ترەیسی جێکەبسن بەر لە گەیشتنی بۆ بەغدا، عێراقییەکان دەوروژێنێت

ترەیسی جێکەبسن

سەرۆک بایدن، باڵیۆزێکی تایبەتی نوێی بۆ عێراق دەستنیشان کردووە هەتا جێی ئەلینا ڕۆمانۆسکی بگرێتەوە پاش تەواو بوونی وادەی ئەرکەکەی لە بەغدا.
باڵیۆزی تایبەت، دەسەڵاتەکانی زیاترن لە باڵیۆزێکی ئاسایی، وەک ئەوەی دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ کۆشکی سپیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و چەند دەسەڵاتێکی تریش.
ترەیسی ئان جێکەبسن، دیپلۆماتێکی دێرینی ئەمەریکایە و خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەندی کاری دیپلۆماتییە.

باڵیۆز ترەیسی، بەر لەوەی بگاتە بەغدا، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی و ناڕەزایی بووەوە لەلایەن ئەو هێزە سیاسی و چەکدارانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بەهۆی لێدوانەکانییەوە لەبەردەم ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی سیناتدا.
باڵیۆز ترەیسی دەڵێت "ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە عێراقدا و دەشزانین هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران، مەترسی سەرەکین بۆسەر عێراق."

نیگەرانییەکان لە لێدوانەکانی ترەیسی جاکبسن

ئەثیر ئەلشەرع، لێکۆڵەری سیاسی و ئاسایشی عێراقی وەک باسی دەکات ئەو لێدوانانە ترس و نیگەرانییان لە ناوخۆی عێراقدا هێناوەتە ئاراوە چونکە وەک ئاماژەیەک دەبینرێن بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ، و دەڵێت "پێدەچێت هەر لە ئێستاوە پێکدادانی نێوان باڵیۆزی نوێ و سەرکردەکانی دەستە و تاقمە چەکدارەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستیانپێکردبێت لەو ڕوانگەیەوەی کە خانم جێکەبسن خاوەنی ستراتیژیەتێکی دیاریکراوە، هەر بۆیەشە سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان چاوەڕوانی گەیشتنی دەکەن تا لەگەڵیدا کۆببنەوە."

بەڕێز ئەلشەرع، دەڵێت لەوبڕوایەدایە شێوازی کارکردن و بەڕێوەبردنی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا هاوشێوەی سەروەختی فەرمانڕەوایەتی پۆڵ برێمەر، یەکەم فەرمانڕەوای عێراق دەبێت لەو ڕوانگەیەوەی "ناوچەکە بە قۆناغێکی ئێجگار قورسدا تێدەپەڕێت و هەر هەموو لایەنەکانیش چاوییان لەسەر ئەوەیە ئایا چی ڕوودەدات لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبناندا، خۆ ئەگەر ئاوەها پەرەسەندنێک ڕووبدات ئەوا هەموو هێزە چەکدارەکانی پێیان دەگوترێت هێزەکانی بەرەنگاربوونەوە، دەبنە بەشێک لەو پەرەسەندنە نوێیانە."

هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان و هەروەهاش ئەو هێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە لەشکریی و ئاسایشییەکانی عێراقدا کار دەکەن، کێشەی سیاسی و ئاسایشییان هێناوەتە ئاراوە، ئەمە بێ لەوەی وەک مەترسییەکی گەورەیش دەبینرێن بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەدا.

لێدوانەکانی باڵیۆز جاکبسن بەرزکردنەوەی کارتە سوورەکانە

یەکێک لە هۆکارەکانی تری توڕەبوونی بەرەی ئێران لە عێراقدا لە کاندیدەکەی سەرۆک بایدن؛ باسکردنی هێڵە گشتییەکانی کار و ئەرکە لە پێشینەکەی دیپلۆماتییەتی ئەمەریکا بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا و کارکردن لەسەر بچوککردنەوەی هەژموونی ئێران.

کازم خوزەیر ئەلجوحەیشی، پسپۆڕی سیاسی و ئاسایشی کاروباری عێراق دەڵێت "لێدوانەکانی ترەیسی جاکبسن، بەرزکردنەوەی کارتی سوور بووە بە ڕووی دەستە و تاقم و میلیشیاکان لە عێراقدا کە هەمیشە مایەی مشتومڕ بوون و هەروەها سەرچاوەیەکی بێزارییش بوون بۆ ئەمەریکا؛ ئەوەی زیاتر خەڵکی نیگەران کردووە ئەوەیە کە زیاتر لە 20 ساڵە هاووڵاتیانی عێراقی بەهۆی ئەو کێشانەوە ئارامییان نەبینوە."

سەبارەت بەو ترس و نیگەرانییەی باس دەکرێن کە لە پاش لێدوانەکانی ترەیسی جاکبسن، هاتوونەتە ئاراوە، ئەثیر ئەلشەرع دەڵێت "هەندێک لایەن هەن ئەو ترس و نگەرانییانەیان هەن، نەک هەموو عێراقییەکان، ئەویش بەهۆی ئەوەی لێدوانەکان هاوکات بووە لەگەڵ سەپاندنی سزا بەسەر سەرکردەی هێزی ئەنساروڵا ئەلئەوفیائدا؛ لەبیریشمان نەچێت، ئێرانیش ترسی هەیە لەوەی چەندان بەرە بکرێنەوە کە دەشێت بە دواهەمین بەرەکانی شەڕ دابنرێن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە ئێستادا لە غەززە هەیە."

سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا

سەبارەت بە گۆڕانکاری لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریکادا بەرامبەر عێراق و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەڕێز ئەلجوحەیشی دەڵێت "دانانی باڵیۆزی تایبەت لەلایەن واشنتۆنەوە، یانی دەستپێکردنی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بەرزکردنەوەی کارتی سوورە بۆ هەموو لایەک بە دەوڵەتەکانیشەوە."

کازم ئەلجوحەیشی دەڵێت " بە دڵنیاییەوە دانانی ئەم باڵیۆزە تایبەتە، گۆڕانکاری لە عێراق و لە ناوچەکەشدا دێنێتە ئاراوە، چونکە بە بڕوا بەخۆبوونێکی زۆر و بە ڕژدیشەوە خاڵە گرنگەکانی خۆیی خستنە ڕوو و پێشدەچێت سوور بێت لەسەر جێبەجێکردنیان."

بەشێک لە لێدوانەکانی ئەم دیپلۆماتە دێرینەی ئەمەریکا، بریتی بوو لە جەختکردنەوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لەڕووی ئابورییەوە و هەروەهاش پاراستنی سەربەخۆیی کەرتی وزە، بە ئەندازەیەک کە لەژێر هەژموونی ئێراندا دەربهێنرێن و دەشڵێت "ڕێگە نادەین ئێران گازی سروشتی وەک چەکێک بەکاربهێنێت دژ بە عێراق."

"واشنتۆن هیچ نیازێکی نییە هێزەکان بکشێنێتەوە وەک بەرسڤێک بۆ داوای ئەو هێزە شیعانەی هەژموونێکی زۆریان هەن لە حکومەتەکەی موحەمەد شییاع ئەلسودانیدا." ئەم لێدوانەی باڵیۆز ترەیسی، هێندەی تر لایەنگرانی ئێرانی لە عێراقدا وروژاند و کاردانەوەکانیش گەیشتنە ئەو ئاستەی داوا لە حکومەتی عێراق بکەن تا وەک باڵیۆزێکی نوێی ئەمەریکا پەسەند نەکرێت.

بەڕێز ئەلشەرع، نکوڵی ناکات لەوەی زۆرینەی ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدان وەک دەڵێت "قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە و دەشێت زەمینەیەکی ڕەخساو بێت بۆ ڕێککەوتنەکانی وەک سەودای سەدە و چارەسەری دوو دەوڵەتیی بۆ قەیرانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و دەستپێکی ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا و ئەمەش بەبێ هیچ گومانێک سەقامگیرییەکی جێگیری پێویست دەبێت؛ هەروەها پێموایە دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا بەو دەسەڵاتانەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی عێراق و لەوبڕوایەشدام لێکتێگەیشتنێکی ئاست بەرز دێتە ئاراوە لە نێوان باڵیۆزخانە و حکومەتی عێراق و هەروەهاش بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا."

کاردانەوەی حکومەتی عێراق

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی عێراق هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی نیشان نەداوە لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆز جاکبسن، بەتایبەتیش لەسەر هێزە میلیشیاییە عێراقییەکانی سەر بە ئێران.
کازم خوزەیر ئەلجوحەیشی، دەڵێت "میلیشیاکان و دەستە و تاقمەکان، بەرهەمێکی حکومەتن چونکە لە هەناوی ئەو لایەنانەوە هاتوون کە حکومەتیان پێکهێناوە و هەموو ئەو لایەنانەی حکومەتیان پێکهێناوە خاوەنی هێزی چەکدارن و ئەو هێزانەش ناونراون دەستە و تاقمەکان و حکومەتیش پشتیوانییان لێدەکات؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا حکومەت مەرایی ئەمەریکا دەکات و هەندێک جاریش هەوڵ دەدات بۆ هێورکردنەوە، وەک ئەوەی دوای کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی میلیشیاکان بینیمان و حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەبوو، تەنها ئەوەندە نەبێت کە سەرزەنشتکردنێکی ئاسایی ئەو کوشتنانەی کرد، وەک بڵێیت هەڵوێستێکی بێلایەنانەی هەڵبژارد لە نێوان میلیشیاکان و ئەمەریکادا."

لە ساڵی 2003وە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق بریتییە لە دەستێوەردانەکان و هەروەها هەژموونی ئێران لەو وڵاتەدا، ئەمە وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن ڕاستییەکە تەنانەت هەندێک لە لایەنە شیعەکانیش نکوڵی لێناکەن و بەشێکی تریشیان وەک دەڵێن عێراق سنورێکی درێژی هەیە لەگەڵ ئێراندا.