وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەسەر ناشتنی کۆرپەلەی لەبارچوو هاتە دەنگ و دەوترێت پزیشکێک دەستگیرکراوە

دەنگۆی ناشتنی دەیان کۆرپەلەی لەبارچوو لە گۆڕستانێکی هەولێر داواکاری گشتی و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەهێنێتە سەرخەت و دەڵێن گەیشتوون بە دەرئەنجام و دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران، وە بەم نزیکانەش دەرئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا عەقیدێکی پۆلیس لە نێو گۆڕستانێکی هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆر کۆرپەلەی لەبارچوو ڕۆژانە لە ناو بوتڵی شوشە و لە لایە کەسێکەوە لە گۆڕستانێکی شاری هەولێر ژێرخاکدەکرێن.

عەقیدی پۆلیس کاروان خۆشناو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئاگادارکرامەوە بەبوونی حاڵەتێکی نامۆ لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد بەرامبەر منارە، کە چوومە ئەوێ دیمەنەکان تووشی شۆکیان کردم و هەر کە خاکەنازێکت لە ئەرزەکە دەدا، کۆمەڵێک کۆرپەلەی لە بارچوو لەنێو شووشە دەهاتنە دەرەوە، دەستبەجێ پەیوەندیم بە وەزارەتی تەندروستیەوە کرد و پێمگوتن، ئایە لە بارچوونی کۆرپەلە دەکرێت خەڵک بینێژێت؟ ئەوان گوتیان نەخێر لەلایەن پزیشکی دادەوە هەڵدەستن بەو کارە."

وتیشی، "ژمارەی کۆرپەلەکان یەکجار زۆربوون، ئەو شایەتحاڵانەی کە بەمنیان ڕاگەیاند دەیان گوت ڕۆژانە لە نێوان 15 تا 20 کۆرپەلەی لەبارچوو کە لەنێو شوشە بوون، شۆفێری تەکسییەک ئۆتۆمبیلەکەی ڕادەگرت و شووشەکانی لە نێو کارتۆنە مۆزێک دەهێنا و ژێرخاکی دەکردن."

ئەو عەقیدی پۆلیسە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شایەتحاڵەکان زانیارییان لەسەر ڕووداوەکە هەبووە و بە دەزگا ئەمنیەکانیان ڕاگەیاندووە.

بەپێی زانیاریەکان تاقیگەکە ناسراوەتەوە و پزیشکێک لەسەر ڕووداوەکە دەستیگرکراوە، بەڵام ڕووننییە ئایە ئەم کۆرپەلانە لەبارچوون یاخود لەباربراون و هۆکاری ژێرخاککردنیان چییە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی شەشی 2024، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بەدواداچوون دەکات لەسەر "ڕاستی و دروستی و هۆکار و ئاستی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە دیاردەی لەبارچوونی کۆرپە و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا."

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەدەرەنجامەکان.

هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی پۆلیسی هەولێر و وەزارتی تەندروستی بێئەنجام بوون

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال