پارێزەری ئەو هاووڵاتییە ئێرانییەکی لە فەرەنسا دەستگیرکراوە، دەستگیرکردنەکە بە "سیاسی" وەسف دەکات

سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاند، لە 3ی مانگی شەشەوە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هاووڵاتییەکی ئێرانییان دەستبەسەرکردووە، لە دۆسێیەکدا کە پارێزەرەکەی بە "سیاسی" ناوی بردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان پاریس و تاران.

کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ کە بنکەکەی لە لەندەنە، بەشیر بیئازاری بە بەرپرسێکی پێشووی کەناڵی دەوڵەتی ئێران IRIB ناساندووە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بە "کەسایەتییەکی کولتووری" وەسفیان کردووە.

بیئازار لە شاری دیژۆن کە شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا دەستگیرکرا و ئێستا لە بنکەی دەستبەسەری ئیداریدایە لە شاری مێتز کە شارێکی دوورترە لە باکوورە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دیپۆرتکردنەوە.

لە پاریس، سەرچاوەیەکی پۆلیس کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "رێوشوێنی دەرکردن" لە دژی بیئازار دەستیپێکردووە "بەتایبەت لەبەر ئەوەی بە ئاشکرا لێدوانی دژە فەرەنسای داوە"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد لێدوانەکە چی بووە؟

بیئازار لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سۆشیال میدیادا چالاک بووە و بە توندی پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان دەکات لە نێو شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی چەکداری حەماس لە غەززە.

پارێزەرە فەرەنساییەکەی، ڕاچید لێمودا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "هیچ شتێک نییە، لەڕووی یاساوە، پاساو بۆ ئەم ڕێوشوێنە بهێنێتەوە. بەشیر بیئازار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بۆچوونی خۆی دەربڕیوە، وەک ئەوەی هەر کەسێک دەتوانێت بە ئازادی لە وڵاتێکدا بیکات کە دەوڵەتی یاسا بەڕێوەی دەبات".

بەگوێرەی قسەکانی پارێزەرەکە، خۆسپێرەکەی بەنیازە دەست بە مانگرتن لە خواردن بکات.

پارێزەرەکە گوتیشی "هیچ شتێکم نەبینیوە کە پاساوی ئەم دەستبەسەرکردنە بێت. گەشتەکان (بۆ ئێران) بەردەستە".

گوتیشی "پێموایە ئەم ڕێکارە سیاسییە، سیاسەتیش لە یاسادا جێگەی نییە".

سێ هاووڵاتیی فەرەنسی، کە پاریس بە "بارمتەی دەوڵەت" وەسفیان دەکات، لە ئێران زیندانی کراون.

زیندانی چوارەم بە ناوی لویس ئارناود، کە لە لە مانگی 9ی 2022وە لە ئێران دەستبەسەر بوو، هەفتەی ڕابردوو لەناکاو ئازاد کرا.

لە تاران، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، هیوادارە بیئازار "بە زووترین کات" ئازاد بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت "بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست تا ئەو کاتەی ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکە بەدەست دێت".

کازم غەریبئابادی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی ئێران لە هەژماری ئێکس (تویتەر) "دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە لایەن پۆلیسی فەرەنسا بە هۆی بەرگری لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین (ئەوە)" بە شەرەمەزارییەک بۆ فەرەنسا لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە ناودێر کردووە.


سەرچاوە: فرانس پرێس