ژمارەی قوربانیانی فەڵەستینی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان بۆ 274 کوژراو بەرزبووەوە

دانیشتوانی غەززە و میدیاکانی حەماس ڕایانگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە سەرلەنوێ بۆردومانی ناوەڕاستی غەززەیان کردووە و ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینیش لە هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان بەرزبۆتەوە بۆ 274 فەلەستینی.

پزیشکانی فەلەستینی دەڵێن، ئەو بۆردومانە خراپترین بۆردومان بووە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ بوون بە قوربانی.

ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، 274 فەلەستینی کوژراون، کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو 210 فەلەستینی کوژران و 698 کەسیش بریندار بوون کاتێک کۆماندۆکانی هێزی تایبەتی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەلنوسەیڕات کە ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان لەوێ نیشتەجێن،. ئەم هێرشە لەپێناو ڕزگارکردنی چوار بارمتەدا بوو کە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە کە سەر بە بزووتنەوەی حەماسە، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، 64 لە کوژراوەکان منداڵن و 57 کەسیشیان ژنن.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەفسەرێکی هێزە تایبەتەکان لە ئاڵوگۆڕی تەقەکردن لەگەڵ چەکدارەکان لە پەراوێزی هێرشەکەدا کوژراوە. هەروەها دەشڵێن کەمتر لە 100 فەلەستینی کوژراون، هەرچەندە نازانن چەندیان چەکدار یان مەدەنین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سێ فەلەستینی کوژران و چەند کەسێکیش بریندار بوون لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ئەلبوریەج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە. هاوکات تانکەکان بەشێک لە ئەلمەغازی و ئەلنوسەیراتیان تۆپباران کردووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری بوریەج و شاری دێر ئەلبەلا لە ناوەندی ناوچەی کەنار دەریاکان و بەو هۆیەوە چەندین چەکداری فەلەستینی کوژراون و بنکە و مۆڵگەکانی چەکدارانیش وێرانکراون.

هێرشی تانکەکانی ئیسرائیل بۆ تەواوکردنی گەمارۆدانی تەواوی بەری ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحە، هاوکات ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادان لەگەڵ گروپە چەکدارە پەرتەوازەکانی سەرکردایەتی حەماسدا.

وەزارەتی تەندروستی لە ناوچەکانی سەر بە حەماس لە نوێکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکاندا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیلەوە لە غەززە هەتا ئێستا لانیکەم 37 هەزار و 84 فەلەستینی کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون. وەزارەتەکە دەڵێت ترسی ئەوە هەیە هەزاران کوژراوی دیکە لە ژێر داروپەردووی بینا ڕووخاوەکاندا لەناوچووبن.

هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لە ئێستادا بۆ ناوبژیوانیکردن و گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ئاگربەستێکی هەمیشەی. بەڵام ئەو هەوڵانە بەهۆی شکستیان هێناوە و شەڕ هەر بەردەوامە و بارمەتەکانیش زوربەیان چارەنوسیان نادیارە.

سەرچاوە: رۆیتەرز