پرسی خۆسوتاندن و سوتاندنی ژنان لە هەرێمی کوردستان

ئاڤان جەزا، نەو جەوانەی سلێمانی کە دوای سوتانی ڕۆژی 12ی شەشی 2024 گیانی لەدەستدا.

لە هەرێمی کوردستان باسکردن لە کوشتن یاخۆکوشتن و خۆستاندن پەڕیوەتەوە بۆ سوتاندنی ژنان، بە جۆرێک چەند دۆسێیەکی سوتاندنی ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیان لەلایەن دادگاوە یەکلایی کرانەوە، نوێترین حاڵەتیش ئێستا لەەوان مشتومڕی خۆسوتاندنە یا سوتاندنیەتی هی ژنێکی حەڤدە ساڵە کە لەسڵەمانی ڕوویدا، هەفتەی ڕابردووش لە ناوەراستی شار و شەقامدا ژنێک خۆی و منداڵەکەی سوتاند، هەموو ئەو حاڵەتانەش هۆکارەکەی بەوتەی کەسانی بەئاگا و بەرپرس و کەسوکارەکانیان کێشەی خێزانیە.

دەپرسین..

چی ڕوودەدات؟ چی وایکردووە کوشتنی ژنان بەوشێوەیە بەرەو ترسناکی و دڕندەیی بڕوات؟

بۆچی نەتوانراوە ئەم سێوازە ترسناکە کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگری لەتەشەنەسەندنی بگیرێت؟

ئایا یاسا و دەستگیرکردن دەتوانێت پێشگری بەو حاڵەتە ترسناکانە بکات؟

ئایا بەڕاستی ئەم ژنانە خۆیان دەسوتێنن بەهۆی گرفتی دەرونی یا هەندێک گرفتی تر کەباسی دەکەن هەندێک یا سوتێنراون؟یاخود ناچار بەخۆسوتاندن دەکەن.

بیسەرانی بەڕێز من ژیار محەمەدم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە لە بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی خۆسوتاندن و سوتاندنی ژنان دەکەین بەمیوانداری بەڕێزان..

١-فێنک شەفیق حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان

٢-ڕائید سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی

٣-ئاڤان فارس جاف، چالاکوانی بواری ژنان و ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ

Your browser doesn’t support HTML5

بابەتی ڕۆژ

فێنک شەفیق حەمە ئەمین

کەس لە یاسا ڕزگاری نابێت، ئەگەر سەلمێنرا لە دادگاکان کە ئەو کەسە توندوتیژی خێزانی ئەنجام داوە یابۆتە هۆی ئەنجامدانی توند و تیژی، نمونەشمان لەکەیسی خاتوو سێوە قادر کە لە حوکمی یەکەمی دادگا کەسەکان سزا نەدرا تاوانبارەکە، بەڵام دوای تەمیزکردنەوە سزای خۆیان وەرگرت، هەروەها لەکەیسی خاتوو شنیاریش کەئەویش لە دادگا سەلمێنرا کەسوتێنرابوون لەلایەن مێردەکانیانەوە، دەتوانن هەم ژنان و پیاوان دەست بۆ خۆسوتان و خۆکوشتن نەدەن، دەتوانن پەنابەنەر یاسا،بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان.

دەبێت سزایەکی توندی یاسایی بۆ ئەوکەسانە دابنرێ کەژنان دەکوژن یا دەبنە هۆکاری خۆکوشتن و خۆسوتاندنی ژنان.

ئێستا ئێمە بەهاوکاری جەنابی وەزیرمان و لایەنەپەیوەندیدارەکان سەرقاڵی دانانی پلانێکی ستراتیژی پێنج ساڵەیین سەبارەت بەڕووبەڕووبونەوەی توند و تیژی خێزانی، یەک لەو هەنگاوانەی حکومەت بۆی دەچێتە پێشیەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توند و تیژی دەستبەسرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و سیمکارتی بێ ناوە.

لەڕووی یاساییەوە هەوڵی ئەوە دەدرێت کەئەوکەسەی دەبێتە هۆکاری سوتاندن و خۆکوشتنی ژنان، ئەوا سزاکەیان توند دەبێت و بەهیچ جۆرێک لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە.

هەروەها ئێمە هێڵی گەرمی ١١٩مان هەیە، کەکەسێک لەخێزانەکەی توشی توند و تیژی خێزانی ببێت ئەوا دەتوانێت پەیوەندی بکات و کەسانی پسپۆڕ وەڵامدەدەنەوە و قسە لەگەڵ کەسەکە دەکەن.

هەروەها ئەپڵیکەیشنی(پاراستنی تۆ)مان هەیە، هەرکەس دەتوانێت بۆ ماوەی یەک دەقە ئەو توند و تیژیەی بەرامبەر دەکرێت بەکاری بهێنن و ڕیکۆردی بکەن، بۆ حەوت کەسی بنێرێت، وە ڕاستەوخۆ چاتمان هەیە لەم ئەپڵیکەیشنەدا.

ڕائید سەرکەوت ئەحمەد

ئافرەت ئەگەر کەسێک لەگەڵیدا خراپ نەبێت قەت دەستی ناچێتە ئەوەی خۆی بسوتێنێ، لەکاتی سوتاندنەکە و قەرەوێڵەی سەر ئێمێرجنسییەکانیش هێشتا بەرگری لە پیاوەکەی دەکات، بەڵام بەداخەوە پیاوەکان وانین، هەر لەو کەیسەی ئەم دواییەدا ئەو خانمە لەئیفادەی یەکەم وت، خۆم خۆم سوتاندووە، بەڵام دواتر کەکەسوکارەکەی چونە لای پێییان وت، ڕاستیەکە بڵێ، تۆ لە ٨٥%ی گیانت سوتاوە و ناژیت، ئنجا ئیفادەکەی گۆڕی لەلای دادوەری لێکۆڵێرەوە،

بەڕاستی هۆکاری ئەو خۆسوتاندن یا سوتاندن و کوشتنی ژنانە ئەوەی ئێمە لە دۆسیەکاندا بەدیمان کردووە دەگەڕێتەوە بۆ زوو بەشودانی کچان، کەتەمەنی ١٦-یا ١٧ ساڵە، لەکاتێکدا ئەم کچە تا ٢٣-٢٤ ڕەنگە باش نەتوانێت لەبابەتەکان تێبگات جا یا دەکەوێتەوە پەیوەندی هەڵە، یاخود بەوە دەزانێت مێردەکەی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی تر هەیە و ئەو کارەساتانەی لێدەکەوێتەوە.

لەم دواییانەدا یاسا زۆر توند بووە بەرامبەر ئەوکەسانەی دەبنە هۆکار یا بکەر و هۆکاری خۆکوشتن یا خۆسوتاندن یا سوتاندنی ژنانن، لەسەرەتادا بەپێی ماددەی ٤٠٨ی یاسای سزادانی عێراقی(هاندان بۆ خۆکوشتن)دەستگیردەکرێن، بەڵام کاتێک تیمەکانی بەڵگەی تاوان دەچنە شوێنی ڕووداوەکە بەڵگەی تر دەستدەخەن لەسەر تۆمەتبار ماددە یاساییەکەی دەگۆڕێت بۆ ٤٠٦ و ٤٠٥ کەئەمە دەبێتە کوشتن و سزاکەی توندترە.

زۆرینەی ژنکوژەکان دەستگیرنەکراون، ڕۆژ نیە بەقەزا و ناحیەکان و ناوشارەوە ڕووداوێک نەیەتە بەردەستمان کە دەوترێت ژنەکە نانی کردووە و نەوتی پێدا ڕژاوە و سوتاوە، یا دەڵێن، ژنەکە فیشەکی لەدەست دەرچووە، کەسوکارەکەشی دەیانەوێت زوو کەیسەکە دابخرێت و دەڵێن هیچمان نیە لەسەر کەس و دۆسیەکە لەگەڵ ئەوەشدا کەسی تۆمەتبار هەیە لەو ڕووداوانە بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسوکارەکانیان سکاڵایان نیە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن،یاخود ژنەکە دوای خۆسوتاندن ماوە لەژیاندا بەڵام بەحاڵەتی شێواوی جەستەیەوە لەژیاندا ماوەتەوە کەسوکارییان چوون سوڵحییان بۆ کردووە بەبڕێک پارە لێکییان جیاکردونەتەوە و دەمکوتیان کردوون.

ئەو پەیامنێر و میدیا و پەیامنێرانەی کەبەویستی خۆیان ڕووداوەکان دەگێڕنەوە و باس دەکەن سەرییان لە ئێمە و دادگاش تێکداوە،ئێمە پەیامنێرێکی کەناڵێکی دیارمان داوە بەدادگا چونکە لەکافتریایەک کە کەسێک کوژرابوو چوبوو کەسێکی هێنابوو کەباسی ڕووداوەکەی بۆ بکات، کاتێک پەیامنێرەکەمان بانگکرد کەسەکەمان پێ دۆزیەوە کەسەکە وتی، پەیامنێرەکە قسەکانی فێرکردووم کە وابڵێم من ئاگام لەهیچ نیە.

هەموو حاڵەتێکی خۆسوتاندن و خۆکوشتنی ئافرەتان پیاوێکی تۆمەتبار لەپشتەوەن، بەڵام کەسوکارەکانیان هاوکارەکانیان هاوکارمان نابن ئەگەرنا کەس لە سزا ڕزگاری نابێت.

سەرۆکی داواکاری گشتی پێی وتم، هەر ئافرەتێک کێشەی هەبوو ئافرەتەکە هەم کەسێتی و هەم بابەتەکەی هەستیارە ڕاستەوخۆ دەتوانێت بچێتە داواکاری گشتی لەوێ سکاڵاکەی وەردەگیرێت و ڕێوشوێنە یاساییەکان دەگیرێتەبەر بێ ئەوەی کەس لە دادگا و پۆلیس بیبینێت.

ئاڤان فارس جاف

لەهەموو سەردەمەکاندا توند و تیژی بەرامبەر ژنان هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێشتا ڕاماندەچڵەکێنێت بریتیە لەوەی ئێستا میدیا هەیە، یاسا هەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕوبەڕووبونەوەی توند و تیژی دژی ژنان هەیە، ئەوە جێی خۆشحاڵیە، ئەوەی جێی ناخۆشحاڵیە ئەوەیە کە حاڵەتەکە هەیە و پێویستە ئێستا ئێمە پلانێکی ستراتیژیمان هەبێت بۆ ڕوبەڕووبونەوەی توندوتیژی و کەلێنەکان پڕبکەینەوە، کەبەهۆی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوریەی هەیە کە لەهەرێمی کوردستاندا هەیە کەئەمانەش کار دەکاتە ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

تاوەکو یەک کەیسی توند و تیژی بەرامبەر ژنان هەبێت، ئێمە ناتوانن بڵێین پڕۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی تەندروستە.