فرانک مەکێنزی دەڵێت کوردەکان مافی خۆیانە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت

فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت کوردەکانی سوریا مافی خۆیانە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت."

فرانک مەکێنزی جەنەراڵی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکام) لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی ئایا کوردەکانی سوریا مافی خۆبەڕێوەبەریان بەدەستهێناوە، دەڵێت "بە دڵنیاییەوە کورد ەکان مافی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەیە، جا ئەمە چ لە ڕیگەی ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەگەڵ سوریا بێت یان نا، ئەوەیان نازانم چۆن دەبێت، بەڵام دەشزانم حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕووی خۆشی بەم پرسە نیشان نەداوە."

دەشڵێت "من باوەڕم وایە ئێستا کورد لە سوریا لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە و خۆیان لە هەموو کەس زیاتر هەست بەمە دەکەن و دەشزانن داهاتوویان بەندە بە بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا."

فرانک مەکێنزی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرکردایەتی هێزەکانی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژئاواش دژی داعش کاری کردووە، دەڵێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا ئەو دەرفەتە دەداتەوە بە داعش جارێکتر بەهێز ببنەوە."

فەرماندەی پێشووی سێنتکام سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقیش دەڵێت "من باوەڕم وایە کە هێزەکانمان لە عێراق پێویستە بەردەوام بن لەو ڕێگایەی ئێستا لەسەریین و لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا لە زنجیرەیەک گفتوگۆی ئاست بەرزداین بۆ ئەوەی بە تەواوی دیاری بکەین کە داهاتووی وڵاتەکە دەبێت بەرەو چ ئاراستەیەک بڕوات."

دەشڵیت "باوەڕناکەم حکومەتی عێراق بیەوێت ئێمە بچینە دەرەوە، هەرچەندە دەزانم حکومەتی عێراق دابەش بووە و هێزەکانی سەربە ئێران دەسەڵاتێکی زۆریان لەو وڵاتەدا گرتووەتە دەست، بەڵام هێشتا لایەنێکی بەهێز لە عێراقدا هەیە کە خوازیاری پاراستنی سەروەری عێراقە و دەیەوێت عێراق نەتەوەیەکی سەربەخۆ بێت، بۆیە باوەڕناکەم داوای ڕۆشتنمان لێ بکرێت و پێموایە لە کۆتاییشدا حکومەتی عێراق سوودەکەی ئەمە دەبینێت."

مەکێنزی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت "بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گڕیدراوی بوونی ئەمریکایە لە عێراق و دەڵێت "تا لە عێراق نەبین، ناتوانین لە سوریاش بین، چونکە عێراق سەکۆی هێزەکانمانە لە سوریا."

فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەڵامی چەند پرسیاڕیکدا سەبارەت بە پرسی ئێرانیش دەڵێت "کاتێک قسە لەسەر ئێران دەکەین پێویستە ئەوە بزانین کە ئێران وڵاتێکی کۆنە کە ڕەگ و ڕیشەی ئیمپراتۆرییەتی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بۆیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئێراندا پێویستە لە کولتوری فارس تێبگەین و ئەوە بزانین کە ئەوان ناوچەکە چۆڵ ناکەن و دەمێننەوە و ئێمەش ناتوانین ڕزگارمان بێت لێیان و تەنها ئەتوانین ناچاریان بکەین ڕێز لە سەروەری یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن."

فرانک مەکێنزی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە ناوی "خاڵی توانەوە؛ فەرماندەی باڵا و شەڕ لە سەدەی بیست و یەکەمدا" ڕەخنەی لە شێوەی مامەڵەکردنی ترامپ و بایدن لەپەیوەند بە ئێرانەوە دەگرێت و نووسیوێتی هەڵمەتی زۆرترین فشاری بەڕێوبەرایەتی ترامپ نەیتوانی تاران بەچۆکدا بهێنێت و هەروەها ڕێبازی نەرمی بایدنیش بەرامبەر بە ئێران بێکاریگەری و بێ دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتییەکەی نیشان دەدات.

ناوبراو لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت بۆ گۆڕینی ئێران پێویستمان بە فشارێکی هەمەلایەنە و سەپاندنی سزای کاریگەر هەیە و دەشڵێت "من باوەڕم وایە لە هەموو حاڵەتەکاندا، ئەو سزایانە کاتێک کاریگەریان دەبێت کە ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵە وڵاتانی هاوبیر و هاوپەیمانانمان ئەوە کارە پێکەوە بکەین بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکەین وەک ئەندامێکی بەرپرسیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەفتار بکات."

فرانک مەکێنزی ژەنەڕاڵێکی چوار ئەستێرەی سوپای ئەمەریکایە کە لە ساڵی 2022 دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی سێنتکام خانەنشین بوو. ناوبراو لە ساڵی 2019 تا ساڵی 2022 فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.