بڕە بودجەی هەرێمی كوردستان لە دوای سەرژمێری گشتی عێراق چۆن دەبێت؟

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاریداوە لە مانگی 11 ی ئەمساڵدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق بە پارێزگای کەرکوک وپارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام بدات، هەرچەندە بەرپرسانی كورد لەگەڵ پرۆسەكەن، بەڵام ترسیان لە كەمی ژمارەی لەدایكبوان لە پارێزگاكانی هەرێمە بە بەراورد بە پارێزگاكانی ناوەند كە ئەمەش بڕی بودجەی پارێزگاكان دیاری دەكات.

بڕیارە 26ی مانگی 11ی 2024 و دوای 27 ساڵ لە دواین سەرژمێری، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، بەهاوبەشی لەگەڵ دەستەی ئامار و کۆمپانیا نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان بە سەرژمێری پرۆسەی سەرژمێری گشتی عێراق ئەنجام بدات،ئەمەش لەکاتێکدایە پرۆسەی ئەزموونی سەرژمێری لە 86 ناوچەی عێراق و کوردستان لە ئێستادا كۆتایی هاتووە.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێشبینی دەكەین ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیادبكات، هەرچەندە جیاوازی لە ڕێژەی لە دایكبوون لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و ناوەند هەیە.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدولنێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەزیاد بووندایە،هەرچەندە جیاوازی ژمارەی ئەندامانی خێزان لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و ناوەند هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ژمارەی دانیشتوانی كورد لە پارێزگاكانی هەرێم زیادی نەكردبێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" بڕی بودجە بەپێی ژمارەی دانیشتوانە، بە پێی مادەی 121 دەستور بڕگەی 3 دادەنرێت، هەرچەندە ئێمە ئێستا دەبێت 14% وەربگرین بەڵام 12% وەردەگرین، ئەوەش غەدرێكی دیكەیە كە لەكورد دەكرێت،قەبارەی داهاتووی بودجەش لەسەر ژمارەی دانیشتوان دیاری دەكرێت."

دوایین سەرژمێری لە عێراق لە ساڵی 1997 ئەنجامدراوە، پرۆسەکە تەنیا لە 15 پارێزگای عێراقی بەڕێوەچوو و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەوهۆکارە ئەنجامەکانی هەڵوەشاوەتەوە. بەگوێرەی سەرژمێرییەکە كۆی گشتی دانیشتوانی ئەو کاتی عێراق 19 ملیۆن و 184 ههزار و 543 كهس بووە.

پرۆسەی تێستی ئەزمونی لە 31 ی مانگی 5 ی 2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ڕۆژی هەینی 14ی 6ی 2024کۆتایی هاتووە، کە بە سێ قۆناغ و لە 86 ناوچەی عێراق و هەرێم بۆ زانینی ڕادەی سەرکەوتن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە ئەنجام درا.

کارزان ڕەزا بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پرۆسەی سەرژمێری بۆ گەشەپێدان لەسەرتا سەرعێراق و بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانی عێراق و هەرێم، بەدروشمی سەرژمێری بۆ گەشەپێدان بەڕێوە دەچێت ، بە ئامانجی دانانی پلانە بۆ داهاتوو لە هەموو کەرتەکان."

پرسیاری جۆری نەتەوە لەسەرژمێریەکەدا نیە، ئەمەش چاوەڕوان دەکرێت، خاوەنداریەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان عێراق و هەرێم یەکلانەکاتەوە.

کارزان ڕەزا ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕونکردەوە،" ڕێکەوتن کراوە، بابەتی نەتەوە لەناو ڕاپرسیەکەدا بە گشتی لە ناوچە جێناکۆک و فۆڕمی سەرژمێریەکەدا نەبێت، چونکە ئامانج لەم ڕاپرسیە بۆ گەشەپێدان و زانینی ژمارەی دانیشتوانە."

بەگوێرەی خشتەکانی بوجەی ساڵی 2024ـی عێراق بڕی 300 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان تەرخانکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو گوژمەیە 38 ملیار دینارە.

ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق، بڕی بوجەی هەرپارێزگایەک و کورسی پەرلەمانی پارێزگاکە یەکلادەکاتەوە، لەم چوارچێوەدا پارێزگاکان چاویان لە بودجە وئیمتیازاتەکانیانە.

سەرکۆ یونس ئابوریناس لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرژمێری کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر ئابوری هەیە، لە یاسای بودجەدا دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان لەسەر بنەمای سەرژمێریە، ئێستا کە سەرژمێری نیە، پشت بە ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی دەبەسترێت."

سەرکۆ وتیشی، " لە هەموو وڵاتێکدا کاتێک باسی ئابوری تاکەس دەکرێت، داهاتی گشتی دابەشی سەرجەمی دانیشتوان دەکرێت، بەڵام لای ئێمە هەموو ئامارەکان نازانستین، بەنمونە دەیان کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و کۆبۆنی خۆراکیان ماوە."

تێستەکانی وەزارەتی پلاندان لە هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە پارێزگای هەولێر لە قەزای هەولێر - ناحیەی بەحرکە وگوندی جەژنیکان بوون لە پارێزگای سلێمانی لەقەزای سلێمانی – بەکرەجۆ و گوندەکانی قوڵقوڵە، کارێزکڵاو، داربەڕوو، پیرکە، هەزار مێرد، دێ کۆن و چاڵگە بوون لە پارێزگای دهۆک لە قەزای سیمێل وگوندەکانی سەر کانی، هاوریزک، گرێ گەورێ و دوڵب بوون و ڕۆژی هەینی 14ی6ی 2014 بەکۆتا گەشتن.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا پێدەچێت بکاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.