بایدن و ڕێبەرانی G-7  تیشک دەخنە سەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئۆکرانیا، غەززە، ژێرخانی جیهانی ئافریکا

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە شاری ئەپوڵیای ئیتاڵیایە و ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵاتی دیموکراسی (G-7)کۆدەبێتەوە و ئامانجیان چارەسەرکردنی ئاسایشی ئابووری جیهانییە هاوکاتی شەڕی ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕکابەریی ئەمەریکا لەگەڵ چین.

سەرکردەکانی گروپی حەوت گەیشتنە هاوینەهەواری گرانبەهای بۆرگۆ ئیگنازیا کە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانیانە و لەلایەن جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا پێشوازیان لێکرا. پارتە ئەوپەڕی ڕاستڕەوەکەی میلۆنی لە هەڵبژاردنی کۆتایی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی ئەوروپادا نزیکەی 29%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەمەش وایکردووە تاکە سەرکردەی وڵاتێکی گەورەی ئەوروپای ڕۆژئاوا بێت بەهێزتر دەربکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە بایدن مامەڵە لەگەڵ هەڵمەتێکی هەڵبژاردنەوەی مشتومڕاوی دژی دانۆڵد ترامپ، کاندیدی چاوەڕوانکراوی کۆمارییەکان دەکات، و لەبەردەم کێشەیەکی تایبەتیشدایە. ڕۆژی سێشەممە، ڕۆژێک پێش ڕۆشتنی بۆ لوتکەی گرووپی حەوت ، کوڕەکەی، هانتەر، بە تۆمەتی فیدراڵی تاوانبار کرا بەهۆی هەڵگرتنی دەمانچە لەکاتێکدا ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری کردنی بایدن لە لەوتکەی گرووپی حەوتدا بەو هیوایەیە کە بتوانێت ئەندامانی گرووپەکە قائیل بکات قەرزێکی 50 ملیار دۆلاری پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات بە بەکارهێنانی سوودی سەروەت و سامانی سڕکراوی ڕووسیا، هەروەها مامەڵە لەگەڵ تواناکانی چیندا بکات لە تەکنەلۆژیای نوێبووەوەی پێشکەوتوودا لەنێویاندا ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی لوتکەکە بە ڕاگەیاندنی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی EV چینییەکان، پشتگیری خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە لە بەرزکردنەوەی باج لە سەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە و کەرتە سەرەکییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بایدنەوە، سەرچاوەی گرتبوو.

ئاگربەست لە غەززە

لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ ئاگربەست لە قۆناغێکی گرنگدان، بایدن ڕەنگە ڕووبەڕووی پرسیاری توندی سەرکردەکان ببێتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو کارە بەسە بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ وەستاندنی هەڵمەتە سەربازییەکەی و کەمکردنەوەی قوربانییە مەدەنییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر بۆ فەلەستینییەکان.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەیک سولیڤان کاتێک لە ناو فرۆکەکە بەرەو ئیتالیا بۆ ڕۆژنامەوانان قسەی کرد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەرکردەکان "بە گشتی سەرنجیان لەسەر یەک شتە؛ بەدەستهێنانی ئاگربەست و گەڕادنەوەی بارمتەکان بۆ ناو خێزانەکانیان وەک بەشێک لەوە." سولیڤان گوتیشی " بایدن پشتیوانی تەواوی هەیە."

سولیڤان سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سەرکردەکان هەروەها تاوتوێی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنانیش دەکەن.

گوتیشی "ئەوان تێبینییەکان لەسەر بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران بەراورد دەکەن هەم لەڕووی پشتیوانیکردنی لە هێزە بە بەکرێگیراوەکانی و هەم لەڕووی بەرنامە ئەتۆمییەکەشی".

هەرچەندە گرووپی حەوت پشتیوانی بۆ ئاگربەست لە غەززە دەربڕیوە، بەڵام ئەندامانی گرووپەکە لە چەندین پرسی دیکەی پەیوەست بە غەززە دابەشبوون، لە نێویاندا بڕیارەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی ڕابردوودا بۆ داواکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی حەماس و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

ئەمەریکا بڕیارەکەی دادگاکەی ئیدانە کرد و بەریتانیاش بڕیارەکەی بە " بێکەڵک " ناودێرکرد. فەرەنسا ڕایگەیاندووە، پشتگیری لە بڕیارەکەی دادگا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی هەڵاتن لە سزادان" دەکات، لەکاتێکدا بەرلین ڕایگەیاندووە، ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردن دەربچێت، نەتانیاهۆ لەسەر خاکی ئەڵمانیا دەستگیردەکات.

سولیڤان ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا باس لەوە دەکات هەردوو ئیسرائیل و حەماس تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو پێشێلکردووە.

ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئێمە هەڵوێستی خۆمان ڕوون کردووەتەوە"، ئاماژەی بە پێداچوونەوەیەک کرد کە لە مانگی نیساندا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بڵاوکرایەوە و " گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەڵمەتی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی نییە".

سەرمایەی سڕکراوی ڕووسیا

بایدن فشار دەخاتە سەر سەرکردەکانی گرووپی حەوت، قەرزێکی تا 50 ملیار دۆلار پێشکەش بە کیێڤ بکەن بە بەکارهێنانی داهاتی سوودی 280 ملیار دۆلاری سەروەت و سامانی ڕووسیا کە لە دامەزراوە داراییەکانی ڕۆژئاوادا سڕکراوە.

لە مانگی نیساندا بایدن یاسایەکی واژۆکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 5 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ڕووسیا کە لە دامەزراوە داراییەکانی ئەمەریکادا جێگیرکرابوون. بەڵام بەشێکی زۆری پارە سڕکراوەکانی ڕووسیا کە 190 ملیار دۆلارە لە بەلجیکایە و بەشێکی تریش لە فەرەنسا و ئەڵمانیایە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە بەشداریکردن لە لوتکەکەدا بۆ دووهەم ساڵ لەسەریەک، بانگەشە بۆ تێپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە دەکات. ئەو و بایدن ڕێککەوتنێکی ئاسایشێ دوولایەنەی جیاواز واژۆ دەکەن کە پشتگیرییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو و ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا قسە دەکەن.

لە ئیتاڵیا، زێلێنسکی بەرەو سویسرا دەڕوات بۆ کۆنفرانسی ئاشتی ئۆکرانیا لە کۆتایی هەفتەدا.

گۆڕانی کەشوهەوا و وەبەرهێنان لە ئافریکا

میڵۆنی، سیاسەتمەدارێکی ئەوپەڕی ڕاستڕەو کە ڕۆژێک داوای گەمارۆی دەریایی دەکرد بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەرانی ئافریکا لە دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا، ئێستا دەیەوێت بە بەهێزکردنی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو کیشوەرە ئامانجەکە بەدەستبهێنێت.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئەو نزیکەی 261 هەزار کۆچبەرەی لە ساڵی 2023 لە باکووری ئافریکاوە دەریای ناوەڕاستیان بەزاندووە، لە ڕێگەی ئیتاڵیا چوونەتە ئەوروپا.

میلۆنی سەرۆکایەتی گروپی حەوتەکەی لەگەڵ ئەم کارنامەیەدا هاوتەریب کردووە و بڕیارە گروپەکە بەیاننامەیەک سەبارەت بە دابینکردنی کەمکردنەوەی قەرزەکان بۆ وڵاتانی کەم داهات و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی ناڕێک و داوای وەبەرهێنانی زیاتر لە ئافریکا بڵاوبکاتەوە.

سولیڤان وتی بەیاننامەکەی گروپی حەوت ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی نایرۆبی/واشنتن دەبێت کە بایدن لەگەڵ ویلیام ڕوتۆ سەرۆکی کینیا واژۆی کردووە.

میلۆنی چەندین سەرکردەی ئافریکای وەک چاودێر بانگهێشتی کۆبوونەوەی گروپی حەوت کرد، لەوانە عەبدولمەدجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیر، کایس سەعیدی تونس، ویلیام ڕوتۆ، سەرۆکی کینیا و محەمەد ئۆڵد غەزونی، سەرۆکی مۆریتانیا. بانگهێشتنامەکە دوای یەکەمین لوتکەی ئیتاڵیا و ئافریکا دێت لە ڕۆما لە مانگی یەکدا، کە میلۆنی دەستپێشخەریی وەبەرهێنانی خۆی بەناوی پلانی ماتی بۆ ئافریکا دەستپێکرد.

پلانی ماتی لە هاوبەشی G7 بۆ ژێرخانی جیهانی و وەبەرهێنان پێکهاتووە، کە ئامانجی کۆکردنەوەی 600 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی بودجەی ژێرخانی تایبەت تا ساڵی 2027 وەک بەدیلێک بۆ دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین.

لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، G7 ڕێگەیەکی سەختی لەبەرە. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن شیکاری کەشوهەوا کۆکراونەتەوە، هیچ کام لە ئەندامانی گروپەکە لەسەر ڕێڕەوی خۆیان نین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئێستایان بۆ کەمکردنەوەی سوتەمەنی تا ساڵی 2030 بۆ ئەوەی لەگەڵ ئامانجی ڕێککەوتنی پاریسدا بگونجێت.

نوسینی پاتسی ویداکواسوارا