پرسی ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی

ساڵێک زیاترە حکومەتی تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکەی وڵاتەکەی و قەدەغەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەرەو ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە پاساوی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکە لەلایەن پەکەکە و بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەرپرسانی پارێزگاکە و خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.

سەرەتا بڕیارەکە بۆ دوو مانگ بوو، بەڵام دواتر بۆ شەش مانگ درێژکرایەوە، پاشان شەش مانگی تر، لەم مانگەشدا بۆ جارێکی تر بۆ شەش مانگی تر درێژکرایەوە. هەتا ئێستا بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچی لەو بارەوەیەوە ڕانەگەیاندووە،

دەپرسین:

هەڵوێست و هەوڵی حکومەتی عێراقی چییە سەبارەت بەو پاساوەی تورکیا و ئەو گەمارۆیەی بۆ سەر سلێمانی؟

دواین پێشهاتەکان لەو ڕوەوە چین؟

بۆچی عێراق پەنا ناباتە بەر مامەڵەی هاوشێوە؟

کاریگەرییە ئابورییەکانی ئەم بڕیارەی تورکیا لەسەر پارێزگای سلێمانی چیە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

١- خالید حەیدەر، پڕۆفیسۆر و دکتۆر لە بەشی ئابوری زانکۆی سلێمانی.

٢- کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی

کاروان یاروەیس:

ئێمە هەر لەسەرەتای ئەم گرفتەوە وەک لیژنەکەمان لە پەرلەمانی عێراق، وە خۆم وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی تەواوم کردووە لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی پێی وتین بەپێی ئەو ئیمیڵەی لەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆمان هاتووە، ئەوان لە وەزارەتی دەرەوە فەرمانی ڕاگرتنی گەشتەکانیان داوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆکاری سیاسی، بۆیە بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی سیاسیە و سزای سیاسییە تورکیا دەیەوێت بەم پاساوە سزای سلێمانی و یەکێتی بدات، ئەگەرنا ئێمە وەک لیژنەکەمان بەدواداچونمان بۆ ئەو بانگەشانەی تورکیا کردووە بەپێچەوانەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەکێکە لە فڕۆکەخانە باشەکانی عێراق لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هیوادارین هەرچی زووە ئەم کێشەیە لەڕووی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەداخەوە حکومەتی هەرێم بەشێوازی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا نیە، بۆ نمونە ئێمە وەک یەکێتی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران شتێکە، وە پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا شتێکە، بەداخەوە ڕاستە دەوڵەت نین و وەزارەتی دەرەوەمان نیە، بەڵام پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە لەسەر ئاستی حزبییە، بەداخەوە دەبوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت خۆیان بە خاوەنی کێشەی گەمارۆ خستەنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بوونایە لەلایەن تورکیاوە، بەداخەوە عێراقیش دەستاوستان وەستاوە لەم بابەتە لەکاتێکدا چەمند کارتی هەبوو دەستی بۆ ببات بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە وەک کارتی دیپلۆماسی، یاخود لە ڕێگای فڕۆکەوانیەوە، بەداخەوە نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هەنگاوییان نەناوە لەو ڕوووەوە.

ئەگەر حکومەتی عێراقی بە جدی هەوڵی بدایە بێگومان کاریگەری دەبوو لەسەر تورکیا، یا ئەگەر حکومەتی هەرێم یەک دەنگبووایە سەبارەت بە کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبوو، بەداخەوە ڕەنگە هەبێ بەرژەوەندی لەوەدا بێت سلێمانی گۆشەگیر بکرێت، ئەمە لەناوخۆی هەرێم دەڵێم، چونکە کاتێک خەمی فڕۆکەخانەی سلێمانی نابێتە خەمی گشتی هاوشێوەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەرگری لێناکرێت بەڕاستی ئەمە جێگای گومانە، دوای ئەوە بەشێک لەیەک هەڵوێست نەبونی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەشێکی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە .

لەوکاتەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەمارۆی خراوەتەسەر لە٧٠%ی خزمەتگوزارییەکانی کارگۆ و ترانزەیت چووە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، هەروەها ژمارەی گەشتەکانی فرڕۆکەخانەی هەولێر دوو هێندە زیاد بۆتەوە، جگە لە داهاتی فرۆشتنی بەنزین و سوتەمەنی بۆ فڕۆکە هاوکاتی خزمەتگوزارییەکانی تر هەمووی دوو هێندە بۆتەوە، بۆیە ئەمە وادەکات بەرژەوەندی ئابوری بێت کە حکومەتی هەرێم بەجدی شەڕی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەکات، من حەزدەکەم فڕۆکەخانەی هەولێر ببوژێتەوە گەشتم لێوە کردووە و بەڕاستی خزمەتگوزاری و ستافی بەڕێز و باشیان هەیە، قسەکەی من وەک کوردستانیانەیە نەک تەنها بۆ شارێک.

هەموو بیانووی تورکیا نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانیە لە سلێمانی کە لە وڵاتێکی کەنداوەوە هاتبوو، تورکیا خۆی باش دەزانێ و ئاگادارە ستافی فڕۆکەکە هەمووی ئەمەریکی بوون، وە هەر ئەو فڕۆکەیەی مەزڵوم کۆبانی پێش فڕۆکەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبوەوە و لەوێوە هاتبووە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا، چونکە ئەم قسەیە لە دڵمەوە دەکەم چەندە خەمی سلێمانیمە دوو هێندە خەمی هەولێر و دهۆک، بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەیەکی کوردستانیانەیە. خۆزگە سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی چۆن بۆ بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن چەند سەردانێکی بەغدادی کرد، خۆزگە بۆ بابەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەردانی بەغدادی بکردایە و پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنایە بۆ کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کوردستانیانە هەوڵی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بدایە.

تورکیا بیانوو دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت، تورکیا دەیەوێت یەکێتی جاسوسی بەسەر پەکەکەوە بۆ تورکیا بکات، چۆن هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی ناکات، بەهەمان شێوە بۆ تورکیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە، یەکێتی هیچ کات هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی نەکردووە ئەوە تەنها لەبەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانێتی بەرامبەر پرسی کورد لە باکور، کە هیواخوازین بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بکرێت.

خالید حەیدەر:

ئەو گەمارۆیەی تورکیا خستویەتیە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کە باس لەوە دەکرێت بە پاساوی سیاسییە، ئەمە لەڕووی ئابورییەوە بە تەنها زیان نیە بۆ هەرێمی کوردستان و سلێمانی و هاووڵاتییان، بەڵکو ئەو کەلوپەلانەی دەهێنرێن هەروەها ئەو گەشتانە هەمووی سودی ئابوری بە تورکیا دەگەیەنێت بۆیە بە بۆچونی خۆم تورکیا ئەو زیانە گەورە ئابوریە لەخۆی دەدات ب ەئامانجێکی سیاسی کە هەیەتی، ئەمەش وایکردووە کە بوژاندنەوە ڕووبکاتە فڕۆکەخانەی هەولێر، چونکە زۆربەی گەشتەکان ئێستا لەو فڕۆکەخانەیەوە ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئەو چل کۆمپانیا خزمەتگوزاریەی بەهۆی نەمانی کاریان پاش گەمارۆدانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، فڕۆکەخانەکەیان جێهێشتووە ڕوویان کردۆتە فڕۆکەخانەی هەولێر، ڕاستە ئەوەش هەر شارێکی کوردستانیە، بەڵام بەداخەوە تورکیا دوو سیاسەتی جیاواز لە مامەڵە کردن لەگەڵ سلێمانی و هەولێر بەکاردەهێنێت، ئێمە خۆشحاڵدەبین بەبوژاندنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەڵام نەک بەوجۆرە لەسەر حسابی سلێمانی، وەک تاکێکی کوردی ئەمە بیرکردنەوەمانە کە بۆ بەرژەوەندی گشتی کوردستان بیربکەینەوە و هەوڵبدەین نەک تەنها بۆ شارێک لە شارەکان.

من پێشنیار دەکەم بۆ بەڕێزان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە ئیتر هەڵوێستی جدی وەرگرن بەرامبەر بە تورکیا بە تایبەت دوای درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆدانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەڵوێستە جدییەکەش با ئەوەبێت حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕایبگەیەنێ ئەگەر تورکیا سوربێت لەسەر گەمارۆدانی فرۆکەخانەی شارێکی هەرێمەکە ئەوا هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و پەنا دەباتە بەر وڵاتانی تر بۆ هاتوچۆ و کاڵا، وە بانگەوازی گشتی ڕابگەیەنرێت بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی کە لە ٣٠%ی کاڵا بەکارهاتوەکانی کوردستان تورکین، ئەوکات کە تورکیا بینی حکومەتی هەرێم یەک دەنگە بەرامبەر هەموو شارەکان بەدڵنیایی پەلکێش دەبێت بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەر ١٦٠-١٨٠ پلە هەڵوێستی دەگۆڕێت بەرامبەر ئەو گەمارۆیەی خستویەتیە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، چونکە ئەمە لەڕووی ئابورییەوە زیانی زۆر لە تورکیا دەدات، تورکیا لەم دۆخە خراپەی ئابوری وڵاتەکەی خۆی و شکانی دراوی وڵاتەکەی ئامادە نیە ئەو زیانە ئابورییەش بهێنێتە سەر خۆی.

ئێستا بەس حکومەتی عێراق بڵێ من نەوت لە ڕێگای تورکیاوە هەناردە ناکەم، هەڵوێستی تورکیا دەگۆڕێت.

ئێستا بەرژەوەندی ئابوری تورکیا هێندە گەورەیە لە هەرێمی کوردستان کە لە ٣٠%ی کەلوپەلی بەرکاربەری کوردستان هی تورکیایە، بۆیە ئەگەر بەڕێزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەڵوێستی توند بنوێنن بڵێن ئێمەش هەمان مامەڵە دەکەین و لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە یا کەلوپەلی تورکیا بایکۆت دەکەین بەدڵنیایی تورکیاش هەڵوێستی دەگۆڕێت بەرامبەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و پێداچونەوە بەهەڵوێستی خۆی دەکات.