بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ، سەرۆکی کۆریای باکور پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی کۆریای باکوور ڕۆژی چوارشەممە،19ی مانگی شەش ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەڵێنی بەرگریکردنیان لە یەکتری لەخۆگرتبوو. کیم جۆنگ ئون "پشتیوانی تەواو"ی خۆی بۆ لەشکرکێشی سەربازی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا ڕاگەیاند و پوتنیش سوپاسی میوانداری کیمی کرد و وتی مۆسکۆ پاڵپشتی بەردەوامی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی بە بەرز دەنرخێنێت.

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی هەوڵدەدەن بزانن ڕووسیا تا چەند دەتوانێت پشتگیرییەکان بۆ تاکە وڵاتەکە کە لەم سەدەیەدا چەکی ئەتۆمی تاقیکردۆتەوە، بەرەو پێش ببات.

لە دیداری نێوان پوتن و کیم کە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، سەرۆکی کۆریای باکوور کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2006ەوە لە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، سەرۆکی ڕووسیای بە "ئازیزترین دۆستی گەلی کۆریا" ناوبرد و "پشتیوانی و هاوسۆزی تەواو"ی کۆریای باکووری بۆ حکومەتی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا دەربڕی .

سەرۆکی ڕووسیاش وتی هەردوو وڵات چیدیکە قەبووڵی سزاکانی ڕۆژئاوا ناکەن و داوای پێداچوونەوەی بە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد بۆ سەر کۆریای باکور.

پوتن وتی "پێویستە پێداچوونەوە بەسەر ئەو سزا و سنووردارکردنانەدا لە دژی کۆریای باکوور بکرێت کە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەپێندراوە."

پوتن هەروەها وتی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ شەڕ لە دژی "هەژموونی ئەمەریکا" دەکەن و ستایشی کۆریای باکووری کرد کە "هەڵوێستی هاوسەنگ"ی هەیە سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پایتەختی کۆریای باکوور وتی "ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆ بەڕاستی بەڵگەنامەیەکی پێشکەوتنە." و گوتیشی "ڕووسیا بە پێی پەیماننامەیەک کە ڕۆژی چوارشەممە واژۆ کراوە، هاوکاری سەربازی-تەکنیکی لەگەڵ کۆریای باکوور ڕەت ناکاتەوە."

ئەم دوو وڵاتە لە دوای دامەزراندنی کۆریای باکوورەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوپەیمان بوون و ئەم هاوپەیمانی و دۆستایەتییە لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر بووە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، کۆریای باکوریان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە بۆ شەڕی ئۆکرانیا تەقەمەنی و مووشەکیان بۆ ڕووسیا دابین کردووە و ئەو ڕێککەوتنەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ڕادەستکردنی زیاتری چەک بۆ مۆسکۆ دروست دەکات.

سەرچاوە/رۆیتەرز