بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو کۆگا قیرەی کە ئاگرێکی چەند کاتژمێری لێکەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 10 کەس، مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە و پێویستە مۆڵەت وەربگرێت یاخود دابخرێت، هەروەها ڕێکاری تەواو دەگرنەبەر بەرامبەر بەو کۆگا و پاڵەوگانەی کە بەنایاسایی لەسنورەکەدا کاردەکەن.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو شوێنە نا یاساییە و بە نایاسایی کاری کردووە. دەبێت مۆڵەت وەربگرێت یاخود دابخرێت."
دڵشاد هیرانی وتیشی، "ڕێکارەکان توندکراون و دەبێت هەموو ئەو شوێنانەی کاردەکەن مۆڵەتی فەرمییان هەبێت لە ژینگە و سامانە سروشتیەکان. لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جێگا داخراون."
شەوی چوارشەممە 12ی شەشی 2024، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی هەڵگرتنی قیری شل لە نزیک گوندی تەرجان لە سنوری پارێزگای هەولێر کەوتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 20 کاتژمێر بەردەوامبوو.
بەو هۆیەوە بە لایەنی کەمەوە 14 کارمەندی بەرگری شارستانی برینداربوون.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەولێر، دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر لە شوێنی ڕووداوەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "قەبارەی ئاگرەکە زۆر گەورەبوو، دوای 20 کاتژمێر تواندرا بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت، لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە 14 کارمەندی بەرگری شارستانی برینداربوون، چواریان سوتان کە دوانیان ڕێژەی سوتاوییەکەی زۆرە و 10 لە بریندارەکانیش تەندروستییان باشە، هەروەها چوار ئۆتۆمبیلی تیمەکانیشمان بەتەواوی سوتان."
وتیشی، "هیچ مەرجێکی سەلامەتی و ئاگرکوژاندنەوە لە شوێنەکە بوونی نەبووە و لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنی زیانەکان دەستی پێکردووە."
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە بە هۆی شۆرت لە بۆردێکی کارەبای ناو کۆگاکەوە بووە و پڕیشکی ئاگر بەر ناو یەکێک لە عەمبارەکان کەوتووە و بەو هۆیەوە سێ عەمباری گەورە یەک لەدوای یەک سوتاون و سێ ئۆتۆمبیلی گواستنەوەی سوتەمەنیش سوتان.
بەڵام بەرگری شارستانی هەولێر تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بە فەرمی دەستنیشان نەکردووە و دەڵێت لێكۆڵینەوەکان بەردەوامن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی ئاوا گەورەدا و نەبوونی مەرجی سەلامەتی و ژینگەی و نەبوونی مۆڵەت، پێویستە دەستبەجێ خاوەنەکەی دەستگیربکرێت، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت نەیانوتووە کە خاوەنی کۆگاکەمان دەستگیرکردووە، ئەمەش دەبێتە مایەی پرسیار کە چۆن بۆ ئاگرێکی ئاوا گەورە ڕێکاری توند نەگیرێتەبەر."
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی تری پەیوەندیدار بە بابەتەکە بێ ئەنجامبوون.
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت چاودێریکی چڕی سوتانەکەیان کردووە و لیژنەیەکیان بۆ بەدواداچوون ناردۆتە شوێنی ڕووداوەکە. لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، "بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگە نایاساییەکە، وایکردووە بەرگە هەوا و ژینگەی شار بە گشتی پیسببێت و هیچ مەرجێکی سەلامەتی و ژینگەیی دوای سەردانکردنی تیمەکەیان بوونی نەبووە."
بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، سێ هەزار و 919 کارگەی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیە 2 هەزار و 320 کارگەیان لە کاردان.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکە ئەوە خراوەتە ڕوو زۆرینەی ئەو کارگانەی لە کاردان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر و بریتین لە یەک هەزار و 200 کارگە. لە کۆی ئەو کارگانە، تەنها 33 کارگەیان حکومین و 19 کارگەیان بەکرێ دراون بە کەرتی تایبەت. تێچووی دامەزراندنی کارگەکان بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار خەمڵێندراوە ، ئەمە جگە لەوەی چەندین کارگە بەشێوەی نایاسایی لەسنورەکە کاردەکەن.
بە پێی مادەی 42 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008، هەر پرۆژەیەک ئەگەر پیسکەری ژینگە بوو، دوای سەردانکردن و ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دەستەی ژینگەی هەرێمەوە، سزا دەدرێت بە بڕێک پارەکە لە 100 هەزار دینار کەمتر نییە و 10 ملیۆن دینار زیاتر نییە. بەڵام ئەگەر دواتر پابەند نەبوو سزاکەی بە داخستنی یەکجاری کارگەکە دەبێت،
بەڵام هەتا ئێستا هیچ داتایەکی فەرمی یان نافەرمی نییە بۆ زانینی ژمارەی کارگە و کۆگا نایاساییەکان و ئەو شوێنانەی بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون.
Your browser doesn’t support HTML5