ئێران لەکاردانەوە بە بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی فراوانتر دەکات

کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بە بڕیارنامەکەی هەفتەی ڕابردووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ، بەنیازە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی لە شوێنە ژێرزەمینییەکانی نەتەنز و فەردۆ زیاد بکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەشتن بە قسەی هەندێک لە دیپلۆماتکاران ڕایگەیاندووە ئێران ئەم کارە بە دانانی سەنتەرفیۆژی زیاتر لەم دوو شوێنەدا ئەنجام دەدات.

بە وتەی ئەو دیپلۆماتکارانە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەدواداچوون بۆ زیادبوونی پیتاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و بڕیارە لەو پێوەندییەدا ڕاپۆرتێک بخەنەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وردەکارییەکان سەبارەت بە ژمارە و جۆری سانتریفیوژە زیادکراوەکان و ئاستی پیتاندنەکە نەخراوەتەڕوو.

هەندێک لە بەرپرسانی دیکە پێیان وایە کە ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەبێ دەرکردنی بڕیارنامەکەی هەفتەی ڕابردووش هەر ڕووی دەدا.

دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەفتەیەک پێش ئێستا داوایان لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کرد هەنگاوی هاوکاری لەگەڵ ئەو دەزگایە هەڵگرن و بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەش بۆ قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی پشکنەرانی ئاژانس بۆ ناو ئەو وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەروەها لە بڕیارنامەکەیدا داوای کردبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت هاوکاری بکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بەو گەردیلانەی یۆرانیۆم کە لەو شوێنانەدا دۆزراونەتەوە کە پێشتر چالاکیی ئەتۆمییان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاپۆرت نەکراوە.

ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، هەروەها ماوەیەک پیس ئێستا ڕایگەیاند، یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، لەوانەش یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%، هێشتا لە زیادبووندایە.

ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە پێتاندنی یۆرانیۆم لەو ئاستەدا لە ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێ ساڵی ڕابردوودا بۆ پێشێلکردنی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، بووەتە هۆی لاوازبوونی هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن لۆرا هۆلگەیت، نوێنەری ئەمەریکا لە ئاژانسدا پێشکەش کرا، بە ئاماژەدان بە ڕێگریکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چالاکییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ چاودێریکردنی بەرهەمهێنان و سانتریفیوژەکانی ئێران و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانیان، ڕایگەیاند "لە کاتێکدا کە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ نزیکەی 60% هێشتا لەگەشەدایە، دەبێت ئەوە بزانین هیچ پاساوێکی مەدەنی باوەڕپێکراو بۆ ئەم کارە نییە و ئەم کردەوانە لەگەڵ ڕەفتاری ئەو وڵاتانەی کە ئەتۆمی نییەن، ناگونجێت."

سەرچاوە/ڕۆیتەرز