لە ماوەی تەنها 24 کاتژمێردا 4 جار سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردومان دەکرێت

لە شەوی پێنجشەممەوە هەتا ئێوارەی ڕۆژی هەیەنی بەلایەنی کەم 4 جار هێرشکراوەتە سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دواین ڕووداویش ئێوارەی نزیکەی کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی لە چیاکانی نزیک پێنجوێن ڕوویداوە. سەرچاوەیەکی ئاسایشیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بڕوا دەکرێت هێرشەکان لەلایەن تورکیاوە کرابن.

دوای کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی لە شەوی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی ئاسایشی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆش (هەینی) درۆنێکی تورکی دووجار سنووری ڕانییەی بۆردومان کردووە و لە ئەنجامیشدا پووش و پاوەنێکی زۆر سووتاوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە بە هۆی هێرشەکەوە کەس پێکرابێت.

سەرچاوەکەی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە بووە و لە دوو شوێنی داوە کە نزیکە لە گوندی پاشکۆتەڵ، کە نزیکە لە سەنتەری شارۆچکەی ڕانیەوە، بە هۆی هێرشەکەوە پووش و پاوەنی ناوچەکە سووتاوە، هەرچەندە شوێنەکە چۆڵە بەڵام دیار نییە تا ئێستا هیچ کەسێک کراوەتە ئامانج یاخود نا."

وتیشی،" درۆنەکە تورکی بووە، ئامانجیش لە هێرشەکە پێدەچێت گەریلاکانی پەکەکەبن، هەرچەندە ئەوان لەو ناوچەیە نابیندرێن."

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردووش لە گوندی عەزیزئاوای نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی درۆنێک کەوتە خوارەوە، شایەتحاڵێکی نزیک لە ڕووداوەکەش بە دەنگی ئەمەریکای وت،" دەنگێکی زۆر بەرز هات و ئاگر لە دوو شوێنی جیاواز کەوتەوە کە دووری نێوانیان نزیکەی 400 مەترێک دەبوو. ئێمە وەک دانیشتوانی گوند ئاگرەکانمان کوژاندەوە، بەڵام هیچ پارچەیەکمان نەبینی و لە ئێستاشدا هێزێکی زۆری ئەمنی و ئاسایش لەوێ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."

هەرشەوی ڕابردوو بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەلام عەبدولخالق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ئێستادا تیمەکانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنیەتی ڕووداوەکە."

تا ئێستا هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای سلێمانی زانیاری زیاتریان لەسەر ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەشێک لە میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێرشەکەی شەووی ڕابردووش لە ڕێگەی درۆنی تورکیەوە بووە وهێرش بووە بۆسەر شوێنی مانەوەی بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتی.

بەشێک لە میدیاکان وا بڵاویان کردەوە کە بەرپرسەکە (پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری)، لێپرسراوی هەواڵگری پێشمەرگەیە.

شەوی ڕابردووش لە لاپەڕەیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بە ناوی (پۆڵۆ عەسکەری) کە دەگوترێت پەیجی شاڵاو عەلی عەسکەرییە، نوسراوە،" سوپاسی هەواڵپرسین و خەمخۆریتان دەکەم هاوڕێیان دڵنیابن دڵنیابن نەک درۆن هیچ شتێک پاشگەزمان ناکاتەوە لە خزمەت کردن."

بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەزگا ئەمنیەکانی شاری سلێمانی ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵەو زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە شاڵاو عەلی عەسکەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.