ئێران ڕایدەگەیەنێت حەمید نووری کە لە سوید سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو، ئازاد کراوە

سکرتێری بارەگای مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە 15ی مانگی شەش ڕایگەیاند حەمید نووری، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتی زیندانی گۆهەردەشتی کەرەج، ئازاد کراوە و خەریکە دەگەڕێتەوە ئێران. هاوکات ئۆلف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دوو سویدی کە لە لایەن ئێرانەوە زیندانی کرابوون، ئازاد بوون و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە.

کازم غەریب ئابادی، سکرتێری بارەگای مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بانگەشەی ئەوەی کە حەمید نووری لە ساڵی 2019ەوە لە سوید بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەر بووە، ئازادکردنی ناوبراوی بە هەنگاوێکی سەرکەوتوو ناو بردووە کە لە ئەنجامی بەشێک لە هەوڵەکانی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەزگای دادوەری و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەر بووە.

کۆمیسیۆنی دادوەری ئەنجومەنی نیشتمانیی خۆڕاگریی ئێران کە نزیکە لە سازمانی موجاهدینی خەڵق ماوەیەک پێش ئێستا هۆشداری دابوو سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی سوید بۆ ئازادکردنی حەمید نووری.

ئەو کۆمیسیۆنە ڕایگەیاندبوو کە "حکومەتی سوید بە لاساییکردنی بەلجیکا، بە نیازە یاسایەک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەربکات بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە سوید زیندانی کراون، بتوانن لە وڵاتی خۆیان سزاکەیان بەسەر ببەن".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو کۆمیسیۆنەی سەر بە موجاهیدین، وەزیری دادی سوید ڕایگەیاندووە ئەم کارە بە ئامانجی کەمکردنەوەی باری کاری ڕێکخراوی ئیدارەی زیندانەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها پاشەکەوتکردنی پارەی باجدەران ئەنجام دەدرێت.

ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە کە پێشتر لە مانگی سێی ئەمساڵدا دادگای باڵای ستۆکهۆڵم سکاڵای حەمید نووری سەبارەت بە سزای زیندانی هەتاهەتایی ڕەتکردبووە و بڕیارەکەی پێشووی دووپاتکردبووە.

سزای زیندانی هەتاهەتایی کە بەرزترین سزایە لە یاسای سویددا، لە مانگی دوازدەی ساڵی 2023 دوای بەڕێوەچوونی دادگای تێهەڵچوونەوە لە ستۆکهۆڵم بۆ حەمید نووری کە تۆمەتبار کرابوو بە تێوەگلانی لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵانی شەستەکاندا، دەرکرابوو.

دوابەدوای دەستگیرکردنی حەمید نووری لە سوید و دادگایی کردنی بە تۆمەتی تێوەگلان لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵانی شەستەکاندا، پەیوەندییەکانی تاران و ستۆکهۆڵم گرژی و ئاڵۆزییان تێکەوتبوو.

لە ئێستادا دوو هاووڵاتیی ئێرانی-سویدی و یۆهان فلۆدرۆس، کارمەندی سویدی یەکێتیی ئەورووپا بە تۆمەتی ئەمنی لە ئێران زیندانی کراون.

ژمارەیەک لە چالاکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هاووڵاتیانی بیانی بە تایبەت هاووڵاتیانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە دەسبەسەر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕووی سیاسییەوە لە کاتێکی لەم شێوەیەدا کەڵکیان لێوەرگرێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا