فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی دواین زانیاریەكان لەسەرقوربانیەكانی بەلەمە ژێر ئاوكەوتووەكەی كەناراوەكانی ئیتالیا ئاشكرا دەكات و دەڵێت 35 هاووڵاتی تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە و پرۆسەی پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی بەشێك لە قوربانیەكان بەردەوامە و هۆشداریش دەداداتە كۆچبەرانی نایاسایی.
ڕۆژی دوو شەممە 17ی مانگی 6ی 2024 یەختێكی پەنابەران لە ئاوی نێوان یۆنان بۆ ئیتاڵیا نوقم بوو، کە 76 هاووڵاتی هەڵگرتبوو، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان لەو ژمارەیە 35 هاووڵاتیان گیانیان لەدەستداو تەرمەكانیانیا دۆزراونەتەوە و تەنها 11 كەسیان ڕزگاریان بووە.
عیرفان كەریم ئەندامی سکرتارییەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " تا ئێستا 35 تەرمی قوربانیەكان دۆزراونەتەوە كە 12 تەرمیان كوردی باشور و ڕۆژهەڵاتن و كەسوكاریان هەندێكیان پشكنینی دی ئێن ئەی خۆیان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی وڵاتەكانەوە ناردوە و هەندێكیشیان خۆیان هاتوون بۆ ئەنجامدانی پشكنین،پرۆسەكەش كاتی دەوێت بۆ ناسینەوەی تەرمەكان."
عیرفان كەریم وتیشی، " ئەو شوێنەی كە ڕوداوەكەی تێدا ڕویداوە نزیكەی 120 میلە و زۆر فراوانە، پۆلیسی ئیتاڵیا بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ بریندارەكان و بەدواداچوون بۆ تەرمی دیكە، حكومەتی ئیتاڵیا، بە ئاشكرا دژایەتی پەنابەران دەكات و پشتگیری یەكێتی ئەوروپای وەرگرتووە تا ڕێگە نەدەن پەنابەران بێن و ڕێگەش بەو كەسە خۆبەخشانە نادەن كە بەخۆبەخشی بەدەم پەنابەرانەوە دەڕۆن بۆ هاوكاری كردنیان."
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان JCC کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات 21 کەس لەوانەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بێسەروشوێن بوون، کوردی هەرێمن و 9 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن و 11یان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، کەسێکیشیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
مەسرور بەرزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان،فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپاردووە بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی قوربانیەكان.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR دەڵێت، کۆی گشتی ئەوکەسانەی بەهۆی نائارامی و پشێوی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئاینیەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربوون تا کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتوەتە 117ملیۆن و 300 هەزار کەس هەروەها بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراویش لە ماوەی 4 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی ئاوارەبون و پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندبوو.
بەشێك لە چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ كۆچی هاووڵاتیان بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی بۆ نەبوونی كار و خراپی دۆخی دارایی دەگێڕنەوە .
ئاریان حامید مامۆستای زانكۆی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"هەرچەندە پرۆسەی كۆچكردن ئاساییە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، دەرئەنجامی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیە، كە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، كاتێك گەنج هەست دەكات،خەونەكەی لە ئەوروپا بەدی دێت گوێی بە چۆنیەتی گەیشتنی نادات."
بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا لە 1/1/2024 تا 6/6/2024 ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسنورە ووشکانی و ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکراون بریتیە لە 95هەزارو 827 پەنابەر. ژمارەی دەستگیرکراوانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو ژمارەیە بریتیە لە 3هەزارو 255 پەنابەر.
بە گوێرەی ئامارەكانی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی لە شەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵەوە دەڵێن، 2 هەزار56 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە،هۆشداریش دەدەن بەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشێوەی نایاسایی و لە هەمان ڕێگەوە خۆیان بگەیەنە ئەوروپا.
عیرفان كەریم ئەندامی سکرتارییەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریكا ڕونكردەوە،"بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا دژی پەنابەران هەنگاو دەنێنن وهەماهەنگی هەیە لەسەر ناردنەوەی پەنابەران لە ساڵی 2026 بۆ ئەو وڵاتانەی كە لێیانەوە هاتوون یان بۆ كەمپ و شوێنی دیاریكراو لە باشوری ئەفریقا و مەغریب كە كەمپی گەورەیان بۆ بكەنەوە،مافی پەنابەریش توندتر بكرێت."
لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا "فەرمانگەی كۆچی توركیا ئامارێكی بلاوكردوەتەوە و دەڵێت، لە 165 خاڵی پشكنینی كۆچی نایاسایی ، كە 75 خاڵیان لە ئەستەنبوڵن،پشكنینیان بۆ ناسنامەی 21 هەزار و 396 كەس کردووە و881 كۆچبەری نایاسایان دەستگیركردووە.