پێشەوا هەورامانی: بەپێی گرێبەست لەگەڵ دانە گاز هەتا حکومەتی هەرێم پێویستی بە غازی کۆرمۆر هەبێت بۆیان نییە بیر لە هیچی تر بکەنەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستى فرۆشتنى گازى کۆرمۆر بە بەغدا ڕەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئێستا هەرێمی کوردستان "پێویستی زۆری بە غاز هەیە" و بە گوێرەی گرێبەستەکان هەتا ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە غازی کۆرمۆر هەبێت، نابێت بفرۆشرێت و بدرێت بە هیچ لایەنێک.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەپێی گرێبەستی نێوان ئێمە و کۆمپانیای دانەگاز تاوەکو حکومەتی هەرێم پێویستی بە غازی کۆرمۆر هەبێت، هیچ لایەنێکی تر ئەولەویەت نییە غازی پێبدرێت و پێیبفرۆشرێت. ئێستا هەرێمی کوردستان خۆی پێویستی زۆری بە غازە و نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بیفرۆشینە خەڵکی تر."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەگەورەترین کێڵگەی غازی سەر ئاستی عێراق دادەنرێت و دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک. ڕووبەری کێڵگەکە 1350 کیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8.2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.

لە ئێستادا ڕۆژانە 550 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و 67% ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، هەروەها لەم کێڵگەیەوە 1200 مێگاوات کارەبا دەدرێتە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هەرکاتێک توانیمان غازی کارەبا و کارگە و پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین، ئەوکات ئاساییە بە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم بیر لە فرۆشتنی غاز بکرێتەوە."

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی پلانی هەبوو تا چەند ساڵێکی تر، بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بگەیەنێتە 1500 ملیۆن پێ سێجا، ئەم بڕە غازە بەشی هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بکرێت، بەڵام بۆردومانکردنی کێڵگەکە لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە وایکرد نەتوانن پلانەکە جێبەجێ بکەن.

جەختکردنەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوەی هێشتا غازی کۆرمۆر پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕناکاتەوە لەکاتێکدایە، دەوترێت گفتووگۆ لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی دروستبووە بۆ فرۆشتنی بەشێک لە غازی کێڵگەی کۆرمۆر بە عێراق، گوایە کۆمپانیاکە بە نرخی 40% کەمتر لە غازی ئێران بە عێراق دەیفرۆشێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتووگۆی نێوان کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی و حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق و کۆمپانیا ئیماراتییەکە هیچ گرێبەستێکیان ئەنجام نەداوە بۆ فرۆشتنی غازی کۆرمۆر بە عێراق، بەڵام کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بە فرۆشتنی غاز بۆ ماوەی 20 ساڵ بە عێراق و لایەنی عێراقیش پێیخۆشبووە، هەرچەندە لەسەر نرخ ڕێکنەکەوتوون."

سەرچاوەکە دەڵێت، "کۆمپانیا ئیماراتییەکە دەیەوێت لەو بڕە غازەی بە عێراق دەیفرۆشێت شایستە داراییەکانی بەدەستبهێنێت."

ئەو بڕە غازەی حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی کێڵگەی غازی کۆرمۆروە بەدەستی بهێنێت، دەیەوێت لەم ڕێگایەوە کارەبا بۆ کەرکوک و بەشێکی کەم لە پارێزگای سەڵاحەدینیش دابین بکات.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هیچ گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیا ئیماراتییەکە و هیچ لایەک نەکراوە بۆ کڕینی غازی کۆرمۆر. لەناو گرێبەستەکەیاندا هەیە تا حکومەتی هەرێم پێویستی بە غازی کۆرمۆر هەبێت بۆیان نییە بیر لە هیچی تر بکەنەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12 ی مانگی 6 ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو تێییدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغداو کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دۆسییەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێکرا.