کڕینی کەلوپەلی زیادە بۆ جەژن پێویستە یان چاولێکەرییە؟

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جمەیان دێت لە کڕیار، هەریەکە و کەلوپەل یاخود پێداویستیەکی خواردن بۆ ڕۆژانی جەژن دەکڕن، بەڵام بەشێک لە دوکاندارەکان دەڵێن، "هەندێک کەلوپەل و کەرەستە، کڕیاری زۆری لەسەرە لە ڕۆژانی ئاسایی فرۆشیان دەگمەنە." توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش کڕینی کەلوپەلی نا پێویست بۆ جەژن بە چاولێکەری ناودەبات.

حەسن عەلی یەکێکە لە دوکاندارەکانی نێو بازاڕی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمساڵ بازاڕ جوڵەی زیاترە و خەڵکی زیاتر شتومەک و کەلوپەل دەکڕن، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیمانە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان کەرەستە و کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکانیان لەم ڕۆژانە دەفرۆشن یان فڕی دەدەن، بۆ ئەوەی بۆ جەژن کەلوپەلی نوێ بکڕن وەک قەنەفە و مێزی نان خواردن و پەردە گۆڕین و زۆر شتی دیکە."

ئەو دوکاندارە کە موبیلیاتی گەورەی هەیە، وتیشی،" ناو ماڵ گۆڕین بۆ جەژن، گەر زیادە مەسڕەفی نەبێت هیچ ناوێکی دیکە هەڵناگرێت."

حکومەتی خۆجیی پارێزگاکان ڕایانگەیاندوە تەواوی دوکاندارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بەهۆی جەژنەوە قۆڕخکاری لە نرخدا نەکەن، هەر کەس سەرپێچی بکات ئەوە لیژنەکانی قایقمامیەت ڕوبەڕووی سزایان دەکەنەوە.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمساڵ جوڵەی بازرگانی لە چاو ساڵانی پێشووتر زۆر باشبووە، بەهۆی نزیکبوونەوە لە ڕۆژانی جەژن هاوردەکردن زۆر زیادیکردووە و ئەوانەشی هاوردە دەکرێن، بریتین لە خواردەمەنی و کەلوپەلی دیکە."

وتیشی،" نازانین چ کەرەستەیەک یاخود کەلوپەلێک خواستی زیاتری لەسەرە، بەڵام ئەوەندە دەزانین کە هاوردەکردن زۆرباشە و جوڵە هەیە لە بازاڕدا."

بەگوتەی چەند دوکاندارێکی دیکەی بازاڕی هەولێر،" خەڵکی لە پێش جەژن ئەوەی پێویستیشیان نەبێت دەیکڕن، ئەوەش کاریگەری باشی لەسەر جوڵەی بازاڕ دروستکردووە، لە هەمانکاتدا دوایی ڕۆژانی جەژن بازار سفر دەبێتەوە، چونکە خەڵکی هەرچی پارەیان هەیە پێش جەژن خەرجی دەکەن و بیر لە دوایی جەژن ناکەنەوە تا ئەو کاتەی موچەیەکی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت،"

شاری هەولێر

دەریا نوری، دانیشتووی شاری هەولێرە ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" خەڵکی ئازادە چۆن بیر لە ڕازاندنەوەی نێو ماڵەکەی خۆی دەکاتەوە بۆ هەر بۆنەیەک، بەڕایی من پارە گرفت دروست ناکات گەر دەرونی کەسە خۆشبەخت بێت."

بەبڕوای توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، جوان خەرجکردن یان لێزانانە خەرجکردنی سامان لە جێگای خۆیدا تاڕادەیەک نیوەی کەسابەتە و شارەزایی مرۆڤ لەوەدایە بزانرێت چۆن پارەکەی خەرجدەکات و لە چی خەرجی دەکات.

کامیل غەفوور، توێژەری کۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەتایبەت لە بۆنەیەکی وا ئاینیدا پێویست ناکات مرۆڤ زیادەڕۆی بکات و پارەکانی خەرج بکات لە پێناو چاولێکەری و بڵێن وەڵا ماڵەکەی جوانە."

وتیشی،" ئیمامی عومەر دەفەرمێت بە فیرۆنەدانی سامانەکانتان و جوان خەرجنەکردنیان بە شێوەیەکی گونجاو مەترسیدارترە لە هەژاری، بۆیە پێویست ناکات کە شتی ناپێویست بۆ ماڵەکانمان بکڕین، هەروەها کەسانی وا هەیە شتی نا پێویست دەکڕن وەک کەمالیات و کەلوپەلی دیکە، تا لە ڕۆژانی جەژن خەڵکی سەردانیان بکات پێیان بڵێن ماڵەکەتان جوانە، بەڕایی من ئەمە جۆرێکە لە خراپی دەروونی کەسەکە و چاولێکەری."