بەرپرسانی تەندروستی غەززە ڕایانگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە، خوشکی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و لانیکەم 24 فەلەستینی کوژراون.
بەرپرسانی غەززە دەڵێن هێزەکانی ئیسرائیل سێ هێرشی قورسی ئاسمانییان ئەنجامداوە کە دوو لە هێرشەکان بۆ سەر دوو قوتابخانەی شاری غەززە بوون و تێیدا لانیکەم 14 کەس گیانیان لەدەستداوە. هێرشێکی دیکە لە ماڵێکی داوە لە کەمپی شاتی کە یەکێکە لە هەشت کەمپی مێژوویی پەنابەرانی کەرتی غەززە و تێیدا 10 کەسی دیکە کوژران.
بەرپرسان دەڵێن خانووەکە لە کەمپی شاتی هی بنەماڵەی هەنییە بووە و یەکێک لە خوشکەکانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسوکاری دیکەشی تێیدا کوژراون.
هەنییە کە سەرکردایەتی دیپلۆماسیەتی حەماس دەکات و کەسێکی سەرەکی ئەو گروپەیە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، لەوانە سێ کوڕ و چوار لە نەوەکانی.
ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هێزە سەربازییەکانی هێرشیان کردووەتە سەر دوو بینای "تیرۆریستانی حەماس لە شاتی و توفاح لە باکووری کەرتی غەززە" و دەڵێت "تیرۆریستان لەناو قوتابخانەکاندا چالاکیان کردووە کە لەلایەن حەماسەوە وەک قەڵغانێک بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی بەکارهێنراون".
حەماس ڕەتیدەکاتەوە کە دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت. ئەو گرووپە هێرشەکانی سەر دوو قوتابخانەکە و ماڵەکەی کەمپی شاتییان بە "کۆمەڵکوژی" وەسف کردووە.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز