ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسایەک بۆ کڕینەوەی سزای زیندانی دەردەکات و بۆهەر ڕۆژێک 10 هەزار دیناری دیاریکردووە

ئەندامێکی لیژنەی یاسای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسایەک بۆ کڕینەوەی سزای زیندانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانە، 10 هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر ڕۆژێک دیاریکراوە، بەڵام سونەکان پێداگرن لەسەر هاتنە ئارای یاسایی لێبوردنی گشتی. یاسا ناسانیش دەڵێن،" پرۆژە یاسای کڕینی سزای زیندانی گرنگە و هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی تاوان، چونکە سزادراوان ئەو کات لە ترسی گیرفانیان بیر لە تاوان ناکەنەوە."

دارا سێکانیانی ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم پرۆژە یاسایە لە خولی پێشوو لە ساڵی 2019 ئامادەکراوە و گفتوگۆیەکی لەسەر کراوە و باسکراوە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە هەروەکو پێشنیار ماوەتەوە، لە دوایی دروستکردنی حکومەتەکەی سودانی باس لەوەکرا لێبوردنیکی گشتی دەربکرێت، بەتایبەتیش ئەمە داواکاری هەندێک لایەنی عێراقییە."

ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە وردەکاری زۆری تێدایە، بەڵام ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە تەنها زیندانیانی تاوانە سوکەکان ئەوانەی سزاکانیان کەمترە لە سێ ساڵ دەتوانن بۆ هەر ڕۆژە و بڕی 10 هەزار دیناری عێراقی بدەن بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەریان، ئامانج لە پرۆژە یاساکە بەمەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکانی سەر حکومەتە و لەلایەکی دی کەمکردنەوەی فشاری سەر زیندانەکانە.

یادگار عەدالەت، پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" 100% من پشتگیری ئەو یاسایە دەکەم کە دەربچێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە وا دەکات ڕێژەی تاوان کەمبێتەوە، نەک بە زیندانیکردن هەوڵی کەمکردنەوەی تاوانەکان بدرێت، چونکە یاسایەکی سەردەمیانەیە و سزادراوان لە ترسی گیرفانیان جارێکی تر پەنا بۆ تاوان نابەنەوە."

ئەو پارێزەری ڕاوێژکارە وتیشی،" لە زیندانەکانی عێراق، سەدان زیندانی بوونیان هەیە و دۆخیان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو جۆرە زیندانییەک تێکەڵ بەیەک کراون، سزادراوی وا هەیە تاوانەکەی بەو جۆرە نییە تێکەڵ بە سزادراوانی مادەی هۆشبەر و تاوانی کوشتن بکرێت کە چی تیکەڵکراوە."

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی دادی عێراق، تا کۆتایی ساڵی 2023 زیاتر لە 65 هەزار زیندانی لە زیندانەکانی عێراقدان.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی عێراقی بۆ دێکۆمێنتکردنی تاوانەکان، باسی لەوەکردووە دەیان هەزار سزادراو لە ژینگەیەکی ناخۆشی نا مرۆڤایەتی لە زیندانەکاندان و لە ڕەوشێکی خراپدان و ڕێژەیان لەچاو ساڵانی پێشووتر لە 300% زیادیکردووە.

هەرچەندە ئامانج لەم پرۆژە یاسایە کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانە، بەڵام هەندێک پێیان وایە کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ داهاتوو.

سابیر عەبدوڵڵا، چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پرۆژە یاساکە گەرچی بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەر بەندینخانەکانی عێراقە و کەمکردنەوەی تێچووی زیندانییەکانە، لە هەمانکاتدا ئازادکردنی سزادراو بە پێبژاردنی پارە، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ڕێژەی تاوانەکان."

بەڵام دەشلێت " کەسی سزادراو گەر هاتوو بە پارە توانی لە زیندان ڕزگاری بێت، ئەوە گوێی لێنابێت و جارێکی تر ڕەنگە تاوانی دیکە ئەنجام بداتەوە، بۆیە پرۆژەکە بە باش نازانم، چونکە کاریگەریەکانی بە یەک ساڵ و دوان دەرناکەون."

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند،"پرۆژە یاساکە وا بەئاسانی تێناپەڕێت و لایەنە سونەکان لەگەڵ لێبوردەی گشتیدان، ئەم یاسایە بۆ ئەوانەیە کە سزاکانیان سوکە و لە سێ ساڵ کەمترە، بەڵام سزادراوانی تیرۆر و مادەی هۆشبەر و کوشتن و گەندەڵی ناگرێتەوە."

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، پرۆژە یاساکە دراوە بە حکومەتی پێشوو و ئێستای عێراق و لێی ئاگادارن، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیانە لە نێو زیندانییەکانە، سەرباری نیگەرانییەکانی بەشێک لە شەقامی عێراقی لە پرۆژە یاساکە، بەڵام چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ باس لەوەدەکەن ئەم پرۆژە یاسایە گەر بکرێت بەیاسا ئەوە ڕێگر دەبێت لە بازرگانیکردنیش لە نێو زیندانەکان.

یادگار عەدالەت پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڵی ڕاستە بازرگانی گەورە لە نێو زیندانەکاندا هەیە و من خاوەنی ئەو قسەیەی خۆمم کە لایەنی پەیوەندیدار لێی ئاگادارە و بێدەنگە لێی، بۆنموونە هێزە ئەمنییەکان مۆبایل دەدەنە دەستی زیندانییەکان تا لەگەڵ کەسوکاریان قسە بکەن، بۆ هەر خولەکێک بڕی پێنج هەزار دیناریان لێ وەردەگرن، لەگەڵ چەندین بازرگانی دیکە."