ئەکسیۆس باس لە رێککەوتنی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە ئێران

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی و ئەمەریکایی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل و ئەمەریکا لەسەر دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە ئێران لە مانگی حەوت ڕێککەوتوون.

ئەو کۆبوونەوە ستراتیژییە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن کۆشکی سپییەوە هەڵوەشێنرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڕیوبەرایەتی بایدنی تۆمەتبارکرد بە نەناردنی چەک بۆ ئیسرائیل.

ئەکسیۆس ڕۆژی سێشەممە، 25ی مانگی شەش بڵاویکردەوە کە پێنج بەرپرسی ئیسرائیلی و ئەمەریکایی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کۆبوونەوەکە بڕیارە بەڕێوەبچێت و نووسیوێتی نیگەرانییەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زیادی کردووە و سەرکردەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کە ڕەنگە ئەم کارەی ئێران بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، تۆمەتێک کە بەرپرسانی ئێران بەردەوام ڕەتیان کردۆتەوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس هەروەها باسی لە گرووپی ڕاوێژکاری ستراتیجی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکای کردووە کە لە ساڵی 2009 لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا پێکهێنرا و ئامانجیشیان ڕاوێژکردنی دوو ولاتەکە بوو سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، ئەم گروپە بە سەرپەرشتی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بەڕێوەدەبرێت و لە نوێنەرانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی هەردوو وڵاتەکە پێکدێت.

ئەکسیۆس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکاری و ستراتیجییە لە مانگی سێی ساڵی 2023ەوە بەڕێوەنەچووە و بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

بڕیار بوو ئەم کۆبوونەوە ستراتیجییە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی مانگی شەش بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی نەتانیاهۆ کە تێیدا بەڕێوبەرایەتی بایدنی تۆمەتبار کردبوو بە ڕاگرتنی گەیاندنی چەکی ئەمەریکایی بۆ ئیسرائیل، کۆشکی سپی دانیشتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

جان کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گرتەی ڤیدیۆیی نەتانیاهۆ زۆر نائومێدکەر و ئازاربەخش بووە و ئەمەریکاش نیگەرانییەکانی خۆی لەو بارەوە بە حکومەتی ئیسرائیل گەیاندووە.

ئێستا بە پێی هەواڵەکەی ئەکسیۆس ، ئەمەریکا و ئیسرائیل ناکۆکیەکانیان وەلا ناوە و لەسەر درێژەی کۆبوونەوەی ستراتیژی سەبارەت بە ئێران ڕێککەوتوون.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمەریکا بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە وادەی وردی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی حەوت ئەنجام بدرێت، ئەمەش پێش وتارەکەی نەتانیاهۆ کە بڕیارە لە 24ی مانگی حەوت بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکای پێشکەش بکات.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، بڕیارە شاندێکی باڵای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی تزاخی هانگبی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل بچنە واشنتن بۆ بەشداریکردن لەم دانوستانانە، بەڵام کۆشکی سپی ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات.