باوکی نەوجەوانە سوتاوەکەی سلێمانی: ئێستا خۆم بە تاوانبار دەزانم ڕازی بووم بەو منداڵییە هاوسەرگیری بکات

باوکی ئەو نەوجەوانە تەمەن 17 ساڵەی شەش ڕۆژ بەر لە ئێستا لە شاری سلێمانی سووتا و ئەمڕۆش بە هۆی بەرزی ڕێژەی سووتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا، وردەکاری زیاتر لە بارەی دۆسیەی گیان لەدەستدانی کچەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات و ڕادەگەیەنێت خۆی بە "تاوانبار" دەزانێت کە ڕازی بووە کچەکەی بە تەمەنێکی کەم بدات بە شوو، دەڵێت،" گەر کچەکەم چاکبوبایەتەوە ئامادەبووم هەردوو چاوم و هەردوو گیورچیلەمی پێشکەش بکەم."

جەزا جەوهەر باوکی ئاڤان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ کچەکەم گیانی لەدەستدا، سەرەڕای مردنی کچەکەم و دوو منداڵەکەی کە دووگیان بوو بە منداڵی دوانە، منداڵێکی تریشمان لەدەستداوە کە هی خێزانەکەم بوو، چونکە خێزانەکەشم منداڵی لە سکدابوو تەمەنی 4 بۆ 5 مانگ دەبوو، بە هۆی هەڵگرتن و گواسنتەوەی ئاڤان لە نەخۆشخانە ئەویش مناڵەکەی ناوسکی لەدەستدا."

وتیشی، "من بە دانپێدانانی خۆم ئێستا خۆم بە تاوانبار دەزانم کە ڕازی بووم بەو منداڵییە کچەکەم هاوسەرگیری بکات، هەرچەندە خۆی ڕازی بوو بەو هاوسەرگیرییە، ئەگەر کچەکەم چاک بوبایەوە، ئامادەبووم هەردوو چاوم و هەردوو گورچیلەمی پێ ببەخشم."

ئێوارەی 6ی مانگی شەش هەواڵی سووتانی ژنێک لە شاری سلێمانی بڵاوکرایەوە. دەنگی ئەمەریکا هەمان ڕۆژ بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ژنەکە لە دانپێدانانی پۆلیسدا، دەڵێت خۆی خۆی سووتاندووە لە داخی هاوژینەکەی و ئێستاش هاوژینەکەی بە پێی ماددەی 408 لە لای پۆلیس ڕاگیراوە."

بەڵام دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە بە چەند ڕۆژێک لە بڵاوکراوەیەکی ڤیدیۆییدا کە کۆپیەکی لای دەنگی ئەمەریکایە، ئاڤان دەڵێت، " هاوسەرەکەم نەوتی کردووە بە جەستەمدا و منی سووتاندووە، هاوکات برۆ و سەریشی تاشیوم، بەڵام لەبەر خێزانەکەم سەرەتا وتوومە خۆم خۆمم سووتاندووە."

دوای مانەوەی بۆ نزیکەی شەش ڕۆژ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 12ی مانگی شەش ئاڤانی تەمەن حەڤدە ساڵ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستدا و ئێستا دۆسیەکەی لە لێکۆڵینەوەدایە.

ئاڤان جەزا، نەوجەوانێکی سلێمانی کە دوای سوتانی ڕۆژی 12ی شەشی 2024 گیانی لەدەستدا.

وێڕای جەخت کردنەوەی خێزانەکەی ئاڤان بە تۆمەتبارکردنی هاوسەرەکەی بە سووتاندنی کچەکەیان، بەڵام کەس و کاری کوڕەکە ڕەتی دەکەنەوە کوڕەکەیان ئەو کارەی کردبێت و دەڵێن ژنەکە بە هۆی "سحر لێکردنییەوە" هەستاوە بەو کارە.

دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا کاکەلاو عەبدوڵا، خەزووری ئاڤان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کچەکە بە دەمی خۆی پێی وتم خۆم خۆمم سووتاندووە."

بە قسەی کەسوکارەکەی ئاڤان تەمەنی تەنها حەڤدە ساڵە و ساڵێک و چوار مانگە هاوسەرگیری کردووە، ئەو دەرچووی قۆناغی نۆی بنەڕەتی بووە و بە هۆی هاوسەرگیریەوە وازی لە خوێندن هێناوە.

باوکی ئاڤان دەڵێت، " کچەکەم 17 ساڵە، پۆلی نۆی تەواو کردبوو، دەرچووبوو بۆ قۆناغی دە بەهۆی زەواجەکەیەوە وازیهێنا لە خوێندن."

Your browser doesn’t support HTML5

سوتانی ژنێکی حەڤدە ساڵ کە بە دوانەیەک دوو گیان بوو

وتیشی، "کچەکەی من نیقاب نەبووە بەزۆر کردوویانە بە نیقاب، ماڵی خەزوری دەڵێن کچەکەت سحری لێکراوە بۆیە خۆی سووتاندووە، بەڵام ئەم قسانە دوورن لە ڕاستییەوە، ماڵی خەزوری هەندێ وەرەقەیان دایە دەست من؛ من پێکەنینم پێی دەهات و باوەڕم پێی نییە، کچەکەی من نە سحری لێکراوە و نە چووە بۆلای مەلا تا سحری لێ بەتاڵ بکرێتەوە."

سەرەڕای بچووکی تەمەنی ئاڤان، بەڵام خەزوری جەخت لە بوونی گرێبەستی هاوسەرگیری کوڕەکەی و بووکەکەی دەکاتەوە و دەشڵێت، ئەوان زۆریان لە نیقاب بوونی بووکەکەیان نەکردووە.

کاکەلاو عەبدوڵا دەڵێت، "ڕاستە ئاڤان پێشتر نیقاب نەبووە، بەڵام ماوەی شەش مانگ دەبێت بە ئارەزوومەندانە نیقابی کردووە، بێ ئەوەی ئێمە پێی بڵێین. من هاوسەر و کچەکەی خۆم نیقاب نین."

باوکی ئاڤان لە دایک بووی ساڵی 1983 و هێرۆی دایکیشی لە دایک بووی ساڵی 1986، ئاڤانی کچیشیان لە تەمەنی 15 ساڵی هاوسەرگیری کردووە، هاسەرگیری ئاڤان لەو تەمەنەدا ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکوانانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکا بەدوای خۆیدا هێنا.

لەبارەی بە یاسایی بوون یان نەبوونی هاوسەرگیری ئاڤان و هاوسەرەکەی لەو تەمەنەدا، ئاودێر عەلی پارێزەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان لە سەروو 14 ساڵی کچ و کوڕ دەتوانن مارەبڕین بکەن، بەڵام بە ڕەزامەندی وەلی ئەمرەکەیان، وە لە سەروو 18 ساڵیشەوە خۆیان دەتوانن گڕێبەستەکە بکەن."