لە ئەمەریکا پیاوان زیاتر لە دووهێندەی ژنان پارە بۆ خانەنشینی خۆیان پاشەکەوت دەکەن

بەپێی ڕاپرسییەکی پرۆدێنشڵ فاینانشڵ کە ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، ژنان لە ئەمەریکا تەنها یەک لەسەر سێی ئەو بڕە پارەیەیان پاشەکەوت کردووە کە پیاوان بۆ خانەنشینی خۆیان تەرخانیان کردووە، ئەمەش ڕەنگە قەیرانێکی لەنێو خانەنشینانی ژناندا دروست بکات.

بە پێی ڕاپرسییەکە بە شێوەیەکی گشتی پیاوان 107 هەزار دۆلاریان بۆ خانەنشینی پاشەکەوت کردووە، لەکاتێکدا ژنان تەنها 50 هەزار دۆلاریان تەرخان کردووە. 905 کەسی پێگەیشتووی تەمەن 55 بۆ 75 ساڵ بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە.

کارۆلین فینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Prudential's U.S. Businesses لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "داهاتووی دارایی هەندێک لە بەشداربووان، بە تایبەتی ژنان ناجێگیرە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژنان پاشەکەوتنکردن بۆ داهاتوویان زۆر قورسترە بە بەراورد لەگەڵ پیاوان." هەروەها دەڵشڵێت هەڵاوسان و نرخی خانووبەرە و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی باج هۆکاری سەرەکین.

بە بەراورد لەگەڵ ئەو پیاوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ژنان سێ هێندە زیاتر سەرنجیان لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان و منداڵەکانیان بووە نەک پاشەکەوتکردن بۆ داهاتوویان.

ڕاپرسییەکە دەریخستووە لە کۆی بەشداربووان، 46%ی پیاوان ڕایانگەیاندووە کە چاوەڕێی خانەنشینی دەکەن و پلانی زیاتریان هەیە، بە بەراورد لەگەڵ 27%ی ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، پرۆدێنشڵ فاینانشڵ