر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سەرەتا هەردوو بنەماڵەکە بۆ ماوەی نزیکی 24 کاتژمێر ئامادەنەبوون تەرمی کوژراوەکان وەربگرنەوە.
دەنگی ئەمەریکا سەربەخۆ نەیتوانی ڕاستی هۆکاری کوژرانی دوو کەسەکە پشتڕاست بکاتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لێکۆڵینەوە تا ئێستا بەردەوامە.
دوای ڕووداوەکە، "ڕیشسپی و پیاوماقولانی" ناسیاوی هەردوو بنەماڵەکە بە ڕێگەی کۆمەڵایەتی "چارەسەری" پرسەکەیان کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی دانیشتوانی گوندی باوزێ بڵاوکرایەوە و دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، "کۆتایی هاتنی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە" ڕاگەیێندراوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە و میهرەبان، ئەمشەو بەرواری 4-5ی شەشی 2024، لە کۆتا پرسەی هەردوو جوانەمەرگ (ڕۆشنا خان) و (کاک شۆڕش) لەماڵی کاک حەسەن شوان و کاک عومەر ڕەسوڵ دانیشتنێکی برایانەمان ئەنجامدا بەئامادەبوونی سەرجەم براگەورە و ڕیشسپی و کەسایەتییەکانی گوندی باوزێ؛ ئەوانەی کە لەوێش ئامادە نەبوون بە تەلەفۆن بیروڕایان لەگەڵ ئاڵوگۆر کرا، هەروها سەبارەت بە ئاشتەوایی هەردوو بنەماڵەی کۆچکردوو کە بەراستی هەردووبنەماڵەکە خاوەنی مەوقیفێکی هیندە گەورەبوون هەتا مردن لە مەمنونیان دەرناچین. هەردولا وتیان، 'ئێمە هەر بڕیارێک لەلایەن خزمانەوە درابێت، ئەوە جێگەی ڕەزامەندی ئیمەشە،' وە خزمانیش زۆر سوپاسی هەردوو بنەماڵەیان کرد سەبارەت بەو هەڵوێستە جوامێرانەیان لەپێناوی تەبایی و خزمایەتی، وە هەردوولا باوەشی گەرمی خزمایەتییان بۆیەکتر کردەوە و بەدڵێکی پڕ لە سۆزەوە یەکتریان ماچ کرد و کۆتایی بە کێشەکە هات."
ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت ئاشتبوونەوەکە "هەموو خەم و نیگەرانیەکی لەناوخزماندا ڕەواندەوە و سۆزو خۆشەویستیەکی زۆری بەسەرجەم خزمانی باوزێ بەخشی، کەهیچ کاتیک لەبیر نەوەکانی ئایندەشمان نەچێتەوە. بۆیە ئێمەش جاریکیتر بەناوی سەرجەم ریش سپی و برا گەورەکانی گوندی باوزێ سوپاسی هەردوو بنەماڵەکە دەکەین، وەدڵنیاشیان دەکەینەوە کە ئێمە وەک خزمانی باوزێ هەردوو جوانەمەرگ بە کوڕ و کچی خۆمان دەزانین و خەسارەتیکە بۆهەرتاکیکی گوندی باوزێ."
بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ دەڵێت تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.
شۆڕش حەسن بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای ڕووداوی کوشتنی ئەو ژن و پیاوە، هێزە ئەمنییەکانی سنورەکەمان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکانیان گواستنەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران و ئێستا پۆلیس لیکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و هۆکارەکەی ڕووننەبووەتەوە."
شۆڕش حەسن بێئاگایی خۆی لە چارەسەرە کۆمەڵایەتییەکە نیشاندا و وتی، "سەرەتا ناسنامەی هەردوو کوژراوەکە دیارنەبوو، بەڵام دواتر تەرمەکانیان ڕادەستی کەسوکاریان کرا."
هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی کەسوکاری هەردوو کوژراوەکە بێئەنجام بوون.
شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەبارەی حاڵەتی کوشتنی ئەو کوڕ و کچە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەکرێت و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەرئەنجامەکەی دەخرێتە پێش دادوەر."
ئەو وتەبێژە وتیشی، "کەسوکاری هەردوولا تا ئێستا لە پرسەدان و سکاڵایان تۆمارنەکردووە و ئێمە ئاگاداری ئەوە نین ئەگەر بە سوڵحی عەشایەری کەیسەکەیان لای خۆیانەوە کۆتای پێهێنابێت، بەڵام ئێمە لە ڕووە یاساییەکەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."
Your browser doesn’t support HTML5